Accessibility links

داعش هەوڵی ڕاکێشانی منداڵان دەدات هاوکاتی تێـکشکاندنی لە بەرەکاندا


لە لایەن: سیروان قەچۆ، ڕێکار حسێن، نور زاهید

سەرەڕای ئەو هەموو شکستە گەورە لەشکریـیەی داعش دووچاری بووە لەگەڵ خراپبوونی باری دارایی، کەچی هێشـتا بەردەوامە لەسەر چەواشەکردنی منداڵان و قوتابخانە و پـۆلی زیاتریان بۆ دەکاتەوە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی و هەروەها لە ڕێگەی هەڵمەتێـکی پـڕ لە ڕق و کینە لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی.

دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی چەند وتووێژێـک لەگەڵ چالاکوانان و کاربەدەسـتانی خۆجێی بۆی دەرکەوتووە لەو مەملەکەتەی کە بۆخۆیان ناویان لێ‌ناوە خەلافەت، داعش بە هەزاران منداڵی خستووەتە بەر خوێندنی توندڕەوی خۆی لە عێراق و سوریا و ئەفغانسـتان و ناوچەی دیکە لە جیهاندا. لە قوتابخانەکانی بیروبۆچوونی دژە ڕۆژئاوایی و چۆنیەتی ئەنجامدانی تێرۆر بە گوێ منداڵان دەخوێنن.

هاوکات داعش ئنتەرنێت و بە تایبەتی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە دەیان زمان پـڕکردووەتەوە بۆ چەواشەکردن و بەشێـکی ئامانجی منداڵانە.

شیکەرەوان دەڵێن ئەمە ئەرکی سەرەکی داعشە تاوەکو دڵنیابێت لەوەی دوای خۆی پەیامە توندڕەویـیەکەی بمێنێتەوە.

شارەزایان دەڵێن ئەمەی داعش بە گوێی منداڵانی دەخوێنێت لەوانەیە بۆ مەودایەکی درێژخایەن کاریگەری بەسەریان هەبێت تەنانەت لە پاش ڕزگارکردنی ناوچەکانیان لە داعش.

وەجیها کە ژنێـکی مامۆستا بووە لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری دێر ئەزوری سوریا، ئەوەی ئێسـتا لە ژێر کۆنترۆڵی داعشە دەڵێت " داعش لە عێراق و سوریا بمێنێت یان نا، ئەوا نەوەی نوێ زیاتر توندڕەوتر دەبێت."

بیروباوەڕی داعش

ئەم مامۆستا سوریـیە کە نەیویست ناوی باوکی ئاشکرابکرێت، لە قوتابخانەیەک لە کەمپـێکی پەنابەران لە باشوری تورکیا کاردەکات، بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ئامانجی داعش ڕاکێشانی منداڵانە و بۆ مەودای درێژخایەن کاریگەری بەسەریان هەبێت، چونکە ئەمە بۆ بیرو باوەڕەکەیانە نەک تەنیا بۆ کردنیان بە چەکدار."

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ پـشوویەکی کورت، داعش سەرپەرشتی پـۆلی پـڕ لە منداڵ دەکات لە ڕەققەی سوریا و موسڵی عێراق و لە هەرێمی نانگارهاری ئەفغانسـتان و لەگەڵ چەند شوێنێـکی دیکە هەتا دەگاتە ئەندەنوسیا. ئەم منداڵانە ناوی (اشبال الخلافة) یان لێناون، واتە بەچکە شێر.

لێـکۆڵەرەوان لە زانکۆی جۆرجیا ستەیت لە سەرەتای ئەمساڵ لە ڕاپـۆرتێـکدا باسیان لە کاریگەریـیە خراپەکانی داعش بۆ سەر منداڵان کرد، دەڵێن" داعش بە شێوەیەکی بێ وێنە هەوڵی ڕاکێشانی منداڵان دەدات."

هەر لە هەرێمی نانگارهاری ئەفغانسـتان داعش بە لایەنی کەم 8 قوتابخانەی خۆی کردووەتەوە کە تیایاندا بیروباوەڕی توندڕەوی ئەخوێنن بە گوێی منداڵاندا.

دانیشتوان و کاربەدەسـتان لە ناوچەکە لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکا گوت داعش لە ناوچەی کۆتی هەرێمی نانگارهار 2 قوتابخانەی قۆناغی ئامادەیی و ئاینی بەڕیوەدەبات.

