Accessibility links

ئەو پەرلەمانتارانەى ئیمزایان بۆ سەندنەوەى متمانە لە پارێزگارى کەرکوک کۆکردەوە وازیان لە داواکەیان هێناوە


هەرچەندە لەچەند هەفتەى رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتارى تورکمان و عەرەب ژمارەیەک ئیمزایان بۆ سەندنەوەى متمانە لەپارێزگارى کەرکوک و ئەنجومەنى پارێزگا لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان کۆکردەوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانى عێراق ئەو مەسەلەى نەخستوەتە دەنگدانەوە.

محەمەد عوسمان یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لەپەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو پەرلەمانتارانەى ئیمزاکانیان کۆکردەوە بۆ سەندنەوەى متمانە لەپارێزگار و ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بێدەنگ بوون و لەسەر مەسەلە نەرۆیشتن."

بریارەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان سەربارى کاردانەوەى وڵاتانى ئیقلیمى ، هاوکات لایەنە عێراقیەکانیشى بەشێوەیەک توڕەکرد کەخودى عەبادى داواى داگرتنى ئاڵاى کوردستان ى لەپارێزگار کرد ، پەرلەمانتارانیش ئیمزایان بۆ سەندنەوەى متمانە لە پارێزگار و ئەنجومەنى پارێزگا کرد.

محەمەد عوسمان ، رونیکردەوە تورکیا لەگەڵ هێورکردنەوەى ئەو بارگرژیانەدا بووە کەلەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان دروستبوو، پێدەچێت هۆکارى وازهێنانى ئەو پەرلەمانتارانەش کە ئیمزاکانیان کۆکردەوە بۆ ئەو هەڵوێستەى تورکیا بگەرێتەوە.

دەنگى ئەمەریکا چەند جارێک هەوڵیدا پەیوەندى بەنیازى میعمارى ئۆغڵۆ پەرلەمانتارى تورکمانیەوە بکات، بەڵام وەڵامى پەیوەندیەکانى نەدایەوە.

هەرچەندە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بریارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانى لەسەر سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان دەرکردکە ژمارەیان 63 فەرمانگەیە، بەڵام تائێستا ئاڵا بەرەسمى تەنها لەسەر بیناى پارێزگا و ئەنجومەنى پارێزگا هەڵکردووە.

ئازاد جەبارى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"زۆربەى فەرمانگەکان خۆیان ئاڵایان هەڵکردووە، بۆ ئەوانیتریش بریارى پارێزگار لەرێگەى لیژنەیەکەوە ئاڵایان بۆ دابین بکات."

دواى بریارى ئیدارەى کەرکوک بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر بینا حکومیەکان ، ئەنجومەنى پارێزگا داواى ئەنجامدانى ریفراندۆمیشى لەحکومەتى عێراق کرد کە دواقۆناغى جێبەجێکردنى مادەى سەدوچلە بەڵام تائێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکى بۆ ئەو مەبەستە نەناوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:32 0:00

XS
SM
MD
LG