سەرۆکی تورکیا دەڵێت کەسێـکی بە ڕەچەڵەک سوری تەقینەوە خۆکوژیـیەکەی ئستەنبوڵی ئەنجامداوە، ئەوەی بووەتە مایەی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، لەوانە ژمارەیەکیان گەشتیاری بیانین.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەممە پاش تەقینەوە خوێناویـیەکەی لە ناوچەی گەشتیاری سوڵتان ئەحمەد ڕوویدا، وتارێـکی تەلەفیزیۆنی پـێشـکەشکرد و بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و گوتی لە شەڕیان لە دژی تێرۆرزم بەردەوام دەبن.
ئۆفیسی پارێزگاری ئستەنبوڵ ڕایگەیاند تەقینەوەکە لە نزیک کاتدرائیـیەی ئایا سۆفیا و مزگەوتی شین ڕوویداوە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 10 کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە کوژراون و 15 کەس دیکە برینداربوون.
نوعمان قورتولموش جێگری سەرۆک وەزیری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئامارەکەی ئۆفیسی پارێزگاری پشـتڕاستکردەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە خۆکوژەکە سوریـیە و لە دایکبووی ساڵی 1988. گوتیشی زۆربەی کوژراوەکانیش بیانین و دوو لە بریندارەکانیش برینەکانیان سەختە.
لە لایەکی دیکە میدیاکانی ناو تورکیا دەڵێن 6 گەشتیاری ئەڵمانی و نەرویژی لە نێو بریندارەکاندان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاگاداریـیەکی بۆ هاوڵاتیانی خۆی لە ئستەنبوڵ دەرکرد و تیایدا داوایان لێ دەکات لە شوێنە قەرەباڵغ و گەشتیاریـیەکان دوربکەونەوە.
دوو کاربەدەسـتی ئاسایشی تورکیا بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە ئەگەرێـکی زۆر هەیە داعش لە پشـت هێرشەکەوە بێت. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.