سەرچاوە خۆجێـیەکان بۆ دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند داعش بەرنامەکانی خوێندنی خۆی لەسەر بنەمای ئیسلامی ڕادیکاڵی داناوە. کچان بە کاتی جیاواز لەگەڵ کوڕان دەبرێن بۆ پـۆلەکانی خوێندن. زۆربەی مامۆستاکانی ئەو قوتابخانانە لە وەزارەتی خوێندنی ئەفغانی و هەروەها داعش موچەیان دەدرێتێ.

کاربەدەسـتانی پەروەردە و خوێندن لە ئەفغانستان بە دەنگی ئەمەریکایان گوت ئاگادارن لەو قوتابخانانەی داعش بەڵام هیچیان لە بارەی ئەو ڕاپـۆرتانەوە باس نەکرد کە دەڵێن مامۆسـتاکانی ئەو قوتابخانانە هێشـتا حکومەتی ئەفغانسـتان موچەیان دەداتێ لە کاتێـکدا مامۆستای قوتابخانەکانی داعشن.

خەڵکی لە ناوچەی ئاچین لە ئەفغانسـتان بە دەنگی ئەمەریکایان گوت داعش 5 قوتابخانەی ئاینی کردووەتەوە و منداڵەکانیان بە زۆر بۆ ئەو قوتابخانانە دەبات و ئەگەر منداڵەکانیان نەنێرن، ئەوا داعش پارەیان لێدەستێنێت.

شێوازی خوێندن لای داعش

داعش هەر ناوچەیەکی کۆنترۆڵکردبێت شێوازی خوێندنی خۆی لێ بڵاوکردووەتەوە.

موسڵ کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە و زیاتر لە 2 سـاڵە لە لایەن داعشەوە داگیرکراوە، هەر لە یەکەم ڕۆژ کە چەکدارانی داعش خۆیان بە شارەکەدا کردبوو سیستەمی خوێندنی عێراقیان لەوێ هەڵوەشاندەوە و کەوتنە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی توندڕەوی لە نێو منداڵان و نەوجەواناندا.

عیسمەت ڕەجەب بەرپـرسی لقی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردسـتان دەڵێت " داعش منداڵانیان بردووەتە ناو پـۆلەکانیان هەتاکو فێریان بکەن چۆن چەک بەکاربهێنن. هەر مامۆستایەکیش ناڕەزایی بەرامبەر سیستەمی خوێندنەکەیان دەرببڕێت، ئەوا دەسـتگیری دەکەن و تەنانەت دەشیگوژن ئەگەربێت و هەر سووربێت لەسەر ڕەتکردنەوەی سیستەمەکەیان."

دەشڵێت "هەروەها سیستەمی فێرکردنی داعش گەنجانیش فێری هێرشی خۆکوژی دەکات و جاران زۆربەی خۆکوژەکان کەسانی بیانی بوون، بەڵام ئێسـتا زۆربەیان هەرزەکاری موسڵن."

ڕەجەب نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دوای ئەوەی داعش موسڵ جێدەهێڵێت چۆن مێشکی ئەو گەنجانە لە بیروباوەڕی داعش پاکبکرێنەوە.

گوتی" پـێموایە هێشـتا مەترسیـیە ڕاستەقینەکەمان نەدیوە و کاتێـک دەیبینین کە داعش لەم شارە گەورەیە نامێنێت کە تیایدا منداڵان بە تەواوی مێشکیان شۆردراوە."

داعش هەندێـک منداڵی لە عێراقەوە بۆ سوریا ڕەوانەکردووە تاوەکو بیانخاتە بەردەم جۆرە خوێندنێـکی توندتری خۆی.

داعش سەدان منداڵی ئێزیدی لە عێراقەوە وەکو کۆیلە بۆ سوریای بردووە.

ڕاهێنان لەسەر تەقینەوەی خۆکوژی

لە شاری ڕەققەی سوریا ئەوەی بە پایتەختی داعش ناو دەبرێت، منداڵانی ئێزیدی ناچارکراون ئاینی خۆیان بۆ ئیسلام بگۆڕن و وانەیان داداون کە چۆن بۆمب لە خۆیان ببەستن و خۆیان بتەقێنـنەوە.

کوڕێـکی تەمەن 12 سـاڵی ئێزیدی کە ساڵی ڕابردوو لە دەستی داعش هەڵاهات بە دەنگی ئەمەریکای گوت " دەبوایە کاژمێر 4 ی بەرەبەیانی لە خەو هەستین و نوێژ بکەین و پاشان بچین بنوینەوە هەتا کاژمێر 8 ی بەیانی."

" لە 8 ی بەیانـیەوە هەتا 9 ماوەی نانی بەیانیـیە، پاشان وانەی قورئانیان پێ دەگوتین هەتا 12 ی نیوەڕۆ و نانی نیوەڕۆمان دەخوارد. پاش نانخواردن مەشقمان لەسەر چەک پـێدەکرا هەتا 5 ی پاش نیوەڕۆ.... جلوبەرگێـکی ڕەشیان پێ لەبەردەکردین کە بەشی خوارەوەی ڕەنگی سپی بوو و بۆ شوێنی بەستنی بۆمب بوو."

دواتر ئەم کوڕە هەڵاهات بۆ ناوچەیەکی نزیک سنووری تورکیا و لەوێش لە لایەن هێزە کوردیـیەکانەوە ڕزگارکرا. ئەمساڵیش لە ئەڵمانیا مافی پەنابەری وەرگرت و لەوێ خراوەتە بەر بەرنامەیەکی خوێندن بۆ ئاساییکردنەوەی باری دەروونی.

بەپـێی ئەو چالاکوانانەی چاودێری داعش دەکەن، لە ساڵی 2015 داعش لە شاری ڕەققە 12 قوتابخانەی بۆ کوڕان و 12 قوتابخانەی دیکەی بۆ کچان کردووەتەوە. لەوەتای لە ساڵی 2014 وە داعش ڕەققەی داگیرکردووە بەرنامەی خوێندنی خۆی سەپاندووە کە لەسەر بنچینەی بیروباوەڕی توندڕەوی دانراوە.

گروپی ناسراو بە (الرقة تذبح بصمت) کە بریتین لە کۆمەڵێـک چالاکوان و پـێشێـلکاریــیەکان لە سوریا تۆماردەکەن دەڵێن هەموو منداڵ و نەوجەوانێـک ئامانجی داعشە، بە تایبەتی منداڵانی نێوان تەمەنی 6 بۆ 10 سـاڵ.

ئەندامێـکی گروپەکە بە دەنگی ئەمەریکا گوت " داعش لەشکرێـکی لە منداڵان پـێکهێناوە هیچ نازانن تەنیا بیروباوەڕی داعش نەبێت."

گوتیشی داعش لە نێوان 50 دۆلار هەتا 500 دۆلار لەو خێزانانە دەستێنێت کە منداڵەکانیان بۆ خوێندن لەو قوتابخانانە نانێرن.

هێزی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی

هاوکات داعش بەردەوامە لە چەواشەکردنی منداڵان لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتیـیەوە.

لەم دوایـیانە داعش ئاپـێـکی مۆبایلی دروسـتکردووە کە تیایدا فێری زمانی عەرەبی و ڕێنمایـیە توندەکانی ئیسلام دەکات. هەروەها ئاپەکە یاری تێدایە کە سروودی ئیسلامی لێدەدات و تیایدا هانی جیهاد لە دژی کافران دەدات.

تیمی کاری کۆمپـیوتەری داعش ئاپەکەی لەسەر ماڵپەڕی خۆی بە ناوی ئەلهمە بڵاوکردووەتەوە بۆ مۆبایلەکانی ئەندرۆید.

کۆمپانیا گەورەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی وەکو فەیسبوک و تویتەر بەردەوام ئەو ناوانە دادەخەن کە پشـتیوانی لە داعش دەکەن و ڕێگەیان پێ نادەن پەیامی ڕق و کینەی خۆیان بڵاوبکەنەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەمەش شیکەرەوان دەڵێن کاری داعش لەسەر ئنتەرنێت بەردەوامە لە زیادبوون.

دڵشاد عوسمان شارەزای بواری ئاسایشی ئنتەرنێت دەڵێت داعش کەسانی زۆر شارەزای خاوەن ئەزمونی هەیە کە کارەکانی لەسەر ئنتەرنێت بۆ بەڕێوەدەبەن.

داعش لەم هەفتەیە وێنەی بڵاوکردووەتەوە و بە چەندان زمان لەگەڵی نووسیون ئەمانە منداڵن پـیرۆزبایی دەکەن بە بۆنەی کوشـتنکاریـیەکەی ئۆرلاندۆ، ئەوەی کەسێـک خۆی بە داعش ناودێرکرد و زیاتر لە 50 کەسی کوشت.

عوسمان لەم بارەیەوە دەڵێت داعش وەکو چۆن ئەو منداڵانە لەو تەمەنە بچوکە مەشقیان پـێـدەکات وەهاش فێریان دەکات بیروباوەڕی توندڕەوی پەیدابکەن تاوەکو لە ئایندەدا ببنە چەکداری.

XS
SM
MD
LG