هیوا قەرەنی دەڵێت خۆشبەختانە تا ئێستا دەڤەری ڕاپەڕین لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرنەچوە بەڵام کۆمەڵک خەڵک کەمتەرخەمن لە خۆپاراستن، دەشڵێت 158 حاڵەتی توشبون تۆمارکراوە لەگەڵ 4 حاڵەتی گیانلەدەستدان، 9 لەوانەش چاکبونەتەوە.
شەپۆلی دووەمی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان زۆربەی شارو شارۆچکەکانی گرتەوە دەڤەری ڕاپەرینیش لەوە بەدەر نەبوو، کە تیایدا چەند کەسانێک بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لە دەستدا لەنێویادا کارگوزاری نەخۆشخانەکانیش هەن.
بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتەو وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە دەڤەری ڕاپەرین لەگەل کۆڕۆنادا بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ووتوێژی لەگەڵ هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین ئەنجامداوە.
دەشڵێت هۆکاری باوەڕنەبون و بەهەند وەرنەگرتنی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەناو خەڵکدا ئەوەیە لە شەپۆلی یەکەمی کۆڕۆنادا ژمارەیەکی زۆر کەم توشی ڤایرۆسەکە بوون، هۆکارێکی تریش ڕەنگە ئەوە بێت کە لە هەرێمی کوردستان زۆربەی بوارەکان بە سیاسی کراون تەنانەت بواری تەندروستیشی گرتۆتەوە.
ئاماژەشی بەوە کرد کە لە سنوری ڕاپەڕین و هەرێمی کوردستان بە گشتی توانای تەندروستی بەم پێیە نیە بتوانرێت بەرەنگاری ڕێژەیەکی زۆر لە توشبوان بە ڤایرۆسەکە ببنەوە وەک لە وڵاتانی تردا بڵاوە.