Accessibility links

دانمارک 6 کەس بە پەیوەندیکردن بە داعشەوە تۆمەتباردەکات


داواکارێکی گشتی دانمارک 6 کەس تۆمەتباردەکات بە پـێشێلکردنی یاساکانی تێرۆرزمی وڵاتەکەی بەهۆی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە لە ساڵی 2013 وە هەتا 2016 .

خانم لیزە لۆت نیلاس ئەمڕۆ هەینی گوتی کەیسەکە لەسەر بنەمای لیستێکی ناو تۆمارکراوە کە ساڵێک لەمەوبەر یەکێـک لە هاوبەشە نێودەوڵەتیـیەکان ڕادەستی لێکۆڵەرەوانی دانمارکی کردبوو.

گوتیشی ئەم 6 کەسە کە هەموویان پـیاون و لە ناوچەی جیاجیای دانمارکدا ژیاون، وەکو شەڕکەر پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبوو. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ژمارەیەکیان ڕەگەزنامەی دانمارکیـیان هەیە و هەندێـکیان بیانین و لە دانمارک دەژین. ئەگەر بێت و تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ ببێتەوە، ئەوا ڕەنگە بە لایەنی کەم 4 ساڵ زیندانی بکرێن.

جێی ئاماژەیە مانگی سێ لە یەکەم دادگایـیـکردنێـکی لەم جۆرە، خاوەنی ڕێستورانێکی پـیتزا بە ناوی حەمزە جاکان ڕەگەزنامەکەی لێ‌سەندرایەوە پاش ئەوەی بەسەریدا ساغ بوویەوە پەیوەندی بە میلیتانانی ڕادیکاڵ کردبوو. ناوبراو ناوی لە لیستێـکی هاوشێوەی ئەم کەیسەدا هاتبوو بەوەی چەکداری بیانی بووە.

XS
SM
MD
LG