Accessibility links

داعش دەیەوێت بە 1800 چەکدارەوە پەلامارى کەرکوک بدات


بەپێى راپۆرتێکى هەواڵگیرى عێراقى کە ئاڕاستەى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق کراوە ، داعش دەیەوێت مانگى داهاتوو بە 1800 چەکدارەوە پەلامارى شارى کەرکوک بدات.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێش شەڕى موسڵ قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک 300 چەکدارى تێدا بوو، بەڵام ئێستا 2000 چەکدارى تێدایە."

هۆشیار عەبدوڵا ، ئاماژەى بەوەشکرد کە ژمارەى ئەو چەکدارانەى پێشتر هێرشیانکردە سەر کەرکوک و دزەیانکردە نێو شارەکە 163 بۆ 169 چەکداربوون ، وتى"داعش دەیەوێت ئەمجارە بە 1800 چەکدارەوە و لەمانگى داهاتوودا لەقۆڵى مەریەم بەگەوە هێرش بکات ، ئەوەش بەپێى ئەو راپۆرتەى گەیشتوەتە لیژنەکەمان."

ئامانجى سەرەکى داعش لە پیلان دانان بۆ پەلاماردانى شارى کەرکوک ، کەمکردنەوەى فشارەکانى سەر موسڵە کە ئێستا لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە بەشێکى ئەو شارە کۆنترۆڵکراوە.

سەبارەت بەچۆنیەتى خۆگەیاندنى ئەو 2000 چەکدارە بۆ ناو حەویجە لەکاتێکدا پەیوەندى ئەو شارە بە موسڵەوە بچرێنراوە، هۆشیار عەبدوڵا وتى"بۆشاییەکى 4 کیلۆمەترى هەبووە بەشێکى زۆرى ئەو چەکدارانە لەو بۆشاییەوە خۆیان گەیاندوەتە حەویجە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، هێزى پێشمەرگەش لەتەواوى ناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوک لە حاڵەتى ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچ دانەوەى هەر هێرشێکى داعش.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوک وتى"پێشمەرگە هەموو ساتێک لەئامادەباشیدایە بۆ بەرەنگاربونەوەى داعش."

قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک کە نزیکترین ناوچەى ژێر دەسەڵاتى داعشە لەکەرکوکەوە، بریاربوو پێشمەرگە و حەشد و هێزە عێراقیەکان پێکەوە هێرش بکەنە سەرى بەڵام بەهۆى رێک نەکەوتنیان هێرشەکە دواخرا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:34 0:00

XS
SM
MD
LG