Accessibility links

ئەردۆغان: وەستاندنی بازرگانی لەگەڵ ئیسڕائیل ئامانج لێی ناچارکردنییەتی بە ئاگربەست لە غەززە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی هەینی وتی هەنگاوەکەی تورکیا بۆ ڕاگرتنی بازرگانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئامانج لێی ناچارکردنی ئیسڕائیل بووە بۆ ئاگربەستێک لە غەززە.

بڕیارەکە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیەندرا، نوێترین ئاماژەیە لەسەر خراپتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵ بە کۆمەڵێک خاوەن کاری وت " هەندێک ڕێوشوێنمان گرتەبەر بۆ ناچارکردنی ئیسڕائیل تاوەکو بە ئاگربەست ڕازی ببێت و بڕی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە دەچنە غەززەوە زیاد بکات."

وتی " چاودێری دەرەنجامەکانی ئەم هەنگاوە دەکەین کە بە هەماهەنگی لەگەڵ جیهانی کارماندا گرتوومانەتەبەر."

پێشتریش لە مانگی چواردا تورکیا ڕایگەیاند هەناردەکردنی 54 بەرهەم بۆ ئیسڕائیل ڕادەگرێت، لە ئاسنەوە بۆ سوتەمەنی فڕۆکە.

ئەردۆغان وتی " دوای توندوتیژیی یاخود ململانێ لە ناوچەکەماندا ڕاناکەین. نامانەوێت ململانێ و خوێن و فرمێسک لە جوگرافیاماندا ببینین."

وتیشی " دەزانین کە کارە ڕاستەکەمان کردووە."

کەرتی غەززە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە دەناڵێنێت، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانیش هۆشداری دەدەن لەسەر کەوتنەوەی برسێتی لە کەرتەکەدا.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل، ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لە هێرشەکەی حەماسدا نزیکەی 1170 کەس کوژراون و نزیکەی 250 کەس لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

ئیسڕائیل دەڵێت هێشتا نزیکەی 129 بارمتە لە غەززە ماونەتەوە، سوپای ئیسڕائیل دەڵێت 34 بارمتەیان مردوون.

وەزارەتی تەندروستی غەززەش دەڵێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە زیاتر لە 34,600 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG