Accessibility links

ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ڕەفەح


سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە، ئەمەش بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی حەماس ڕایگەیاند بە ئاگربەستێک ڕازی بووە کە پێشنیار کراوە بۆ ڕاگرتنی جەنگەکەی لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی پێشنیاری ئاگربەستەکە " زۆر دوورە لە داوا سەرەکییەکانی ئیسڕائیلەوە "، بەڵام ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لە ناردنی دانوستکاران بۆ گفتوگۆکانی ئاگربەست لە قاهیرە.

هاوکات ئەمەریکا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد ڕێککەوتنێک بکەن. دانوستکاران لە میسڕ لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕەکە بۆ ماوەیەکی کاتی و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە ماونەتەوە و لەلایەن حەماسەوە گیراون.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی " دەمانەوێت بارمتەکان ئازاد بکرێن. دەمانەوێت ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی واژۆ بکرێت. دەمانەوێت یارمەتییە مرۆییەکان زیاتر بکرێن و دوایین شت بمەوێ بیکەم ئەوەیە لەم سەکۆیەدا شتێک بڵێم کە پڕۆسەکە بخاتە مەترسییەوە. وەکو پێشتر وتوومانە، هێشتا باوەڕمان بەوەیە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن باشترین دەرەنجامە، نەک تەنها بۆ بارمتەکان، بەڵکو بۆ گەلی فەلەستینیش."

هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە کە " لە ئێستادا هێرشی ئاسمانی دژی ئامانجەکانی تیرۆریستانی حەماس ئەنجام دەدەن لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح."

ئۆفیسەکەی نەتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی " کابینەی جەنگەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریداوە ئیسڕائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕەفەح و فشارکردنە سەر حەماس لە پێناو بەرەوپێشچوونی ئازادکردنی بارمتەکانمان و ئامانجەکانی دیکە لە جەنگەکەدا."

کێربی وتی " گرنگ نیە موشەک بێت یان ڕۆکێت، ئەو شتانەی کە خەڵکی سڤیل دەکوژن باش نین. دووبارەش دەیڵێمەوە کە سەرۆک ڕوونی کردووەتەوە کە ئێمە نامانەوێت ببینین ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕەفەح ژیانی یەک ملیۆن و نیو هاووڵاتی بخەنە مەترسییەوە."

کۆشکی سپی وتی بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ نەتانیاهو " جەختی لە هەڵوێستە ڕوونەکەی خۆی کردووەتەوە لەسەر ڕەفەح ". هەروەها وتی نەتانیاهو ڕێککەوتووە لەسەر ئەوەی " دڵنیا ببێتەوە لەوەی خاڵی سنووری کەریم شالۆمی ئیسڕائیل بە ڕووی یارمەتییە مرۆییەکاندا بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستییانە بە کراوەیی بمێنێتەوە."

هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە پاش ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی مانگی 10 حەماس هێرشێکی بێپێشینەی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 1200 کەس کوژران و نزیکەی 300 کەسیش بە بەرامتە گیران، کە هێشتا چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 100 کەس لە ژێر دەستی حەماسدا مابن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG