Accessibility links

ئەردۆغان هەڕەشە لە نەتانیاهو دەکات و ئیسڕائیل بانگی نوێنەری تورکیا دەکات


وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ڕۆژی هەینی فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد بانگی نوێنەری تورکیا لە ئیسڕائیل بکەن بۆ ئەوەی " بە جددی سەرزەنشتی " بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڵێنیدا " سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕەوانەی خودا " بکات.

ئیسڕائیل کاتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی " داوام لە بەرپرسان کردووە جێگری باڵیۆزی تورکیا لە ئیسڕائیل بانگ بکەن بۆ ئەوەی بە جددی سەرزەنشت بکرێت، ئەوەش دوای هێرشە جددییەکەی ئەردۆغان بۆ سەر سەرۆک وەزیر نەتانیاهو و هەڕەشەکانی بۆ ڕەوانەکردنی سەرۆک وەزیر نەتانیاهو بۆ لای خودا و گەیاندنی پەیامێکی ڕوون بۆ ئەردۆغان."

ئەردۆغان ڕۆژی پێنجشەممە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دا " نەتانیاهو ڕەوانەی خودا بکات بۆ ئەوەی چارەسەری بکات، نەفرەتی لێبکات و بەدبەختی بکات."

کاتز هێرشێکی توندی کردە سەر ئەردۆغان و وتی " تۆ پشتگیری لە تاوانبارانی حەماس دەکەیت لە سوتاندنی منداڵان و کوشتنی مرۆڤ و پارچە پارچەکردنی لاشەکانیان، تۆ دوایین کەسیت کە بتوانیت سەبارەت بە خودا قسە بکەیت. هیچ خودایەک گوێ لەوانە ناگرێت کە پشتگیری لە کارە دڕندانەکان و ئەو تاوانانە دەکەن کە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدراون لەلایەن حەماسی هاوڕێ دڕندەکەتەوە. بێدەنگبە و شەرمەزاری بۆ تۆ!"

تورکیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسەوە باڵیۆزەکەی لە ئیسڕائیل کشاندەوە، ئێستا جێگری باڵیۆزی تورکیا لە ئیسڕائیل بانگکراوە. ئیسڕائیلیش بە هەمان شێوە باڵیۆزەکەی لە تورکیا کشاندەوە، ئەوەش بە هۆکاری پاراستنی باڵیۆزەکەی.

لە دوای هێرشەکانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی دەدا بۆ سەر ئیسڕائیل و هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەردۆغان لێدوانەکانی دژی ئیسڕائیل توندتر کردووەتەوە، هێرش دەکاتە سەر ئیسڕائیل و نەتانیاهو و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ حەماس دەربڕیوە و چەکدارەکانی حەماس بە " جەنگاوەرانی لە پێناو ئازادی شەڕ دەکەن " ناودەبات.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەردۆغان لە وتارێکدا لە ئیستەنبوڵ وتی " هیچ کەس ناتوانێت حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت. تورکیا وڵاتێکە کە بە ئاشکرا لەگەڵ ڕابەرانی حەماسدا قسە دەکات و بە توندی پشتیوانییان لێدەکات."

هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد " نەتانیاهو و بەڕێوبەرایەتییەکەی، بە تاوانەکانییان دژی مرۆڤایەتی لە غەززە، ناویی خۆیان لە تەنیشت ناوی هیتلەر و موسۆلینی و ستالیندا دەنوسنەوە، وەکو نازییەکانی ئەمڕۆ."

حەماس لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیل و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا و ژاپۆن و ئوستڕاڵیا و نیوزلەندا و وڵاتانی دیکەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

سەرچاوە/ تویتەری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل

XS
SM
MD
LG