Accessibility links

سۆران عومەر: لە 20 مەرزی لاوەکی هەرێم بە شێوەی قاچاخ و لەژێر کۆنتڕۆڵی حزبدا بازرگانی ئەنجام دەدرێت


لە هەرێمی کوردستاندا، لە ڕێگەی" 20 مەرزی ناڕەسمی" کە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە دانپێدانەنراون، بازرگانی ئەنجام دەدرێت و بەشێک لە کاڵاو شمەکە قاچاخراوەکان لە ڕێگەیانەوە هاوردە دەکرێن، ئەمەش حکومەتی ناوەندی نیگەران کردووە.

بەپێی ئەو نوسراوانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، کە ناوشوێن و کۆدی دەروازەکانیان لەسەرە، لە هەرێمی کوردستان 20 مەرزی نافەرمی لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و هەولێر هەن کە بازگارنی جۆراوجۆریان تێدا ئەنجام دەدرێت، داهاتی مەرزەکان لە ژێر کۆنترڕۆڵی حزبدان و ناگەڕێتەوە بۆ داهاتی گشتی.

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق 4 مەرزی بە مەرزی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستان، ناساندووە، بەڵام لە 20 مەرزی لاوەکیەوە، لە هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی حزب، بازرگانی دەکرێت.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" 20 مەرزی دانپێدانەنراو هەن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەناسێنراون، ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی حزب، بازرگانیان تێدا دەکرێت و داهاتەکانیشیان ناگەڕێتەوە بۆ عێراق، لەم مەرزانە و لە مەرزە فەرمیەکانیش دیاردەی قاچاخی بەردەوامە،هەموو ئەو کاڵایانەش لەم مەرزانە بەناوی جۆراو جۆرەوە بازرگانیان تێدا دەکرێت، حکومەتی عێراق ئاگادارە لێیان."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، " محمد شیاع سودانی لە دواین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی بە وەزیری کشتوکاڵ ووت، بە هێنانی هێلکە بەشێوەی قاچاخ زیانتان بە ئابوری خۆتان و عێراقیش گەیاندووە، ئەو ناوی هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخانی بە دیاری کراوی هێنا."

ڕۆژی6ی مانگی 5 ی 2024، محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا، لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق کۆبوویەوە ، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق هێنانی هێڵکەی بە شێوەی قاچاخ لە مەرزەکانی باشماخ و پەروێز خان، بە مایە پوچ بوونی پڕۆژەکانی هێلکەی لە ناوەند و هەرێم باسکردووە و داوای ڕاگراتنی هاوردەکردنی هێڵکەی بە شێوەی قاچاخ کرد.

هێنانی هێڵکە بە شێوەی قاچاخ یەکێکە لە کاڵا دیارەکان کە حکومەتی عێراق جەختی لەسەر دەکاتەوە.لە عێراق 80 پڕۆژەی کێڵگەی پەلەوەری تایبەت بە هەێلکە هەن لەو ڕێژەی 22 کێڵگەیان لە هەرێمی کوردستانە، خاوەن کێڵگە پەرلەوەریەکانی هەرێمی کوردستان، 30ی مانگی 4 ی 2024،لە هەولێر خۆپیشاندانیان دژ بەهێنانی هێڵکەی قاچاخ و ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان ئەنجامدا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە کێڵگە پەرلەوەریەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە 3 ملیار و 800 ملیۆن هێلکەی خواردن بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێداویستی ناوخۆ 1 ملیار و دووسەد ملیۆن هێڵکەیە و بەشێکی هەناردەی خواروی عێراق دەکرێت

هەرچەندە، ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم ، لیستی ئەو کاڵا و خۆراکانەی کە هاوردەکردنیان قەدەغەدەکرێت، ئاڕاستەی مەرزەکان دەکات بەڵام نوسراوەکان وەک خۆیان جێ بەجێ ناکرێن و لەڕێگەی قاچاخەوە بەرهەمەکان هاوردە دەکرێن.

مەریوان کەریم لێپسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " مەرزی باشماح مەرزێکی نێودەوڵەتیە، بەهیچ جۆرێک هەر کاڵایەک بەپێی ڕێنمایی حکومەتی هەرێم نەبێت، ڕێگە نادرێت بێتە هەرێمی کوردستانەوە و ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە."

وتەبێژی مەرزی باشماخ وتیشی، "من ئاگادار نیم هێڵکە داغڵبکرێت بە قاچاخ ، هەرشتێک داغڵ دەکرێت پشکنینی بۆ دەکرێت و ڕێنماییە یاساییەکانی بۆ دەگیرێتە بەر پاشان داغڵ دەکرێت."

دەنگی ئەمەریکا بە مەبەستی زانینی ڕای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵەوەکرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.

ڕزگار حمد خدر ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری کشتوکاڵ و باسکردنی باقاچاخ هێنانی هێلکە ڕایگەیاند، " ئەو بابەتە ئێستا لە چوار چێوەی کارکردنی مندا نیە و من لە بواری گەنمی جوتیاران کارمکردووە."

کارگەی هێلکە
کارگەی هێلکە

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی پرسیارەکانی دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە.

ساڵی ڕابردوو، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق بە درێژایی 265 کیلۆمەتر لە ناحیەی قۆرەتوو تا ناوچەی هەورامان ژمارەیەک کامێرای چاودێری دانران بۆ چاودێریکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کەم کردنەوەی بازرگانی قاچاخ

بەرپرسێکی باڵا لە پاسەوانەی سنورسەر بە حکومەتی عێراق، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لە هێزەکانی پاسەوانی سنور بە وردی چاودێری مەرزەکان دەکەین و لەڕێگەی کامێرەی چاودێری و پاسەوانەکانەوە، هەرکاڵایەک بە سیستەمی گومرگی نەیەتە هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا دەگرین و ڕێگە نادەین بێتە ناو خاکی عێراق و هەرێمەوە."

ئەو بەرپرسەی پاسەوانی سنور وتیشی، " ئێمە ئەرکەکانمان لە چوار چێوەی چاودێری سنورەکاندایە و حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بەردەوامە تا سنورەکان بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات، لەو چوار چێوەیەشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەپەیوەندیدایە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:56 0:00

XS
SM
MD
LG