Accessibility links

ئێران سزا بەسەر بەڕیتانیا و ئەمەریکادا دەسەپێنێت


لۆگۆی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکایی
لۆگۆی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکایی

ڕۆژی پێنجشەممە ئێران ڕایگەیاند سزا بەسەر چەندین کەس و لایەنی ئەمەریکایی و بەڕیتانیاییدا دەسەپێنێت، ئەوەش لەسەر پشتیوانیکردنی ئیسڕائیل لە جەنگەکەیدا دژی گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەپاندنی سزاکانی ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی سزاکان حەوت ئەمەریکایی دەگرنەوە، هەریەک لە جەنەڕاڵ بڕاین فێنتنی فەرماندەی سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمەریکا و ئەدمیڕاڵ بڕاد کوپەری فەرماندەی پێشووی کەشتیگەلی پێنجی هێزی دەریایی ئەمەریکای لە نێو ئەو کەسانەدان کە سزاکان دەیانگرێتەوە.

سزا سەپێندراوە بەسەر بەرپرس و لایەنە بەڕیتانیاییەکانیشدا، لەوانەش جێگری وەزیری بەرگری بەڕیتانیا گرانت شاپس و فەرماندەی سەرکردایەتی ستراتیژیی سوپای بەڕیتانیا جەیمس هۆکنهۆڵ و هێزی شاهانەی دەریایی بەڕیتانیا لە دەریای سوور.

هەروەها سزاکانی ئێران کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی وەکو لۆکهید مارتن و چێڤرۆنیش دەگرنەوە، هاوکات کۆمپانیا بەڕیتانیاییەکانی وەکو ئێلبیت سیستمز و پارکەر مێگیت و ڕافائیل یو کەیش سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

وەزارەتەکە وتی سزاکان بریتی دەبن لە " ڕێگریکردن لە هەژمار و حەواڵەکان لە سیستمە دارایی و بانکییەکانی ئێران، سڕکردنی ئەو سەرمایانەی کە لە سنووری ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدان، هەروەها ڕێگریکردن لە پێدانی ڤیزا و هاتنییان بۆ ئێران."

بەڵام کاریگەریی ئەم سزایانە لەسەر کەس و لایەنەکان یاخود لەسەر سەرمایەکانییان و مامەڵەکانییان لەگەڵ ئێراندا هێشتا ڕوون نیە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG