Accessibility links

جۆو بایدن: ڕۆژنامەگەری ئازاد پایەیەکی سەرەکی دیموکراسییە


لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا سەرۆک جۆو بایدن بەڵێنی پشتگیرییەکی بێوچانی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا دا دووپاتکردەوە.

سەرۆک بایدن جەختی لەسەر ئازایەتی و قوربانیدانی ڕۆژنامەنووسان کردەوە کە ماندوونەناسانە بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن و گوتی " ڕۆژنامەگەری ئازاد پایەیەکی سەرەکی دیموکراسییە و ئەو ژن و پیاوانەی لە سەرانسەری جیهاندا پشتگیری لێدەکەن کاری گرنگ دەکەن. ڕۆژنامەنووسان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و بەبەڵگەکردنی شەڕەکان و ڕووداوە بەپەلەکانی دیکەی جیهان و تیشک خستە هەڕەشەکان بۆ سەرسەلامەتی گشتی و خستنەڕووی ئەو زانیاریانەی کە پێویستە خەڵکی بیزانن."

سەرۆک بایدن سەبارەت بەو مەترسیانەی کە ڕۆژنامەوانان ڕووبەڕووی دەبنەوە ڕایگەیاند هەندێک لە ڕۆژنامەوانان لەپێناو ئەو کارەدا گیانیان بەختکردووە و هەندێکیش توشی برینی سەخت بوون یان ئازادییەکانیان لەدەستداوە و جەختی لەوە کردەوە " ڕۆژنامەوانی نابێت لە هیچ شوێنێکی جیهاندا تاوان بێت" و لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا گوتی "ستایشی ئازایەتی و قوربانیدانی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە سەرانسەری جیهان دەکەین کە هەموو شتێکیان لە مەترسیدایە لە پێناو بەدواداچوونی ڕاستییەکان."

سەرۆک بایدن سەرنجی خستە سەر ئەو ئاستەنگە زۆرانەی کە ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بوونەوە و ڕایگەیاند ساڵی 2023 یەکێک بوو لە کوشندەترین ساڵەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان لە یادەوەرییەکانی ئەم دواییەدا و یەکێک لە هۆکارەکانیشی بۆ شەڕی غەززە گەڕاندەوە " کە لەوێ ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەوان کوژراون و هەروەها زۆرینەی هەرە زۆریان فەلەستینین. بێجگە لەوەش ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 300 ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان زیندانی کران، کە زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی دەیان ساڵدا."

باسی لە ڕۆژنامەوانانی ئەمەریکایی ئیڤان گێرشکۆڤیچ و ئاڵسو کورمەشێڤا کرد کە لە ڕووسیا دەستگیرکراون " بەهۆی کارەکانیان" بۆ وۆڵ سترین جۆڕناڵ و ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا/ ڕادیۆ لبریتی. هەروەها ئاماژەی بە ئاستن تایسیش کرد کە نزیکەی 12 ساڵە لە سوریا " بە بارمتە گیراوە."

لە ڕۆژی جیهانی ڕۆژنامەگەریدا سەرۆک بایدن جەختی کردەوە لەوەی " ئەمەریکا داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکات کە بەهۆی تەنها ئەنجامدانی کارەکانیانەوە خراونەتە زیندانەوە. داوای پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەکەین لە هەموو شوێنێکدا، تەنانەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا."

بەڵێنیشی دا بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی میدیای ئازاد و سەربەخۆ لە سەرانسەری جیهاندا و گوتی " ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکان دژی ڕۆژنامەنووسان، بەهێزکردنی ئاسایش بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ، و پێشکەشکردنی پشتگیری یاسایی بۆ ڕۆژنامەنووسانی لێکۆڵینەوە لە سەرانسەری جیهان."

گوتیشی "لە هەفتەکانی داهاتوودا، لە وەڵامی سەرکوتکردنی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، وەک نموونەی دەستبەسەرکردنی ناڕەوای ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا، ڕێوشوێنی بڕیاری سەرۆکایەتی دەگرمەبەر. ئەم سەرکوتکردنەی ئازادی ڕۆژنامەگەری بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دەناسێنم و ڕێگە بە ڕێوشوێنەکان دەدەم، لەوانەش سزا و قەدەغەکردنی ڤیزا، دژی ئەو کەسانەی کە کردەوەی خراپەکاری بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەگەری دەگرنەبەر."

دووپاتیشی کردەوە ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران " بەشێکی گرنگی دیموکراسین چونکە ناڕەزایەتی ئاگادار گرنگە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی بەهێزتر و سەرکەوتووتر."

XS
SM
MD
LG