Accessibility links

پانۆرامای سەردانەکەی بلینکن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەڕایەوە بۆ واشنتۆن پاش سەردانە چەند ڕۆژییەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ ئەوەی هیچ شتیک ڕابگەیەندرێت لەسەر ڕێککەوتن یان سەودایەک لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، بۆ ئاگربەست و بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
سەرەک وەزیری ئیسرائیل بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، سەودا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، پەیوەندی نییە بە ڕاگرتنی شەڕەوە لە غەززە.

کەسوکاری بارمتەکانی لای حەماس دەستبەسەرن، هەروادێ و فشارەکانی خۆیان زیاتر دەکەن لەسەر حکومەتەکەی بەنجامین نەتەنیاهۆ، تا ڕێککەوتنێک بکات لەگەڵ ڕێکخراوی حەماسدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
خۆپیشاندانە فشار ئامێزەکان لەهەردوو شاری ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤ بەردەوامن.
لە تەلئەڤیڤ خۆپیشاندەران، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێگە سەرەکییەکانیان گرتبوو و داوای "سەودایەکی دەستبەجێیان دەکرد بۆ ڕاگرتنی خوێنڕژان و هەروەهاش کارکردن بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان."
لە ئۆرشەلیم، ژنان خۆیشاندانیان کرد و وێنەی گەورەی ئەو ژنانەیان دانابوو کە بە بارمتە گیراون لای حەماس. دانانی وێنەی بارمتە ژنەکان لە نزیک ماڵی سەرەک وەزیری ئیسرائیلەوە، بە مەبەستی وەبیرهێنانەوەی نەتەنیاهۆ بووە کە هەموو چاوەکان لەسەر حکومەتەکەیەتی هەتا بگاتە سەودایەک و بارمتەکان بگەڕێنەوە نێو ماڵی خۆیان.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تەلئەڤیڤ دیداری هەبوو لەگەڵ کەسوکار و پشتیوانانی بارمتە ئیسرائیلییەکانی حەماس دەستبەسەری کردوون.
ئەمەریکا، حەماس بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست دادەنێت.
ئەمە حەوتەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ئەو ناوچەیە لەوەتای ڕۆژی 7ی مانگی دەی ڕابردووەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و شەڕی ئیسرائیل حەماس هەڵگیرسا.
ئەنتۆنی بلینکن، لە هەوڵی هێنانە ئارای ئاگربەستێکدایە هەتا بارمتەکان ئازاد بکرێن و ئەو شەڕەش هێور ببێتەوە کە بۆتە مایەی کوژرانی نزیکەی 35 هەزار فەلەستینی، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە.
بلینکن و یوئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەر ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ناوچەی "کەرم شەلۆم"یان کرد کە درێژ دەبێتەوە بۆ ناو غەززە.
بلینکن دەڵێت، ئیسرائیل لەبەردانەواندنی گرنگی کردووە بەمەبەستی ڕێگەدان بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ فەلەستینییەکان و هەروەهاش بۆ گەیشتن بە سەودایەکی ئاگربەست و دەشڵێت جیهان چاوەڕوانی حەماسە تا ئەم دەرفەتی ڕێککەوتنە پەسەند بکات.
ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت "حەماس لەسەریەتی بڕیار بدات لەسەر ئەگەر و نەگەری پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە کە لە ڕاستیدا بۆ باشتر کردنی ژیانی ئەو خەڵکەیە کە حەماس دەڵێت بە تەنگیانەوەیە. کات بەبەریەوە نەماوە بۆ دواخستن."
بەپێی ڕای چاودێر، بلینکن لەو سەردانەیدا ئەو پەیامەی گەیاندۆتە حەماس کە "لەبەردانەواندنەکانی ئیسرائیل هەنگاوێکی ئەرێنین بە ئاڕاستەی ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکانیشدا و لەوانەیە جارێکی تر ئاوەها دەرفەتێک نەڕەخسێت و هەر بۆیە داوا دەکات سود لەو دەرفەتە وەربگیرێت."
ماثیو لی، چاودێر لە ئەسیۆسێتد پرێس دەڵێت "پەیامێکی تری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیلییەکان بووە و پەیوەندی هەبووە بە زیادکردنی ئەو کۆمەکە مرۆییانەی دەگەیەندرێنە دانیشتوانی غەززە؛ پەیامێکی تریش سەبارەت بە ناوخۆی ئەمەریکایە و دەشێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو ڕەخنە و ناڕەزاییانەبن کە لە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدن دەگیرێن."

پاش کۆتاییهێنان بە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل و ئوردون و عەرەبستانی سعودیە، بلینکن گەڕایەوە بۆ ئەمەریکا بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک سەبارەت بە ئاگربەست هەبێت، بەڵام دواتر ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی حەماس وتوویەتی "حەماس بە گیانێکی ئەرێنیانەوە تاوتوێی پێشنیازی ئاگربەست دەکات." وەک لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژی پێنجشەممەی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسدا هاتووە.
فڕانس پرێس دەنوسێت "هەنییە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ عەباس کامل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسردا، سوپاسگوزاریی خۆیی دەربڕیوە بۆ ئەو ڕۆڵەی میسر و قەتەر و ئەمەریکا دەیبینن وەک ناوبژیکەر لە وتووێژەکاندا و جەختیشی کردۆتەوە لەوەی حەماس بە گیانێکی ئەرێنیانەوە تاووتوێی ئەو پێشنیازی ئاگربەستە دەکات."
بەپێی ئەو پێشنیازەی واشنتۆن و قاهیرە و دۆحە؛ بۆ 40 ڕۆژ شەڕ ڕادەگیرێت و دەیان بارمتە ئاڵوگۆڕ دەکرێن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر زیاتری گیراوە فەلەستینییەکان.

بێنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت ناخوازێت شەڕ ڕابگرێت هەتا سەودایەک لەسەر بارمتەکان بەدەست بێنێت و دەشڵێت ئاگربەست هەبێت یان نەبێت، بەرنامەی هێرشێک بۆ سەر شاری ڕەفەح بەجێدەگەیەنرێت لە کەرتی غەززە، کە بەلانیکەم یەک ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی ڕوویان تێکردووە.
چاودێر چاویان لەسەر ئەوە بووە سەودایەکی هەمەلایەن ببینن بە ئەندازەیەکیش بێت ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیەش لە خۆ بگرێت لە بەرامبەر ئەگەری ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.

شیکەرەوە دەڵێن، بلینکن لەم سەردانەیدا نەیتوانی بەرەوپێشچونێک بێنێتە ئاراوە.
برایان کاتولیس، لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت لەوبڕوایەدایە "تەگەرەی سەرەکی ئەو ڕاستیەیە کە حکومەتێکی ئیسرائیلت هەیە بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهۆ، ئەو دەنگە ناڕازیانەی لە خۆ گرتووە کە دژی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینین، هەروەها سعودییەکانیش بە ئاشکرایی دەڵێن دەیانەوێت بە زووترین کات ئاگربەست ببینن لە غەززە و دەشیانەوێت وابەستەییش ببینن بە ئاڕاستەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستیندا. "
کاتولیس دەشڵێت، لە هەفتەی ڕابردوودا لە سعودیە بووە و پەرەسەندنێکی زۆریش هەبووە لە پەیماننامەی لەشکریی و ڕێککەوتنە دوو لایەنەکانی تری نێوان واشنتۆن و ڕیازدا، بەڵام هێندە بەرفروان نییە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا لەخۆ بگرێت.

سەرچاوەکان:
دەنگی ئەمەریکا / ئەسیۆسێتد پرێس / فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG