Accessibility links

فەڕەنسا تۆپـی دورهاوێژ بۆ لەشکری عێراق ڕەوانە دەکات


وەزیری بەرگری فەڕەنسا دەڵێت وڵاتەکەی ژمارەیەک تۆپـی دورهاوێژی بۆ لەشکری عێراق ڕەوانەکردووە، وەک بەشێـک لەو ئامادەکاریـیانەی دەکرێن بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە داعش کە لە ساڵی 2014 وە داگیرکردووە.

ژان لو دوغیان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆتایی کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە بەرگری لە پاریس ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی " بڕیارمان داوە ئەم پایزە زیاتر پشتیوانی هێزەکانی عێراق بکەین بە ئامانجی ڕزگارکردنی شاری موسڵ، بۆیە لە ئێسـتادا سەنگی خراوەتە سەر هێزی تۆپـخانە لە نزیک هێڵەکانی پـێشەوەی شەڕەکەدا."

پاشان گوتی کەشتی فڕۆکە هەڵگری شارڵ دیگۆل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بۆ جاری سێـیەم بەشداری بکاتەوە لە شەڕێ دژی داعش، لەگەڵ ئەوەش 12 فڕۆکەی بۆمبهاوێژی فەڕەنسی کە لە ئوردن و ئیمارات جێگیرن بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.

باسی لەوەش کرد لەناوبردنی داعش لە ڕێدایە و کاتێـکی کەمی ماوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا لە مانگی حەوت ڕایگەیاند ژمارەک تۆپ بۆ لەشکری عێراق ڕەوانە دەکەن لەگەڵ کۆمەڵێـک لە ڕاوێژکارانی لەشکری بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانیان. هەروەها گوتبوی لە کۆتایی مانگی نۆ کەشتی فرۆکە هەڵگری شارڵ دیگۆل ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێت تاوەکو لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەشداریبکات لە بۆردومانکردنی داعش لە عێراق و سوریا.

XS
SM
MD
LG