Accessibility links

سەرکردەیەکی تورکمان: دەستی ناوخۆیی بۆ پارە ماددەی هۆشبەر بڵاودەکاتەوە و لە دەرەوەش ئاسانکاری بۆ ناردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو عێراق دەکرێت


سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی ڕایدەگەیەنێت، عێراق بە ئامانج گیراوە و بە دەستی دەرەکی و ناوخۆیی ماددەی هۆشبەری تێدا بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش مەترسیەکی گەورەی لەسەر داهاتووی وڵات دروستکردووە.

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەستی ناوخۆیی بۆ پارە ماددەی هۆشبەر بڵاودەکاتەوە و لە دەرەوەش ئاسانکاری بۆ ناردنی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق دەکرێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەست بەسەر یەک ملیۆن و 600 هەزار حەبی هۆشبەر لە خوارووی عێراق گیرا و لە سنوری سلێمانیش دەست بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گیراوە، ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە."

بەپێی ئامارێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی 3 و 4 ی ساڵی 2024دا، دەستگیرکراوە بەسەر نیو تۆن ماددەی هۆشبەرو 750 کیلۆگرام حەبی بێهۆشکەردا، هەروەها دەستگیراوە بەسەر 349 پارچە چەکی گروپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەردا.

هەر بە پێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا نزیکەی سێ هەزار فرۆشیارو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەلایەن دادگاکانی عێراقیشەوە سزای لە سێدارەدان و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ 1500 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکراوە.

عەقید عەلی قەدوری، شارەزا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێم ڕووی لە زیادبوون کردووە، بازرگانەکان هەوڵ دەدەن برەو بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بدەن، بەڵام حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکان پلانییان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر داڕشتووە."

باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەندێک لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ڕووبەڕووی دەزگا ئەمنییەکان دەبنەوە، کاتێک دەزگا ئەمنییەکان هەوڵی دەستگیرکردن و دەستبەردا گرتنی ماددەکانیان دەدات.

سەبارەت بەوەی تاچەند مەترسی دروستبوونی باندی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرو دواجار بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە داهاتوودا لە ئارادایە، عەقید عەلی قەدوری وتی،"گەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت و باند دروست ببێت، مەترسی دروست دەبێت، وەکئەوەی لە هەندێک لە شارەکانی عێراق باندەکان ڕووبەڕووی هێزی ئەمنی دەبنەوەو هێزە ئەمنییەکان قوربانی دەدەن. دۆخەکە لەکوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەو حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان پلانی وردییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر داڕشتووە."

بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا نزیکەی 340 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی سلێمانی دەستگیرکراون، هەروەها دەزگا ئەمنییەکانی هەولێریش ئاماژە بە دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەکەن.

لە کۆتایی مانگی 4 ی 2024، هێزێکی هاوبەشی عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی هەڵمەتێکی هاوبەشیان لە سنوری قەزای دەربەندیخان ئەنجامدا، بەپێی وتەی دەزگا ئەمنییەکان، لەو هەڵمەتەدا دەستگیراوە بەسەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەردا لەجۆری کریستاڵ.

عەقید عەلی جەمال قەدوری، شارەزا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، دەڵێت،"دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم مەترسییەکانیان بەجدی وەرگرتووە و ئیشی جدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەکەن. بەتایبەت جوگرافیای عێراق لەبارەو بۆ بەڕێڕەو بوونی ماددەی هۆشبەرو ساغ کردنەوەشی لە بازاڕەکاندا."

بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێندە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ڕۆژانە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی گروپ و باندی ماددەی هۆشبەر لە ناوچە جیاجیاکان ڕادەگەیەنن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:21 0:00

XS
SM
MD
LG