Accessibility links

ئەنگێلا مێرکڵ دەڵێت مەترسی نییە وڵاتانی تر لە یەکێتی ئەوروپا بکشێنەوە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند مەترسی نییە لەوەی وڵاتانی تر لە یەکێتی ئەوروپا بکشێنەوە، ئەمەش هاوکاتی ئەوەی ڕێبەرانی یەکێتیەکە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئاهەنگی تێپەڕبوونی 60 ساڵ بەسەر دامەزراندنی قەوارەکەیان.

ئەنگێلا مێرکڵ لە چاوپێکەوتنێـکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی پاسایور نیو پرێس Passauer Neue Pressی ئەڵمانی، پرسیاری لێکرا ئایە مەترسی هەیە لە دوای بەریتانیا وڵاتی تر لە یەکێتی ئەوروپا بکشێتەوە؟ لە وەڵامدا وتی"نەخێر، بێگومان هەر وڵاتێکی ئەندام بیرۆبۆچوونی جیاوازی هەیە سەبارەت بە داهاتوو، بەڵام ئەوەی لە بەردەمدا ڕوونە هاوکاری زیاترە."

ئاماژەی بۆ بوارەکانی هاوکاری کرد و وتی بەرگری و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە لەگەڵ هاوکاری سیاسی و ئابوری و شەڕی دژی میلیتانانی ئیسلامی توندڕەو.

ئەم تیڕوانینەی خاتوو مێرکڵ لە کاتێکدایە بەریتانیا وا لە دەسـتپـێکردنی پرۆسەی کشانەوەیە لە یەکێتی ئەوروپا. بڕیارە تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو پەیامێـک ڕابگەیەنێت بە بۆنەی دەسـتپێکردنی پرۆسەکەوە کە پێشبینی دەکرێت دوو ساڵ درێژەبکێشێت.

ئەنگێلا مێرکڵ وتی پێیوانییە پەیامەکەی تێرێزا مەی سەرنجەکان لابدات لەسەر کۆنگرەی 60 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG