Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت دەروازەی کەرم شاڵۆم بۆ ناردنی یارمەتییەکان بۆ غەززە دەکاتەوە


دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی فریاگوزاری ڕایانگەیاند داخستنی دوو دەروازەی باشووری کەرتی غەززە، ڕەفەح و کەرەم شاڵوم بە شێوەیەکی کاریگەر ناردنی یارمەتی و سووتەمەنی بۆ ناوچەکە پچڕاندووە، ئیسرائیل ڕایگەیاند جارێکی دیکە دەروازەی کەرەم شاڵۆم دەکاتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا لە لایەن ئاژانسی ئیسرائیلی بەرپرس لە غەززە هاتووە کە "ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە،8ی مانگی پێنج دەروازەی کەرەم شاڵۆم لەسەر سنووری خۆی لەگەڵ کەرتی غەززە دەکاتەوە."هەروەها دەڵێت ئەو بارهەڵگرانەی کە لە میسرەوە بەڕێکراون لە ئێستادا لەژێر پشکنینی ئەمنیدان.

ئیسرائیل چوار ڕۆژ پێشتر لە کاردانەوە بە هێرشە موشەکییەکان کە تێیدا چوار سەربازی ئیسرائیلی کوژران، دەروازەی کەرەم شاڵۆمی داخستبوو.

هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە 7ی مانگی پێنج دوای داگیرکردنی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەح، دیوی فەلەستینی دەروازەی ڕەفەحی نێوان غەززە و میسریان کۆنترۆڵ کرد. نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا، هەردووکیان داخستنی ئەو دوو دەروازەیان سەرکۆنە کرد.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دەستبەسەرداگرتنی کەرتی فەلەستینی لە دەروازەی ڕەفەح لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە "هەنگاوێکی گرنگە" بۆ لەناوبردنی توانا سەربازی و ئابوورییەکانی گرووپی حەماس.

هەروەها کارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن داخستنی دەروازەی ڕەفەح کە تاکە دەروازەی چوونە ژوورەوەی سووتەمەنییە بۆ بارهەڵگر و مۆلیدەکان بۆ کەرتی غەززە، دەکرێت لێکەوتەی قورسی بەدواوە بێت.

ناوچەی ڕەفەح لە باشووری غەززە لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار فەلەستینی تێدایە کە لە باکووری ئەو ناوچەیەوە پەنایان بۆ ڕەفەح بردووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG