Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەڵامی ڕاپۆرتەکەی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی دەداتەوە لەسەر گوایە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکاندا


دەستەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئامادەی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤدا بکات.

ئەو دەستەیە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "بەڕێوەبەرایەتییەکە دان بە گرنگی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤدا دەنێت".

ئەم ڕاگەیاندنەش لە کاتێکدایە لە 17 ئەم مانگە ( مانگی چوار) ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی دوای سەردانێکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بەڕێوەبەرایەتییەکەی تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی زیندانیان و کەسوکاری چەکدارانی داعش.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕەنگە ئەم تاوانانە ببنە تاوانی جەنگ.

کەمال ئاکیف، وتەبێژی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتەکەی " لە سایەتی هاوکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر" ئامادە کردووە.

ئاکیف تاوانەکانی کە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتدا هاتووە لەگەڵ هەندێک لەو خاڵانەی ئاماژەی پێکراوە ڕەتکردە و گوتی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت.

ئاکیف گوتیشی "دەشێت ئەو پێشێلکاریانە لەلایەن هەندێک کەسەوە ئەنجام درابن، بەڵام ئەمە ڕێبازی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نییە."

لە بەشێکی زۆری ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانیدا باس لە دوو گرتووخانە سەرەکییەکە کراوە، کە بریتین لە زیندانی پانۆراما لە حەسەکە و زیندانی کەمپی ئەلچینی لە شەداد، کە هەردووکیان هەزاران چەکداری داعشی تێدایە کە پاش هێرشی باخۆز، لە کۆتایی مانگی سێی 2019 خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرد.

کە ئەم دوو زیندانە لەلایەن هەسەدە و هاوپەیمانانەوە بەڕێوە دەبرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کاروباری دەرەوەیی تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جهانی داوای چوونە نێو ئەو زیندانانەیان نەکردووە و نەچووەتە گرتووخانەکانەوە.

دەشڵێت "ڕەنگە تیمی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی لە سەر بنەمای تۆمەتەکانی شانە نووستووەکانی داعش بەشێک لە ڕاپۆرتەکەی سەبارەت بە زیندانەکانی ئەلچینی و پانۆراما ئامادە کردبێت".

چاودێران پێیان وایە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ، ئیدارەی خۆسەر دەستی بە لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی کردووە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکانی ئاشکرا نەکراون.

بەڵام ڕۆژنامەنووس عەبدولحەلیم سولەیمان هاوکاری ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت.

سولەیمان دەڵێت " هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، پرسیار و کێشەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ لە ناوچەکە چارەسەر دەکات."

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی ڕۆژی 17ی چواری 2024 دەسەڵاتدارانی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، تۆمەتبارکرد بەوەی پەنایان بۆ ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی تر بردووە لەدەمی دەستگیرکردنی دەیان هەزار کەسی گومانلێکراوی جیهادی و کەسوکاریان.

ئەو ڕێکخراوە چاودێرییەی بنەکەکەی لە لەندەنە ڕایگەیاند، زۆر پێدەچێت واشنتنیش پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی دەستگیرکراوانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی ڕۆژئاوای کردبێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ڕەوشی زیندانەکان و کەمپەکان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەکەیدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کەمپ و زیندانەکان، کە پێویستیان بە سەرچاوەی دارایی زۆرە.

کەمپی هۆل گەورەترین کەمپی دەستبەسەرکردنە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە 43 هەزار کەس لە 47 وڵاتەوە لەو کەمپەدان و بەشێکیشیان کەسوکاری جیهادییەکانی داعشن.

دەسەڵاتدارانی کورد لە مێژە داوایان لە حکومەتە بیانییەکان کردووە کە هاووڵاتیەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بەڵام حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە ترسی کاردانەوەی ناوخۆیی زۆر بە خاوی بە دەنگ ئەم داواکارییەوە هاتوون.

ڕێکخراوی لێبوردن ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی لەسەدا 94 دانیشتوانی هۆل و ڕۆژ ژن و منداڵن، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ کەسێک لەم کەمپانە تۆمەتبار نەکراوە و دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە لەبەردەم دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆدا دادگایی بکرێن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت کەمپ و زیندانەکان هەزاران قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە خۆبگرن، لەنێویاندا ئەو ژن و کچانەی کە بە زۆرەملێ هاوسەرگیریان لەگەڵ ئەندامانی داعش پێکراوە.

XS
SM
MD
LG