Accessibility links

دەستگیرکردنی مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە


دوای بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک نوسینی تەنزئامێز و دانانی چەندین "کۆمێنت" لەسەر چالاکییەکانی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە دەستگیرکرا بە تۆمەتی ناوزڕاندن و ئەمەش کاردانەوەی بەشێک مامۆستایانی زانکۆی بە دوای خۆیدا هێنا.

دوێنێ سێشەممە 7ی مانگی پێنجی 2024 لەسەر سکاڵایەکی مەهابات کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، مامۆستا ئوسامە ئەشرەف مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی 24 کاتژمێر مامۆستاکە ئازادکرا.

بەڵام بەرامبەر دەستگیرکردنی، ڕۆژی چوارشەممە بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکاران گردبوونەوەیان ئەنجامدا و دەستگیرکردنەکەیان بە "ڕێگری کردن لە ئازادی ڕادەربڕین" دانا و داواینکرد مامۆستاکە ئازادبکرێت.

د.هۆشمەند عەتا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ناوی بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، "ئەو مامۆستایە لە پەڕەی تایبەتی خۆی چەند نوسینێکی بلاوکردوەتەوە و چەند سەرنجێکی دەربڕیوە دەستگیرکراوە، ئێمە کۆبووینەتەوە بۆ دوو پەیام: یەکەم، داواکارین هەرچی زووە ئەو سکاڵایە بکشێنەوە، پەیامی دووەم ئەوەیە، زانکۆ بەرزترین ناوەندی مەعریفیە نابێت ڕێگە بدرێت جارێکی تر مامۆستا لەسەر دەربڕینی ڕا دەستگیر بکرێت."

هۆشمەند عەتا وتیشی، "وەزیری خوێندنی باڵا لە لەگەڵ دەستگیرکردنی مامۆستاکەدا لەسەر هێڵە لەگەڵمان، دوادەکەین شوێنی بەڕێوبردنی گشتی بەخراپی بەڕێوەنەبرێت. ناوەندی ئەکادیمی پێویستی بە عەقڵی گەورە هەیە و داوا دەکەین ئەو بڕیارانەی هەن بۆ گۆڕانکاری لەم زانکۆیە خێراتر بکرێن."

بەپێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، مامۆستاکە بە مادەی دوو لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن ،دوای بینی سەرنج و نوسینەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دادگای هەڵەبجە لەلایەن دادوەرەوە بەندکراوە، تا دادبینیکردن لە کەیسەکەی .

مادده‌ی دووه‌م لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن دەڵێت، "هه‌ر كه‌سێك گه‌ر به‌ خراپی ته‌له‌فۆنی خانه‌یی (مۆبایل) یا ئامێرێكی په‌یوه‌ندی كردنی ته‌لدار یان بێ ته‌ل یان ئه‌نته‌رنێت یان پۆستی ئه‌لكترۆنی بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌ كردن یان تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن (قزف) یان جنێودان یان بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو به‌كارهێنا كه‌ ترس په‌یدا ده‌كات یان دزه‌ی به‌ گفتوگۆكردن كرد یان وێنه‌ی چه‌سپاو وجوولاویان كورتیله‌ نامه‌ی (مه‌سج) بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ل خۆو ره‌وشتی گشتیدا ناگونجێن یان به‌بێ روخسه‌ت و مۆڵه‌ت وێنه‌ی گرت یان كاروبارێكی وا كه‌ شه‌ره‌ف بریندار بكات یان هانی ئه‌نجامدانی تاوان یان كاری به‌دره‌وشتی یان بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری په‌یوه‌ست به‌ نهێنی ژیانی تایبه‌ت یان خێزانی بۆ تاكه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت چنگی كه‌وتن هه‌تا ئه‌گه‌ر راستیش بن، ئه‌گه‌ر به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌یان و دابه‌شكردنیان سووكایه‌تی یاخود زیانیان پێ بگه‌یه‌نێ، ئه‌وا بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ند ده‌كرێت كه‌ له‌ شه‌ش مانگ كه‌متر نه‌بێت و له‌ پێنج ساڵیش زیاتر نه‌بێت و به‌ غه‌رامه‌یه‌كیش سزاده‌درێ كه‌ له‌ یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێ یان به‌ یه‌كێك له‌و دوو سزایه‌ سزاده‌درێت."

کۆچەر کەریم هاوسەری مامۆستا دەستگرکراوەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مامۆستا ئوسامە لە پەڕەی خۆی لە فیسبوک هەر نادادپەروەریەک ببینێت بێدەنگ نابێت، بەڵام ئەوەی ئەو نوسیویەتی ناوی کەسی نەهێناوە، سەرۆک زانکۆی هەڵەبجە سکاڵای لەدژ تۆمارکردووە کە لەسەر کەسایەتی ئەوی نوسیوە بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە."

دیمەنی باڵەخانەی زانکۆی هەڵەبجە .
دیمەنی باڵەخانەی زانکۆی هەڵەبجە .

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە مەهابات کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بەڵام ئەوەی بەدەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند هیچ لێدوانێکی لە ئێستادا لەسەر کەیسی دەستگیرکردنی مامۆستاکەی زانکۆی هەڵەبجە نیە و دەیەوێت دادگا لەسەر پرسەکە بڕیاربدات.

د.مەهابات کامیل چوار ساڵە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە و ماوەی کارکردنی بەپێی یاساکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا تەواوبووە.

ئێستا بانگەواز بۆ وەرگرتنی سیڤی بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە کراوە و 12 سیڤی بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆ ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاکراوە، بەڵام تا ئێستا یەکلانەکراونەتەوە.

ڕەزاوان عارف عەباس مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو نوسینانەی مامۆستا ئوسامە نوسیویەتی کاردانەوەن لەبەرامبەر کارەکانی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە. چۆن دەبێت سەرۆکی زانکۆ بەرگەی نوسینی مامۆستایەکی خۆی نەگرێت؟ ئەو لەسەر تەخشان و پەخشانکردنی دارایی زانکۆی هەڵەبجە دەستگرنەکراوە، تەنها نوسیویەتی ئەم هەنگاوە ترسناکە بە ئاڕاستەی کپکردنی دەنگی ئازاد."

دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، پەیوەندیکرد بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، ئاگاداری کەیسی مامۆستاکە و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەن و لە ئێستادا لە تاوتوێکردنی کەیسەکەن، دواتر هەڵوێستی ڕەسمی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەخەنەڕوو.

ئوسامە ئەشرەف نۆ ساڵە لە زانکۆی هەڵەبجە مامۆستایە و ئێستا وەک مامۆستا لە بەشی زانستەکۆمەڵایەتییەکان کاردەکات.

XS
SM
MD
LG