Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات فشار بخاتە سەر ڕوسیا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ لە سوریا


باڵێۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هێڵی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد فشاری تەواو بخەنە سەر ڕوسیا بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان لە سوریا و داوای لە ئەنجومەنەکە کرد بجوڵێن سەرەڕای ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە ڕوسیا مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێتەوە.

هێڵی سەبارەت بە ڕوسیای هاوپەیمانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە شەڕی ناخۆی سوریادا وتی " ئەوان ئەگەر بیانەوێت دەتوانن ئەمە بوەستێنن، پێویستە فشار بخەینە سەر ڕوسیا."

شایەنی باسە ڕوسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ڤیتۆی بەکارهێنا دژی هەشت بڕیار سەبارەت بە سوریا بۆ پاراستنی حکومەتەکەی ئەسەد.

هێڵی سەبارەت بە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ سوریا وتی " بەردەوام دەبم لە داواکردن لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی بجوڵێن و هەر شتێک بکەن ئەگەر هاتوو ڕوسیا بەردەوامیش بوو لە بەکارهێنانی ڤیتۆ چونکە دەنگمان دەبێت ببیسترێت."

وتیشی " ڕوسیا بەردەوامە لە پاراستنی ڕژێمی سوریا، ڕوسیا بەردەوامە لەوەی ڕێگەیان پێبدات کە نەهێڵن هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە دەستی ئەو خەڵکانەی کە پێویستیانە، ڕوسیا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن لە سەرۆکێک کە چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت دژی گەلەکەی."

لەلای خۆشییەوە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هێڵی بیتەر ئیلیتشیڤی جێگری باڵێۆزی ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕوسیا و ئێران و تورکیا کار دەکەن لەسەر ئەوەی کارە سەربازییەکانی ناو سوریا بوەستێنن تاوەکوو هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە دەستی هاوڵاتیان.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG