Accessibility links

بەرپرسێکی پارتی: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر لە ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە ئەنجامدراوە


بەرپرسی لقی 19 ی چەمچەماڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەی کێڵگەی گازی کۆرمۆری کردووەتە ئامانج، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکانەوە هەڵدراوە، یاخود لەو ناوچانەوە هەڵدراوە کە بەبۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دادەنرێن.

یوسف شوانی، بەرپرسی لقی 19 ی چەمچەماڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " پێنجەم جارە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بۆردومان دەکرێت و لیژنەکانی لێکۆڵینەوە ئەنجامیان نەبووە، بۆ کە کەسێک دەکوژرێت خێرا بکوژ دەستگیردەکرێت، بەڵام کێڵگەیەکی گەورە بۆردومان دەکرێت و تاوانباران دەستنیشان ناکرێن، کەواتە گروپەکان چاوساغییان هەیە."

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 26 ی مانگی 4 ی 2024، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی غاز و کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت بۆردومانکرا. جگە لەو زیانانەی بەر کێڵگەکە کەوت 4 کارمەندی بیانی گیانیان لەدەستداو 2 کارمەندی تریش برینداربوون.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، کێڵگەکە پێشتر چەندین جار لەلایەن هێزە چەکدارە شیعەکانەوە بۆمبارانکراوە، کاتێک کۆمپانیای داناگاز هەوڵیداوە کێڵگەکە فراوان بکات و گازی زیاتر بەرهەم بهێنێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم، هێرشەکەی ئێوارەی هەینی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ڕەوانەکردنی گازی بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگرت و بووە هۆی بڕینی ( 2500) مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەندێک گروپی لە یاسا دەرچووی عێراقی لە سنوری کەرکوکەوە هێرشەکەی سەر کۆرمۆریان ئەنجامداوە."

کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی سەرکارە تێیدا، ڕۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم دەهێنرێت، کۆمپانیاکە پلانی فراوانکردنی کێڵگەکەو بەرهەمهێنانی گازی زیاتری هەبووە، بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی سەر کێڵگەکە پلانەکانی پێ ڕاگرتوون.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران نایەوێت بەشێوەی خێرا عێراق ببێتە خاوەن گازی خۆی، تا کڕیاری گازەکەی خۆی بێت، لەم ڕێگەیەوە دۆلار دەستدەخات و بەرەنگاری ئابڵوقەی سەریشی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە."

دەشڵێت،"عێراق لە ڕێگەی واژۆکردنی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەوە بەرەو ئەمەریکا و تورکیا دەڕۆیشت، بۆیە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کۆتایی بە بێدەنگی ئێران هێنا."

لای خۆشیەوە بەهرۆز جەعفەر، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی پێیوایە، هەڕەشەکانی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەوکاتەوە دەستیانپێکرد کە ئەمەریکا لە مانگی 9 ی ساڵی 2021 بڕی 250 ملیۆن دۆلاری بەخشییە کێڵگەکە بۆ فراوانکردن.

بەهرۆز جەعفەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لێدانە لەبەرژەوەندی ئێران و ڕوسیا و ئەوان نایانەوێت گاز بگاتە دەستی خۆراوا. ناشیانەوێت عێراق بڕی گازەکەی بۆ ناوخۆ زیاد بکات، چونکە ئێران نایەوێت جێگرەوەی گازەکەی لە عێراق هەبێت."

هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوون لە ئەمەریکا. هەروەها دوای سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق ڕوویدا کە بووە هۆی واژۆکردنی 26 ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەبوارەکانی، ئاو، بازرگانی، ئابووری و چەند بوارێکی تر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق.

یوسف شوانی، بەرپرسی لقی 19 ی چەمچەماڵی پارتی دەڵێت،"پێش سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمەریکا، هێزە شیعەکان و ئێران فشاریان خستبووە سەر هەرێم، بەڵام سەردانەکە گەمارۆکانی سەر هەرێمی لابرد، بۆیە هێرشەکە پەیوەندی بەسەرکەوتوویی سەردانەکەشەوە هەیە."

کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام چەند کۆمپانیایەکی تورکیش کاری لۆجستی بۆ کۆمپانیا ئیماراتییەکە ئەنجام دەدەن و سودمەندن لە کێڵگەکە.

XS
SM
MD
LG