Accessibility links

شرۆڤەکاران هەڵسەنگاندن بۆ گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران دەکەن


سەرەڕای هێرشە ڕاستەوخۆ بێپێشینەکانی مانگی ڕابردووی بۆ سەر ئیسڕائیل، ئێران وریا بووە لەوەدا کە لە ئێستادا نەچێتە جەنگێکی بەرفراوانەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا. بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن لایەنە توندڕەوەکانی دیکەی ناو ئێران ڕەنگە لە داهاتوودا ئارەزووی ئەوە بکەن شتی زیاتر بکەن.

کەریم سادیقپووری ناوەندی کارنیج ئینداومێنتی ئاشتی نێودەوڵەتی لە سیمینارێکی لەمدواییانەدا وتی ئێران بڕیاریداوە خاوتر بجووڵێت لەسەر ئیسڕائیل، ئەوەش بەهۆی چەندین هۆکارەوە.

سادیقپوور پێی وایە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی کە لەم ساڵدا دەبێتە 85 ساڵ، " پابەندە بە پاراستنی ڕژێمەکەوە." بەڵام سادیقپوور گومانی لە توانای خامنەئی هەیە لە بەکارهێنانی هەموو هێزەکانیدا.

وتی " ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو هێرشە بێپێشینەیەی ئێران لە 13 ی مانگی چواردا لە خاکی ئێرانەوە بۆ سەر ئیسڕائیل ئەوەیە کە خامنەئی ئێستا ناتوانێت شتەکان بە وردی بەڕێوەببات بە بەراورد لەگەڵ پێنج بۆ 10 ساڵی ڕابردوودا. هەروەها ئەم هەموو فەرماندە توندڕەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەستنیشان کردووە کە ڕەنگە زۆر کەمتر لەو نەرێنی بن."

نیکۆلاس هیراسی ناوەندی هێڵە نوێیەکان بۆ ستراتیژی و سیاسەت بە دەنگی ئەمەریکای وت نە ئێران و نە ئیسڕائیل لەم کاتەدا فراوانبوونی ململانێی سەربازییان ناوێت.

هیراس وتی " ئەوە زۆر ڕوونە کە ئێران ویستی پەیامێکی جیهانی بنێرێت لەسەر ئەوەی کە ئامادەیە وەڵامی تەقەی ئیسڕائیل بداتەوە بە تەقە. بەڵام سەرکردایەتی ئێستای ئێران لە پێگەیەکدا نیە بۆ ئەوەی پەرە بە گرژییەکان بدات بۆ جەنگێکی بەرفراوان لەگەڵ ئیسڕائیلدا چونکە دەزانێت کە لەگەڵ ئەمەریکاشدا تێوەدەگلێت. بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بە ئاشکرا ڕوونی کردووەتەوە کە کاتێک باس لە جەنگ دەکرێت لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا ئەوا ئەمەریکا لە پاڵ ئیسڕائیلدا دەوەستێت."

لە مانگی چواردا ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەیەکی ئاسمانی گەورە و کارخانەیەکی ئەتۆمی لە ناوەڕاستی ئێراندا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە بێپێشینە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل.

ئێران وتی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو تۆڵەیەک بووە لە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی دوو جەنەڕاڵی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا ئەو هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و ڕەتیشی نەکردووەتەوە.

حەمیدڕەزا عەزیزی و ئەروین ڤان ڤینی توێژەر لە ناوەندی کلینجیندەیڵ لە هاگ لە نوسراوێکدا لەمدواییانەدا نوسیویانە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات " خۆی بە دووربگرێت لە شەڕکردن لە شەڕێکی ناوخۆ و دەرەکیدا لە هەمان کاتدا."

ئاماژەیان بە سەرکوتکارییەکەی ئێراندا دژی ئەو ژن و کچانەی کە ڕووبەڕووی یاسا توندەکانی باڵاپۆشی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە، هەروەها سەرکوتکردنی ئەو پیاوانەی کە پشتگیرییان لێدەکەن، ئەوەش دوابەدوای مەرگی ژینا ئەمینی و چالاکەوانەکانی دیکە لە ئێران. ئەمینی لە ساڵی 2022 لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی ئەوەی گوایە یاساکانی باڵاپۆشی پێشێل کردووە.

عەزیزی و ڤان ڤین دەڵێن یاساکانی باڵاپۆشی وادەکات کۆمەڵگەی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان دژایەتی دەسەڵاتە فەرمانڕەواکەی ئێران بکەن.

عەزیزی و ڤان لە نوسراوەکەیاندا دەڵێن " زۆر بە سادەیی، لە ڕێی سەرکوتکردنی ڕەخنەگرانەوە لە ناو وڵاتەکەدا، دەسەڵاتە فەرمانڕەواکەی ئێران ئامانجی ئەوەیە خۆی بە دووربگرێت لە پشێوی لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی جەنگ بووەتەوە لە دەرەوە. بە هەمان شێوەش، لە ڕێی بەکارهێنانی هەڕەشەی جەنگەکەوە لە دەرەوە، دەسەڵاتە فەرمانڕەواکەی ئێران ئامانجی ئەوەیە خۆی بە دووربگرێت لە خراپتربوونی بێ متمانەییان لە وڵاتەکە و ناوچەکەشدا."

چاودێران پێیان وایە هێرشەکانی ئەمدواییانەی ئێران و ئیسڕائیل سنووردار بوون، ئەوەندە نەبوون کە ببنە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان.

XS
SM
MD
LG