Accessibility links

کەسوکاری کچە کوژراوەکەی هەولێر دەڵێن ئەو دوو پیاوەی لە شوقەکانی ئیسکان فڕێیاندایە خوارەوە ئازادکردن بە کەفالەت نەیدەگرتنەوە


وردەکاری زیاتر سەبارەت بە کوشتنی ئەو کچەی لە شوقەکانی ئیسکان فڕێیاندایە خوارەوە
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:05 0:00

وردەکاری زیاتر سەبارەت بە کوشتنی ئەو کچەی لە شوقەکانی ئیسکان فڕێیاندایە خوارەوە

کوشتنی فەیروز ئازادی تەمەن 19 ساڵ هەفتەی ڕابردوو لە لایەن باوک و برا و چەند ئەندامێکی تری خێزانەکەیەوە هەرێمی کوردستانی هەژاند، بەتایبەت دوای ئەوەی دایکی هۆکاری کوشتنەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە دوو کەس کە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و هەوڵی کوشتنی دوای پێنج مانگ لە زیندانی کردنیان لە هەولێر ئازادکران.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 17-4-2024، تاوانێکی کوشتن لە گەڕەکی دارەتووی هەولێر ڕوویدا و دوای چەند کاتژمێرێک پۆلیسی هەولێر لە گرتەڤیدیۆیەکەدا بڵاویکردوەوە برای کچەکەیان دەستگیرکردووە کە بە پەشیمانییەوە دان بە کوشتنی خوشکەکەی دەنێت لە ڕێگەی دەمانچەوە و هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ" تانە و تەشەری خەڵکی."

بە گوێرەی لێدوانی دایکی کچەکە، فەیروز لە لایەن 5 بۆ 7 کەسەوە هێرشی کراوەتە سەر و باوکی لە نێوان هێرشبەرەکان بووە و براکەی لە کاتی خەودا کوشتویەتی.

نازە فەرهاد، دایکی فەیروز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکاری سەرەکی کوشتنی کچەکەم دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو دوو کەسەی کە کچەکەمیان لە شوقەکانی ئیسکان فڕدایە خوارەوە و دواتر لە ڕۆژانی ڕابردوو ئازادکران، چونکە کە ئازادکران یەکێکیان ڤیدیۆیان کردووە کە ئازادکراوە و هاوسەری پێشووم ئەم ڤیدیۆیەی بینیبوو، بۆیە توڕە بوو و هەڕەشەی کوشتنی لە من و چوار کچەکەم کرد و وتی یان ئێوە دەکوژم یاخود ئەو دوو کەسە."

فەوزیە
فەوزیە

فەیروز ئازاد تەمەن 19 ساڵ، کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی 17ی مانگی یازدەی 2023 لە نهۆمی پێنجەمی شوقەکانی ئیسکان لە هەولێر، لەلایەن دوو کەسەوە فڕیدرایە خوارەوە و دواتر گەیەنرایە نەخۆشخانە. کەسوکارەکەی دەڵێن هۆکاری ڕووداوەکە ئەوە بوو یەکێک لەو دوو پیاوە ویستبووی دەستدرێژی بکاتە سەر و ئەویش بەرگری کردبوو.

بە پێ بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو دوو کەسەی کە فەیروزیان لە شوقەیەکی شەش نهۆمی فڕیدایە خوارەوە ناویان ( م.ئ.ع) و ( ف.ز.س) و تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 35 ساڵدایە و کەسانی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن.

بە پێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی هەولێر کە مێژووەکەی بۆ ڕۆژی 18ی مانگی یازدەی 2023 دەگەڕێتەوە. واتا ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکەی ڕاگەیاند و بڵاویکردوەوە کە دوای لێکۆڵینەوەکانیان دەرکەوتووە هەردوو تۆمەتبار کە لەگەڵ کچە فڕیدراوە خوارەوەکە بوونە، لە ژێر کاریگەری خواردنەوە کحولییەکان، کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە و یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئەو کچەی لە شوقەیەکەوە خستووەتە خوارەوە. دواتر ئاسایش کەیسەکەیانی ئاراستەی پۆلیسی هەولێر کرد بۆ کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و ئاراستەکردنی بۆ لای دادوەر.

شاهین نەهرۆ، باوەپیارەی فەیروز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادوەر ساڵی ڕابردوو بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستیگریکردن".

ماددەی 406 لە نۆ بڕگە پێکهاتووە و ئاماژە بە تاوانەکانی کوشتن دەکات و شارەزایانی یاسایی دەڵێن بە هیچ جۆرێک بە کەفالەت ئازادکردنی ئەو کەسانەی تێدا نییە کە تاوانی کوشتن ئەنجامدەدەن یاخود هەوڵی کوشتنی کەسانی دیکە دەدەن تا ئەوکاتەی کەیسەکە دەرئەنجامی کۆتایی وەردەگرێت.

دەنگی ئەمەریکای لە ڕێگەی چەندین سەرچاوەوە هەوڵی دا بۆ گەیشتن بە دادگای هەولێر بۆ دڵنیابوونەوە لە وردەکارییەکانی کەیسەکە و ئەو ڕێوشوێنە یاساییانەی کە دادگاکە گرتونیەتیە بەر بۆ ئازادکردنی دوو تۆمەتبارەکەی دەستدرێژی سێکسی و هەوڵی کوشتنی فەیروز ئازاد دوای 5 مانگ لە دەستگیرکردنیان، بەڵام هیچ بەرپرسێک ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

داواکاری گشتی لێکۆڵینەوە لە دادگای هەولێر وەڵامی پەیوەندییەکانی دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە.

کارزان ئه‌میر، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پۆلیسی هه‌رێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کەیسی فەیروز ئازاد لە لای پۆلیسی هەولێرە، بەڵام هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە پۆلیسی هەولێریش بێ ئاکام بوون.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد لەبارەی ئەوەی ئەو دوو کەسە بە چ ماددەیەک دەستگیرکراون و بۆچی ئازادکراون بە کەفالەت، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

هەر بە پێی زانیاریەکان، دوای ڕووداوی کوشتنەکە سەر لەنوێ ئەو دوو کەسە بە بڕیاری دادوەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراونەتەوە.

پارێزەری ڕاوێژکار ئەردەڵان شیخ فاتیح بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە پێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەوارکراو، ماددەی 406 لە چەند بڕگەیەک پێکهاتووە کە تایبەتە بە تاوانەکانی کوشتن، هەر کەس ئەو مادەیە بیگرێتەوە ئەوە سزاکەی هەتا هەتای تا لە سێدارەدانە. بەڵام بەو پێیەی لە کوردستان لە سێدارەدان نیە، هەتا هەتای دەیگرێتەوە و بە هیچ جۆرێک بە کەفالەت کەسەکە ئازاد ناکرێت تا دۆسیەکەی دەرئەنجامی کۆتایی وەردەگرێت."

ئەو پارێزەری ڕاوێژکارە وتیشی، "بە دڵنیایەوە ماددەیەک گەر کەفالەت نەیگرێتەوە و دادوەر بڕیاری بە کەفالەت بدات بۆ تۆمەتبارەکە، ئەوە دادوەرەکە ڕووبەڕووی سزای کارگێڕی دەبێتەوە و دادگا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام لە کاتێکدا دادوەر لە ماددەی 406 و مادەیکانی دیکەی کوشتن دەتوانێت بڕیاری بەکەفالەت بدات ئەوکاتەیە کە لێ خۆشبوون لەلایەن کەسی بەرامبەرەوە هەبێت، ئەوکاتە دەکەوێتە دەست دەسەڵاتی دادوەر بڕیاری بەکەفالەت دەدات یاخود نا، بەڵام لە ڕووە یاسایەکەوە کەفالەتی تێدا نیە."

پارێزەر ئازاد دۆسکی لە سلێمانی پێی وایە یان بە یاسای ژمارە 406 تاوانبار نەکراون یان دەبێت کەسوکاری لێیان خۆشبووبن.

بەڕێز دۆسکی بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕوون کردەوە، "ماددەی 406 لێخۆشبوونی تێدانییە، چونکە تاوانەکە کوشتنە بە ئەنقەست. پێشتر کە ئەو کچە لەو شوقەکەدا بەردرابووەوە و خۆی لە ژیاندا مابوو، بە یاسا بەمە دەڵێن 31 لەسەر 405، واتا شروع لە قەتەڵ، کاتێک شیانی ئازادکردن دەبێت کە تەنازولی تیادابێت چونکە لە سەدا 90 تەنانەت 31 لەسەر 405یش حاکم بڕیاری ئازادکردنی نادات."

چەند سەرچاوەیەک بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند گوماندەکرێت دایک و باوەپیارەی فەیرۆز لە "ڕێگەی عەشایەریەوە" ڕازیکرابن بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەک بۆ ڕێگەدان بە ئازادکردنی دوو تۆمەتبارەکە. بەڵام دایک و زڕباویکی فەیروز دەنگۆیەکی وەها بەتوندی ڕەتدەکەنەوە.

نازە فەرهاد بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە. هیچ دانشتنێکی عەشایەری نەکراوە لە نێوانمان."

شاهین نەهرۆ کە دەکاتە باوەپیارەی فەیروز بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی کوشتندابووین لەگەڵ ئەوانەی کە فەیروزیان کوشت، هۆکاری سەرەکی ئەمەش تەنها ئەو دوو کەسەن کە لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە ڤیدیۆی خۆیانیان بڵاوکردووەتەوە کە لە زیندان ئازادکراون. ئیدی نازانین چۆن ئازادکراون و کێ ئازادیکردوون، لەکاتیکدا ئیمە دەزانین بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستیگرکراون و نابێت ئازاد بکرێن."

نازە فەرهاد، دایکی کچە کوژراوەکە، هەشت ساڵە لە هاوژینی یەکەمی جیابووەتەوە، وە هەر ئەوکات دادگا مافی بەخێوکردنی فەیروز و سێ خوشکەکەی داوەتە نازە.

فەیروز لە نێو خوشک و براکانی منداڵی چوارەم بووە. بە گوێرەی وتەکانی دایکی، لە سەروبەری جیابوونەوەیان، باوکی ئەشکەنجەی جەستەیی فەیروزی داوە و سەری تاشیوە، بۆیە فەیروز ناچاربووە ڕووبکاتە پەناگەی پاراستنی ژنان تا ئەوکاتەی دادگا مافی بەخێوکردنی فەیروز و سێ خوشکەکەی یەکلایی کردۆتەوە.

ئێستا دایکی داوا دەکات یاسا سەروەر بێت و دەڵێت تەواوی ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی کچەکەیدا هەبووە بە سزای خۆیان بگەیەنرێن و "بە هیچ شێوەیەک ئازاد نەکرێن."

بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە ژیار محەمد، ڕێکار حسێن, هێرۆ زەنگەنە و محەمەد مەجید هاوکارییان کردووە.

XS
SM
MD
LG