Accessibility links

هەندێک لە شرۆڤەکاران سزاکانی ئەمەریکا و ئێران بە ڕەمزی ناودەبەن و دەڵێن سزاکان بێکاریگەرن


کۆماری ئیسلامی ئێران هەفتەی ڕابردوو لەهەنگاوێکدا وەک توڵەسەندنەوەیەکی ڕەمزی بەرامبەر بە سزا نوێیەکانی ئەمەریکا کە مانگی ڕابردوو پیشەسازییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان کردە ئامانج، سزای بەسەر پێنج کۆمپانیای ئەمەریکایی و حەوت کەسدا سەپاند و تۆمەتباری کردن بە پەرەدان بە تیرۆر و ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بانگەشەکانی ئێران سەبارەت بە پشتیوانی ئەو لایەنانە لە تیرۆر لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا تۆمەتی هاوشێوە دەخاتە پاڵ ئێران و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاران پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە دەکات.

هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەڵات و پێگەی بەرچاویان هەیە و پشتیوانی لە لایەنە دژبەرەکان لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا دەکەن.

پێدرۆ لەبایەن هێرێرا، توێژەر لە سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و سیاسەت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە "سزاکانی ئێران قورسایی کەمیان هەیە یان هەر هیچ قورساییەکیان نییە و ئەمەریکا وەک گەورەترین ئابووری جیهان، زۆر زیاتر لە ئێران دەسەڵاتی بەسەر سیستەمی دارایی جیهانیدا هەیە."

هێرێرا گوتیشی "دۆلاری ئەمەریکایی وەک دراوێکی یەدەگی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی جیهانی، هێزێکی زۆر بە سزاکانی ئەمەریکا دەبەخشێت و لە بەرامبەردا ڕیاڵی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران بەهایەکی کەمی هەیە و هەر بۆیە سزاکانی ئێرانیش کاریگەرییەکی کەمیان هەیە."

لە کاتێکدا سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا زیانیان بە ئابووری ئێران گەیاندووە، بەڵام شارەزایان سەبارەت بە کاریگەربوونی سزاکان لەسەر ئێران و گەیشتنی ئەمەریکا بە ئامانجە ستراتیژییەکانی، ڕای جیاوازیان هەیە.

مێریسا خورما، بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ویڵسن سەبارەت بە کاریگەری سزاکان بۆ سەر ئێران بە دەنگی ئەمەریکای گوت "بە دڵنیاییەوە سزاکان کاریگەری خراپیان لەسەر ئابووری ئێران هەبووە و هەڵاوسانی لەو وڵاتەدا بەرزکردووەتەوە و لە ڕێگەی زۆرترین فشاری ئابوورییەوە، فشارەکانی لەسەر حکومەت زیادکردووە و ئەمەش لەگەڵ ئامانجەکانی ئەمەریکادا یەکدەگرێتەوە."

بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکارانی دیکە وەک عەلی واعز، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئێران لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، پێیان وایە ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون تا ڕادەیەکی زۆر نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بەدی بهێنن کە بریتین لە وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی لە تیرۆر و باشترکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو ولاتەدا.

واعز بەدەنگی ئەمەریکای گوت "ئێران لە ناوچەکەدا شەڕانگێزتر بووە و لە ناوخۆشدا سەرکوتکردنەکانی زیاتر بووە و لە جارانیش زیاتر لە لێواری چەکی ئەتۆمی نزیکتر بووەتەوە."

ئایا سزاکان ڕژێمی ئێران دەگۆڕێت؟

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی 1979ەوە، ئەمەریکا لە ژێر بەڕێوبەراتییە یەک لە دوای یەکەکاندا چەندین سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.

مەهدی قودسی، مامۆستا لە پەیمانگای ڤیەنا بۆ لێکۆڵینەوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سزاکانی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمریکای گوت "پێش شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئێران وڵاتێک بوو کە زۆرترین سزای ئەمەریکای بەسەردا سەپێندرابوو."

قودسی گوتیشی "سزاکان عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و هەر کەسێک کە لەلایەن ئەوەوە دەستنیشان کرابێت و هەروەها بە ئەگەرێکی زۆرەوە سزای کەرتی گشتی و نیمچە گشتییەکانی ئێران کە 70بۆ80%ی بەرهەمی ناوخۆیی ئێران پێکدەهێنن، کردووەتە ئامانج."

بەرپرسانی ئەمەریکا لە ژێر بەڕیوبەرایەتی بایدن ڕایانگەیاندووە تاران بۆ ئەوەی لە سزاکان دەربازی بێت، دەبێت پێش هەموو شتێک بە هەموو ئەو پرسانەی لە سزاکاندا هاتووە، پابەند بێت."

بەڵام شارەزایان دەڵێن پێناچێت ئەمەریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.

واعز لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "سزاکان بە ئاراستەیەکدا ڕۆیشتوون کە تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانرێت هەڵبگیرین، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە شوێنی خۆیدا نەمابێت."

گوتیشی "هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ڕژێم لە ڕێگەی سزاکانەوە لە مێژوودا لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا بێکاریگەر بوون."

سزاکان لە بەرژەوەندی چیندایە

سەرەڕای ئەنجامە جیاوازەکانی سزاکان، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە کە توندکردنەوەی زیاتری سزاکان، دەرئەنجامە خوازراوەکان باشتر دەستبەر دەکات.

جانێت یێڵن، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند واشنتن هەوڵدەدات هەناردەی نەوتی ئێران زیاتر کەم بکاتەوە و گوتیشی "پێدەچێت ڕێکاری زیاتریش هەبێت کە بتوانین بیگرینەبەر."

بەڵام دەرنجام و کاریگەری سزاکانی سەر ئێران تەنها خوودی ئێران ناگرێتەوە، بەڵکو دەرئەنجامی لەسەر دەرەوەی ئێرانیش هەیە.

بۆ نموونە سزاکانی ئەمەریکا کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەکەنە ئامانج، کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانیش هەیە و بە شێوەیەکی نەخوازراو پێدەچێت سزاکان سوودی بۆ وڵاتی چینی ڕکابەری سەرەکی ئەمەریکا هەبێت کە نەوتی ئێران بە نرخێکی زۆر نزم دەکڕێت.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێران دوای دابەزینی هەناردەکردن بەهۆی توندبوونەوەی سزاکانی ئەمەریکا لە سەردەمی بەرێوبەرایەتی بایدن ترامپدا، ئێران بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی بەخۆیەوە بینیوە و لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا 26 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

لەنووسینی ئەکمەل داوی-دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG