Accessibility links

کاربەدەسـتانی لەشکری: داعش 5 کەسی لە ناو شارۆچکەی ڕوتبەی ڕۆژئاوای عێراق گولـلەبارانکردووە


کاربەدەسـتانی لەشکری عێراق دەڵێن داعش 5 کەسی گولـلەبارانکردووە لە شارۆچکەی ڕوتبەی پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لەوانە چەند کەسێـکیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایش بوون.

ئەفسەرێـکی لەشکری عێراق بە پلەی عەقید ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند، چەکدارانی داعش کە بەرەبەیانی یەکشەممە هێرشیان کردە سەر ڕوتبە کۆنترۆڵی هەردوو ناوچەی میساق و ئینتساری ناوەندی شارۆچکەکەیان کرد و کەوتنە دەسـتگیرکردنی خەڵکی و 5 کەس لە دەسـتگیرکراوەکانیان گولـلەبارانکرد.

هەروەها چەکدارانی داعش دەسـتیانگرت بەسەر بینای قایمقامیـیەتی شارۆچکەکە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش پاش ماوەیەکی کورت کۆنترۆڵیانکردەوە.

هەروەها لیوا ڕوکن ئیسماعیل ئەلمەحلاوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بۆ فڕانس پـرێسی پشـتڕاستکردەوە داعش خەڵکی لە ڕوتبە گولـلەبارانکردووە. گوتیشی هێزیان لە فیرقەی هەشت و فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار ڕەوانەکردووە تاوەکو ناوچەکانی شارۆچکەکە ڕزگاربکەن، ئەوانەی چەکدارانی داعش دەسـتیان بەسەرداگرتوون.

جێی ئاماژەیە ئەم هێرشە پاش دوو ڕۆژ بوو لەوەی ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر شاری کەرکوک. چاودێران دەڵێن داعش ئامانجی لەم دوو هێرشە لابردنی سەرنجەکانە لەسەر ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ و کەمکردنی فشارەکانە لەسەر چەکدارەکانی لەوێ کە لە ئێستادا کەوتوونەتە بەر شاڵاوی هێزەکانی پـێشمەرگە و لەشکری عێراق.

XS
SM
MD
LG