Accessibility links

کێشەی نێوان هەژماری "من" و "تەوتین" چ کاریگەرییەکی لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەبێت؟


وەک دەوترێت موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای دواکەوتنی موچەی مانگانەیان، لە ئێستادا لە نێوان ململانێ و بەرداشی 'هەژماری من' و 'تەوتین'ی حکومەتی عێراقی ماونەتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا موچەکانیان لە ڕێگای ئەو ژماری بانکیەوە وەربگرن.

حکومەتی هەرێم پێداگری لەسەر هەژماری من دەکاتەوە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکەین و دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگای بانکەکانی حکومەتی فیدراڵیەوە تۆماربکرێن و موچە وەربگرن.

ڕۆژێک هەژماری من و وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە بڵاودەکەنەوە دەڵێن، بانکی تی بی ئای کە بانکێکی حکومەتی فیدراڵی عێراقە هاتووەتە ناو هەژماری من، بە دوایدا تی بی ئای-ش دەڵێت ئێمە بانکی حوکمین و ناچینە ناو پڕۆژەی بانکە ئەهلییەکان، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش دەڵێن، هۆکاری دواکەوتنی موچەی مانگی چوار پەیوەندی هەیە بە دەستپێنەکردنی پرۆسەی تەوتینەوە لە هەرێم.

دەپرسین:

بۆچی و هۆکار چییە گرفت لەسەر هەژماری من و تەوتین دروستبووە؟

ئایا تی بی ئای و بانکە حکومیەکانی عێراق سەر بە هەژماری منن یان هەژماری من سەر بە ئەوان دەبێت؟

ئەم کێشەیەی لەسەر هەژماری من و تەوتین دروستبووە بەکوێ دەگات و هەتا چەند زیان لە موچەخۆران و مەترسی لەسەر موچە دروست دەکات؟


لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژدا تاووتوێی ئەم پرسیارانە دەکرێت بە میوانداری دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق کە مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری ئابوریشە و هەروەها سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابوری لەپەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری.

دکتۆر فازڵ نەبی
"
ئێستا دوو بابەت بونەتە کەشە لەنێوان هەرێم و بەغداد کە کاریکردووەتە سەر دواکەوتنی ناردنی موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم، یەکەم بابەتی تەوتین و دووەمیش بابەتی داهاتی ناوخۆی هەرێم. کێشەکە لێرەدایە کە لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عەراق زۆر بەڕوونی باس لە بانکە حوکمییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کراوە. تەوتین، پەیوەندی وەزارەتێکی دیاریکراوە لەگەڵ بانکێکی حوکمەتی فیدراڵی، من دوێنێش قسەم لەگەڵ بەرێوەبەری بانکی تی بی ئای کرد و ئەو وتی ئێمە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ دەکەین و هەروەها فرمانی سەرۆک وەزیرانیشمان هەیە، بەڵام هەژماری من لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا باسی نەکراوە. هەژماری من کۆمەڵێک بانکی ئەهلین کە هەندێک لەو بانکانە ڕەنگە پێشتر کێشەی زۆرییان هەبوبێ، هەروەها لەهەژماری مندا دەبێت موچە لەبەغدادەوە بێتە سەر وەزارەتی دارایی هەرێم ئینجا دابەشی دەکات بەسەر بانکەکانی هەژماری من، تائێستاش هەم هەرێم وە هەم بەغداد سورن لەسەر پڕۆژەکانی خۆیان."

دکتۆر فازڵ نەبی دەشڵێت "ئەوە دووجارە کاک نێچیرڤان دەچێتە بەغداد، ڕەنگە بیانەوێت کاریگەری لەسەر دادگای فیدراڵی دروست بکەن سەبارەت بەبابەتی هەژماری من و نوسراوی وەزارەتی دارایی عێراقیش هەیە بەهەمان شێوە ڕەنگە بیانەوێت جێگای هەژماری من لە تەوتیندا بکەنەوە."

بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت "نە تی بی ئای سەر بەهەژماری منە، نەهەژماری منیش سەر بەتەوتین و تی بی ئای-یە، دوو شتی جیاوازن، ڕاستییەکە ئەوەیە، نە تی بی ئای ڕازییە بچێتە ناو هەژماری من، نەهەژماری من ڕازییە تەوتین بکرێت، ئەوە کێشەکەیە و من دوێنێ قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری تی بی ئای کرد و وتی ئێمە تەوتین دەکەین بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق و ڕێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق. دواکەوتنی موچەی مانگی چوار لەسەر بابەتی دەستپێنەکردنی تەوتین و داهاتی ناوخۆ بوو بەڵام دوای فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق ئەم مانگەش موچەیان نارد، بۆیە ئەگەر ئەو کێشەیە لەبنەڕەتەوە چارەسەر نەکرێت ئەوا لەمانگی پێنج گەورەتر دەبێت، من پێشتر قسەم لەگەڵ کردن و وتیان مانگی چوار ڕەنگە موچە بنێرین، بەڵام ئەگەر ئەو دوو گرفتە چارەسەر نەکرێ (تەوتین و داهاتی ناوخۆ)چارەسەر نەکرێت ئەوا موچەی مانگی پێنج نانێرن، بۆیە باشترین شت ئەوەیە لەبری لێدوان لەسەر یەکتر هەردولا لەسەر ئاستێکی بەرز دابنیشن ڕێکبکەون بەڕێککەوتنی نوسراو نەک زارەکی، ڕێکبکەون لەسەر ئەو دوو گرفتە ئەگەرنا کێشەکە بەردەوام دەبێت، حکومەتی هەرێم یا هەر حکومەتێک لەدنیادا واجبێتی موچەی فەرمانبەرەکانی دابین بکات، چۆن دابینی دەکات ئەوە کێشەی خۆیەتی، بۆیە دەڵێم دەبێت لەسەر ئاستی باڵا و بڕیار بەدەست بچنە بەغداد ڕێکبکەون نەک ئەو هەموو هاتوچۆیە بکەن و هەندێ برادەر کەدەچن دەسەڵاتی بڕیاریشییان نەبێ."

دەشڵێت "کاک قوباد پێرێ وتی ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغداد بکەین، بەمەرجی ئەوەی نەک موچە،بەڵکو بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنانمان بۆ بنێرن، ئەگەر سەیری یاسای بودجە بکەین ئەوەندە خراپە کە بودجەی بەکاربردنی بە 13 تریلیۆن خەمڵاندووە، لەو سیانزە تریلیۆنەش زیاتر لە تریلیۆنێکی خەرجی گواستنەوەی نەوتی هەرێمە کەئەمە حکومەتی هەرێم ناتوانەت خەرجی بکات لەژێر دەستی سۆمۆیە. دەمێنێتەوە دوانزە تریلیۆن و کەمێک، ئەوەش ئەگەر مانگانە بەشە موچە 950 ملیار بێت ئەوەی دەمێنێتەوە دەکاتە 200 ملیار، مەبەستم ئەوەیە ئێمە کاتێک دەمانەوێت کێشەیەک چارەسەر بکەین کێشەیەکی تر سەرهەڵدەدات بۆیە دەڵێم دەبێت دابنیشن و کۆببنەوە."

سۆران عومەر
"بەداخەوە هەرێمی کوردستان خۆی بانکی نەبووە و تا ئەم ساتەش بانکی نییە، خۆزگە هەرێم بانکی هاوشێوەی ڕەشید و ڕافیدەین و تی بی ئای هەبووایە ئەوکات وەک ئەوان بەشێک بونایە لە پڕۆسەی تەوتین. بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕوونە دەڵێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوای تەوتین. خەڵک واتێگەیشتبوو لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە موچە دابین بکرێت ئەگەر هەر کێشەیەکیش لەنێوان هەرێم و بەغداد هەبێ، بەداخەوە دەبوو حکومەتی هەرێم پێش هەمووان وەڵامدانەوەی هەبووایە بۆ ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی. لە 2/21 وە تا ئەمڕۆ کە بڕیارەکە دەرچووە ڕێککەوتن نەکراوە لەسەر ئەم بابەتە و تەوتین دەستیپێنەکردووە و جیاوازییەکەش هێندە زۆرە حکومەتی هەرێم دەڵێ هەژماری من لەبانکی ئەهلی تەوتینە، بەڵام بڕیاری دادگای فیدراڵی دەڵێ تەوتین لەبانکە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمە. دوای ئەوە بابەتی داهاتی نانەوتی کەهەرێم ئامادەنیە ڕادەستی بکات، ئێستا خەڵک دواکەوتنی موچەکەی وەک باجی ئەوەدەدات کە ئەم حکومەتی هەرێمەی هەیە، خەڵک نابێت لە حکومەتی هەرێمی قبوڵ بکات یاری بەموچە و قووتی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ عێراقیش ئەوەیە، کاتێک حکومەتی هەرێم ئامادەنییە پابەند بێ بەبڕیاری دادگای فیدراڵی نابێ باجەکەی خەڵک بیدات، حەقە حکومەتی عێراقیش ڕێوشوێن بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی ڕێگرن لەتەوتین یاخود سستی دەکەن، لایەنی زیانمەندیش کە موچەخۆرە خۆی دەتوانێت بچێت لەدادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار بکاتەوە کەڕێگرە لەتەوتین و هاتنی موچەکەی."

سۆران عومەر دەشڵێت "هۆکاری پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من، ئەوەیە حکومەتی هەرێم ئەوەی لەبانکی ئەهلی بۆی دەکرێت، لە تەوتین لەبانکی حوکمی بۆی ناکرەت و لێشی قبوڵ ناکرێ."

ئەندامی لیژنەی ئابوری لەپەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئەم مانگی چوارەش حکومەتی عێراق دوای ئەو هەموو فشار و داواکاری و پاڕانەوە، داوایان کردووە لە دادگای فیدراڵی، ئینجا دادگای فیدراڵی نوسراوەیەکی ناردووە کە ئەم مانگەش پارە بۆ هەرێم بنێرن،ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕوونی ئاماژەی بەوەکردووە کەموچەی مانگی چوارییان بۆ هەرێم ناردووە لەسەر بنەمای ڕێنمایی وەزیری دارایی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر بنەمای نوسراوێکی سەرۆکی دادگای فیدراڵی، ئەی مانگی داهاتوو؟ ئەوە واتا ئێستا تەوتینییان دەستپێنەکردووە و داهاتی نانەوتیان ڕادەستی بەغداد نەکردووە، ئەو پاڕانەوەی حکومەتی هەرێم بۆ مانگی چوار کردی دەیسەلمێنێت حکومەتی هەرێم نایەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات."

دەشڵێت "بەشێک لەو بانکانەی ناو هەژماری من خۆیان بانکی باشن کێشەیان نییە، بەڵام بانکی ئەهلین و بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت، بانگەشەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو بانکانە لەناو پڕۆژەی هەژماری من وایکردووە کەئەوان باجی بێ متمانەیی حکومەتی هەرێم دەدەن ، چوونکە خەڵک بڕوای بەحکومەتی هەرێم نییە."

XS
SM
MD
LG