Accessibility links

دوای هێرشەکانی داعش، کڵێسایەکی عێراق هیوا دەدات بە کریستییانەکان


کریستیانەکانی عێراق بە دروشم و بانگەوازەوە ڕۆژی هەینی ئاهەنگییان گێڕا بە بۆنەی دووبارە کرانەوەی کڵێسای کاثۆلیکی کلدانی لە موسڵ کە لەمدواییانەدا نۆژەنکرایەوە، ئەمەش ساڵانێک دوای ئەوەی چەکدارانی داعش کڵێساکەیان کرد بە بە ئۆفیسێکی پۆلیسی ئایینی.

دوای ئەوەی بە تەواوەتی نۆژەنکرایەوە، نزیکەی 300 باوەڕدار ئامادە بوون لە کڵێسای ئوم ئەلماونا کە 80 ساڵ تەمەنییەتی. نوێژییان کرد و وێنەی کڵێساکەیان گرت.

ئیلهام عەبدوڵای تەمەن 74 ساڵ کە پێشتر بەڕێوبەری قوتابخانەیەک بووە، وتی " من چاوەڕێی ئەم ڕۆژە بووم."

وتی " هیوادارین خێزانە کریستییانەکان بگەڕێنەوە و ژیانیش لە موسڵ وەکو پێشتری لێبێتەوە." موسڵ ماڵی یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵگە کریستیانەکانە لە جیهاندا.

موسڵی دووەم گەورەترین شاری عێراق، لە ڕووی کلتورییەوە لە مێژوودا یەکێکە لە هەمەچەشنترین شار لە جیهانی عەرەبیدا، شارێک کە مزگەوت و کڵێسا و مەزارگە و گۆڕەکانی تێدایە.

بەڵام لە ساڵی 2014 دا کاتێک ڕێکخراوی داعش لە عێراقدا سەریهەڵدا، خەلافەتەکەیان لە موسڵ ڕاگەیاند، کارە دڕندانەکانیشی سەدان هەزاران هاووڵاتی کریستیانی شارەکەی ناچار کرد هەڵبێن.

لە دیواری دەرەوەی کڵێسای ئوم ئەلماونادا، چەکدارانی داعش لەسەر دیوارەکە نوسیویانە " لەسەر فەرمانی یەکەی حسێبە ' پۆلیسی ئایینی ' دەوڵەتی ئیسلامی چوونە ژوورەوە قەدەغەیە." ئەرکی ئەو جۆرە پۆلیسە سەپاندنی یاسای توند بووە، لەوانەش فەرمانکردن بە کریستییانەکان بۆ گۆڕینی دینەکەیان بۆ ئیسلام، پێدانی باجێکی تایبەت، بە جێهێشتنی شارەکە یاخود لە سێدارەدان.

عەبدلمەسیح سەلیمی تەمەن 75 ساڵ کە لە کاتی فەرمانڕەوایی داعشدا شارەکەی جێهێشتووە و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە، وتی " هەست دەکەم گەڕێندراومەتەوە بۆ ژیان."

لە ماوەی دەسەڵاتی داعشدا سەرجەم نیشانە ئایینیەکانی کریستییانەکان لابرابوون، هیچ پەیکەرێکی مریەمی پیرۆز یاخود خاچی عیسا ڕزگارییان نەبوو.

بەڵام ئەمڕۆ کڵێساکە وەکو خۆی دروست کراوەتەوە، لە موسڵ چەند کڵێسا و پەرستگایەکی دیکەش نۆژەنکراونەتەوە، بەڵام دووبارە دروستکردنەوەیان خاوە و زۆرێک لە کریستیانەکانیش تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە.

لە ساڵی 2021 دا پاپا فرانسیس لە سەردانێکی مێژوویدا سەردانی موسڵی کرد و ئامانج لە سەردانەکەشی هاندانی کریستیانەکان بوو.

کلدانییەکان کە زۆرینەن لە کریستیانەکانی عێراقدا، پێش جەنگی ساڵی 2003 و دوورخستنەوەی سەدام حوسەین زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوون، بەڵام کۆمەڵگەکە لەو کاتەوە کەمبوونەتەوە بۆ 400,000 کەس، ئەوەش بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG