Accessibility links

عێراق دوو تیرۆریستی داواکراوی داعش دەستگیر دەکات


دەزگای هەواڵگری عێراق دەڵێت بەرپرسانی عێراق دوو ئەندامی ڕێکخراوی داعشییان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەرەوەی وڵاتەکە دەستگیرکردووە و هێناوییاننەتەوە بۆ وڵاتەکە و دانییان بە تاوانەکانییاندا ناوە.

دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراق لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوە نەکرد دوو پیاوەکەی لە کوێ دەستگیر کردووە و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەست و چاوییان بەستراوە و لە فڕۆکەیەکی بچووکدان. دواتر بە جلوبەرگێکی زەردەوە دەرکەوتن و باسییان لە ڕۆڵی خۆیان دەکرد لە ناو داعشدا.

ڕاگەیاندنەکە لە کاتێکدایە کە عێراق و ئەمەریکا گفتوگۆ فەڕمییەکانییان دەستپێکردووە سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی دژی داعش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا. سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە لە توانایاندا هەیە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەکانی داعشدا بکەن لە وڵاتەکە و چیتر پێویست بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان ناکات.

نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکایی لە سەرانسەری عێراقدا هەن، بە زۆریی لە بنکە سەربازییەکانی بەغداد و باکووردان.

دەستگیرکراویی یەکەم ناوی عیسام عەبید عەلی سوەیدانە کە بە ئەبو زەید ناسراوە و بەرپرسی پڕوپاگەندەی داعش بووە لە شاری فەلوجەی ناوەڕاستی عێراق. لە ڤیدیۆکەدا سوەیدان باس لەوە دەکات چۆن سەری سەربازێکی عێراقی لە فەلوجە لێکردووەتەوە و ڤیدیۆی پڕوپاگەندەشی بۆ داعش دروست کردووە.

دەستگیرکراوی دووەم ناوی بەشیر عەبید عەلی سوەیدانە کە بە ئەبو ئەحمەد ناسراوە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی داعش بووە لە فەلوجە. وتی پێشتر لە زیندانی کامپ بوکای باشووری عێراق زیندانیکراوە کە ئەمەریکا بەڕێوەی بردووە. وتیشی بەرپرسی پاراستنی هێڵەکانی پەیوەندی بەرپرسانی داعش بووە.

وتی دوابەدوای هێرشەکانی حکومەتی عێراق دژی داعش، هەڵاتووە بۆ شارۆچکەی قائیم لە نزیک سنووری سوریا، هەتاوەکو 2017 لەوێ ماوەتەوە و دواتر لە عێراق هەڵاتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا بۆ کوێ ڕۆیشتووە.

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا لە مانگی هەشتدا وتییان سەرەڕای بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە تیرۆر، داعش هێشتا نزیکەی 5000 بۆ 7000 ئەندامی لە عێراق و سوریادا هەیە، زۆربەیان چەکدارن، بەڵام هێرشەکانی بە مەبەست کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی " کارئاسانی بکات بۆ دامەزراندن و دووبارە خۆڕێکخستنەوە."

سەرچاوە: ئەسۆشیەتید پرێس

XS
SM
MD
LG