Accessibility links

پەرلەمانی عێراق سێشەممە دەستبەکاردەبێتەوە


بڕیارە سبەی سێشەممە پەرلەمانی عێراق دەسـتبکاتەوە بە کارەکانی خۆی، ئەمەش پاش چەندان هەفتە لە ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان کە بە هەڵکوتانی خەڵکی خۆپیشاندەر بۆ سەر بینای پەرلەمان کۆتایی‌هات.

شەوی یەکشەممە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیانـنامەیەکی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە کارەکانی پەرلەمان دەسـتپـێدەکەنەوە، بۆیە داوا لە پەرلەمانتاران دەکات لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن. باسی لەوەش کرد کە بڕیار لەسەر وادەی دانیشتنی گشتی پەرلەمان دەدرێت، هەر کاتێـک پـێداویستیـیە تەکنیکیـیەکانی بینای پەرلەمان چاککرانەوە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 30 ی مانگی چوار، کاتێـک بە هەزاران کەس خۆیان بە بینای پەرلەماندا کرد، هێرش کرایە سەر ژمارەیەک پەرلەمانتار و هەروەها زیانێـکی ماددی زۆریش بەر بەشەکانی بیناکە کەوتن.

هاوکات ئەو نزیکەی 100 پەرلەمانتارەی سێ هەفتە لەمەوبەر مانیانگرتبوو و بەخۆیان دەڵێن بەرەی ئیسلاح ، ئێستا دەڵێن بەنیازن بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە بکەن.

ڕادیۆ سەوا لە زاری کازم ئەلشمەری ئەندامی بەرەی ئەلئیسلاح بڵاویکردەوە کە گوتویەتی ئەندامانی بەرەکەیان ئامادەی کۆبوونەوەکە نابن و دەنگ لەسەر هیچ کابینەیەکی حکومەت نادەن هەتا بڕیار دادگای فیدراڵی دەرنەچێت.

XS
SM
MD
LG