پـۆلیس دەڵێت نامەیەکی پـۆستی بۆمبڕێژکراو ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ئۆفیسی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا فەرمانبەرێک برینداربووە و دەموچاوی و هەردوو دەستی سووتاون.
سەرچاوەیەکی پـۆلیس گوتی لە پاش تەقینەوەکە فەرمانبەر و کارمەندانی ئۆفیسەکە شوێنەکەیان چۆڵکردووە کە دەکەوێتە نزیک مۆنۆمێنتی کەوانەی سەرکەوتن لە ناوجەرگەی پاریسی پایتەخت.
کرستین لێگارد سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و بە کارێکی توندوتیژی نامەردانەی ناودێرکرد. دووپاتیشی کردەوە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی سوورە لەسەر بەردەوامبوونی لە کارەکانی.
گوتیشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا لە نزیکەوە کاردەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و دڵنیابوون لە سەلامەتی فەرمانبەر و کارمەندەکانیان.
فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا ڕووداوەکەی بە هێرشێک ناودێرکرد و گوتی ئەمە نیشانی دەدات هێشتا دەکرێنە ئامانج.
پـۆلیسێـک بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند فەرمانبەرە بریندارەکە ژنە و سکرتێری بەڕێوەبەرێـکی گەورەیە و بە سووکی سووتاوە بەو بۆمبەی کە پـێدەچێت لە کەرەستەی یاری ئاگرین دروستکرابێت.
جێی ئاماژەیە ( پـیلانگێڕی ئاگر (Conspiracy of Fire کە ڕێکخراوێکی ئاژاوەگێڕە لە یۆنان بەرپرسیارێتی خۆی لەو نامەیە ڕاگەیاند کە دوێنێ چوارشەممە لە ئۆفیسی پـۆستی وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا لە بەرلین دۆزرایەوە و بۆمبێکی هاوشێوەی ئەمەی ئەمڕۆی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی تێدابوو.
هێشتا نازانرێت ئایا هیچ پەیوەندیـیەک لە نێوان ئەم دوو نامەیە هەیە یان نا.