Accessibility links

ئێران حەوت ئەندامی ئەو کەشتیە پورتوگالیە ئازاد دەکات کە لە مانگی ڕابردوو دەستی بەسەردا گرت


وەزارەتی دەرەوەی پورتوگال ڕایگەیاند، ئێران ڕۆژی پێنجشەممە حەوت کەسی لە کۆی 25 تیمی ئەو کەشتییە ئازاد کردووە کە ئاڵای پورتوگالی لەسەر بوو و لە 13ی مانگی چواردا لە کەنداو دەستی بەسەرداگیرا.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پێنج کەسی هیندستانی، کەسێکی فلیپینی و ئیستۆنییەک لە MSC Aries "ئەمڕۆ ئازادکراون". پێشتر ئەندامێکی دیکەی هیندستانی تیمەکە ئازاد کرابوو.

پورتوگال پێشوازی لەو هەنگاوە کرد بەڵام لە هەمانکاتیشدا داوای "ئازادکردنی دەستبەجێ"ی 17 ئەندامەکەی تری کەشتی MSC Aries ی کردووە، کە لە نزیک تەنگەی هورموز دەستی بەسەردا گیرا هاوکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

ئێران کاتێک دەستی بەسەر ئەو كەشتییەدا گرت گوتی، ئەو کەشتییە بارهەڵگرە پەیوەندی بە ئیسرائیلیەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئێران هێرشێکی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بێپێشینەی کردە سەر ئیسرائیل دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی کە ئیسرائیلی پێ تۆمەتبارکراوە، بۆ سەر کۆنسۆڵخانەی ئێران لە دیمەشق حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران کە دوانیان پلەی ئەفسەریان هەبوو.

ئێران خاوەنی کەشتییەکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو کاتەدا وتی "دڵنیایە کە ئەم کەشتییە سەر بە ڕژێمی زایۆنیستییە."

پورتوگال ڕۆژی 16ی چوار باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد و داوای ئازادکردنی کەشتییەکە و تیمەکەی کرد. ئێران 27ی چواردا ڕایگەیاند کە بیر لە ئازادکردنی زیاتری کارمەندانی کەشتییەکە دەکاتەوە.

وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە 10 ڕۆژ لەمەوبەر بە تەلەفۆن پێکەوە قسەیان کرد.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG