په‌نتاگۆن له ڕۆژی دووشه‌ممه ڕایگه‌یاند واپێده‌چێت تۆڕی ملیتانی حه‌قانی بنکه له پاکستان ده‌ستی له هێرشه ڕێکخراوه‌کانی سه‌رانسه‌ری ئه‌فغانستاندا هه‌بوبێت. له‌و هێرشانه‌دا چوار که‌سی مه‌ده‌نی و 11 که‌سی هێزی ئاسایشی ئه‌فغانی و 36 له یاخیبووان کوژران.
دووانیوه‌ڕۆی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه شه‌ڕوپێکدادان له پایته‌ختی ئه‌فغانستان و سێ هه‌ڕێمی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که ده‌ستی پێ‌کرد. پاش 18 کاتژمێر و سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه کۆتایی پێ هات، کاتێک هێزه‌کانی ئه‌فغانی به پشتیوانی هه‌لیکۆپته‌ره‌کانی هێزی ناتۆ هێرشیان کرده سه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌ک له کابول که ملیتانه‌کان له‌وێ خۆیان حه‌شار دابوو.
تالیبان به‌رپرسیارێتی ئه‌و هێرشانه‌ی گرته ئه‌ستۆ که کرانه سه‌ر باڵیۆزخانه‌کان، باڵه‌خانه‌کانی حکومه‌ت و بنکه‌ی هێزه‌کانی ناتۆ. به‌ڵام وه‌زیری ناوخۆی ئه‌فغانستان بیسمیللا موحه‌مه‌دی و په‌نتاگۆنیش تۆڕی حه‌قانی سه‌ر به ئه‌لقاعیده‌یان به ئه‌نجامدانی هێرشه‌کان تاوانبار کردووه.
وته‌بێژی هێزه‌کانی ناتۆ ژه‌نه‌ڕاڵ کارستن جهیکهبسۆن ده‌ڵێت له‌و هێرشانه‌دا هه‌مان تاکتیک به‌کار هاتبوو. ده‌شڵێت هێرشه‌کان بۆ شکستپێدانی له‌شکی ئه‌فغانی نه‌بوو به‌ڵکو هه‌وڵێک بوو بۆ نه‌هێشتی متمانه‌ی خه‌ڵکی.
ژه‌نه‌ڕاڵ جهیکهبسۆن و سه‌رۆک حامید کارزای په‌سنی توانایی هێزه‌کانی ئه‌فغانستانیان دا بۆ به‌رگری کردن له وڵاته‌که‌یان.
شایانی باسه ئه‌م هێرشانه هاوکاته له‌گه‌ڵ زیاد بوونی گرژی و ئاڵۆزییه‌کانی نێوان هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان و هێزی ئه‌فغانی له‌سه‌ر چه‌ند ڕووداوێک له ناویاندا سوتانی قورئان بهبێمهبهست و هێرشێکی سه‌ربازیكی ئه‌مه‌ریکای که بوو به‌هۆی کوشتنی 17 گوندنشینی ئه‌فغانی.