Accessibility links

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی بێ کۆدەنگی لایەنەکان وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریناکات


ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێک نادات بۆ دیاریکردنی "وادەی نوێی" هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە بێ کۆدەنگی حزب و لایەنە کوردستانییەکان.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و حزب و لایەنەکان و سەرۆکی هەرێمەوە هەیە، سەرۆکی هەرێم بەبێ کۆدەنگی هەموو لایەنەکان هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نادات."

ڕۆژی سێشەممە، 14ی مانگی پێنجی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکایەتی دادگای فیدراڵی عێراق و بەرپرسانی تری باڵای عێراق دا کۆبوویەوە.

زیرەک کەمال دەڵێت، "سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، سەردانەکە تەنها بۆ پرسی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بۆ بابەتی موچە و بودجە و هەڵبژاردنیشە."

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتی دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا ئەو دادگایە چەندین بڕیاری هەستیاری لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد. بەشێک لە بڕیارەکانی نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی توندی پارتی لێکەوتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ئەوەیە، تا لە داهاتوودا ئەو دادگایە ڕۆڵ ببینێت لە مەسەلەی بودجە و مووچە و پرسی هەڵبژاردن و بڕیاری گونجاو لەوبارەیەوە بدات."

سەرچاوەکە وتی سەرۆکی هەرێم دەیەوێت دادگای فیدڕاڵی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاو بنێت بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکان.

دیمەنی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق جاسم محەمەد عەبوود ڕۆژی 14ی پێنجی 2024.
دیمەنی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق جاسم محەمەد عەبوود ڕۆژی 14ی پێنجی 2024.

بڕیاربوو ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی عێراق ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ڕاگرت.

ڕۆژی 7ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، کارکردنی بە بڕگەی دووەم لە مادەی دووی سیستەمی تۆمارکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی کوردستان ڕاگرت. ئەم سیستەمە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرچووە و مەسرور بارزانی تانەی لێداوە، ئەمە بووە هۆی دەرچوونی فەرمانێکی سالاری لەلایەن دادگای فیدراڵی و ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، 19ی مانگی پێنج، دادگای فیدراڵی عێراق بۆ دادبینیکردنی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی کۆببێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت دوای یەکلایی بوونەوەی سکاڵاکە وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دابندرێت.

سەرچاوە نزیکەکە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی بەنیازە لەداهاتوودا لەگەڵ حزب و لایەنەکان کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."

لە ماوەی کەمتر لە 20 رۆژدا ئەوە دووەم سەردانی نێچیرڤان بارزانییە بۆ بەغدا. چاودێران لێکدانەوەیەکی جیاواز بۆ سەردانەکەی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێنم دەکەن، بەو پێیەی پێشتر سەردانی ئێرانی کردووە و دەوترێت ئەو وڵاتە کاریگەری بەسەر بڕیارە سیاسییەکانی عێراقەوە هەیە.

ڕۆژی 5ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و وەفدێکی باڵای هەرێم، سەردانی وڵاتی ئێرانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئنستتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکایی_کوردی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نێچیرڤان بارزانی لە مانگێکدا سێ جار چووەتە بەغدا تا کێشە هەڵواسراوەکان چارەسەر بکات، پێشتر بە حوکمی دووری و لێکتێنەگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا کێشەکان قوڵتر بووبوونەوە، تا وایلێهاتبوو هەرێم بە باکوری عێراق ناودەبرا و زۆر قسەی تر دەکرا."

دەشڵێت، "سەردانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا گۆڕانکاری لە هەڵوێستی عێراق دا دروستکردووە. سەرۆکی هەرێم دەیەوێت لەگەڵ ئێران و تورکیاش باڵانس ڕابگرێت، بۆیە سەردانەکەی ئێرانیش بەستەڵەکی ناکۆکییەکانی پێشووتری تواندەوە."

نێچیرڤان بارزانی لە سەرەتای مانگی ڕابردووشدا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و لایەنەکان کۆبوویەوە. دواین جار لە ڕۆژی 27ی مانگی چوار، سەرۆکی هەرێم بەشداری لە کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا کرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:59 0:00

XS
SM
MD
LG