Accessibility links

عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا


لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

کوشتن، ڕفاندن، سەرکوتکردن، بێسەروشوێن کردن، ئەشکەنجەدان و ڕەفتاری نامرۆڤانە، سزادان، ڕەوشی زیندان و گرتوخانەکان، ئازادییە سیڤیلییەکان و چەندان بابەتی تری گرنگ و هەستیار، ڕاپۆرتی ئەمساڵی 2024ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای لەسەر داڕێژراوە.

هەموو ساڵێک، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاودەکاتەوە.

لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقیش لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دەیان و بگرە سەدان پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ کراوە.

زۆربوونی پێشێلکارییەکان

"لە ماوەی ئەم ساڵەی ڕابردوودا، ڕەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا خراپ بووە بەهۆی زیاتربوونی ئەو کۆتوبەندانەی هەردوو حکومەتی نێوەندی و هەرێمیش خستویانەتە سەر ئازادییە بنچینەییەکان و ژینگەی سیڤیلی." بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.

ڕوویانداوە لەسەر بنەمای تایفەگەرایی و نەژادی و هۆکاری داراییش."

سەرۆکی ڕێکخراوی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی واقیعیانەیە.
عەلی ئەلعەبادی دەڵێت "ئێمە وەک نێوەندەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، هەموو ئەو پێشێلکاریانە دەبینین کە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ دەکرێن لەناو عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەربۆیە ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا واقیعی ڕەوشی عێراقی باسکردووە."

کوشتن بە مەبەستی سیاسی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ باسکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ دادگاییکردنی ئەوانەی دەستیان هەن لە کوشتنی بە مەبەستی هاووڵاتیانی عێراقیدا بەڵام دەڵێت "ژمارەیەک ڕاپۆرت ئاماژەیان بە کردەی کوشتن کردووە بە دەستی حکومەت یان بەدەستی ئەوانەی سەر بە لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتن و ئەو کوشتنانەش هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە بڕیاری دادگاوە، بەو مانایەی هەموویان نایاسایین."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، نمونە دەهێنێتەوە، لەوانە "ڕۆژی 25ی مانگی 9، هێزەکانی حەشدی شەعبی کە سەر بە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی ئێرانیشن، لە بەغدا نور ئەلسەفار، دەکوژن. ئەلسەفار هاوڕەگەزخوازێکی ناسراو بووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک."

"کوشتن لەدەرەوەی بڕیاری دادگا لە سەرانسەری عێراقدا هەبووە کە مەبەستی سیاسیانەیان لە پشتەوەن؛ لە مانگی 7دا سێ گەورە کاربەدەست لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کوژراون. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیس موحەمەد میرزا، کاربەدەستی باڵای پێشووی دەزگای هەواڵگریی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە شارۆچکەی زاخۆ کوژراوە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو کوشتنەی ناوەتە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام یەپەگە، باڵە چەکدارەکەی پەکەکە، نکوڵی لەو گوناهبارکردنەی دەکات."

ڕاپۆرتەکە باس لە کوژرانی دوو ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و برینداربوونی ئەندامێکی تریشیان دەکات لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، هەروەهاش ئاماژەی بە ڕزگاربوونی ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دەکات لە هەوڵێکی کوشتن.

هەراسان کردن

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتیش ئەوانەی ڕەخنە لە سیاسەتمەداران و هێزە میلیشیاییەکانی وڵاتەکە دەگرن ، دەڵێن ڕووبەڕووی هەراسانکردن بوونەتەوە. عادل ئەلقەسیسی، ڕۆژی 25ی مانگی 5 لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاری بوو لە پارێزگای دیالە، پاش ئەوەی ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر و لێیاندا.

بێسەروشوێنکردن
ژمارەیەک ڕاپۆرت ئاماژەیان بە بێسەروشوێنکردن کردووە بەناوی دەسەڵاتدارانی ناو حکومەتەوە لەوانە، هێزی پۆلیسی فێدراڵی و یەکەکانی حەشدی شەعبییەوە. لیژنەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگەگرتن لە بێسەروشوێنکردن، داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، هەتا داواو مافەکانی قوربانییەکان بپارێزێت و دیاردەی بیشەروشوێنکردن بە تاوانێکی جودا لە تاوانەکانی تر بناسێنێت لەسەر ئاستی نیشتمانی.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی عێراق، ڕایگەیاندووە نزیکەی 12 هەزار خێزانی عێراق لە ساڵی 2017 هەتا 2023 ڕاپۆرتیان داوە خەڵک و کەسوکاریان دیارنەماون.

ئەشکەنجەدان و ڕەفتاری نامرۆڤانە
بەپێی دەستوری عێراق، ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی بە زۆر، قەدەغەیە؛ بەڵام ڕاپۆرتێکی زۆری متمانەپێکراو ئاماژە دەکەن بەوەی کاربەدەستانی حکومەت ئەو ڕێگەیانە بەکاردەهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، پۆلیسی فێدراڵ و حەشدی شەعبی و ژمارەیەک یەکەی دیاریکراوی هێزی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ هیچ بەرپرسیاریەتێک ڕەفتاریان کردووە، ئەو تۆماری دانپێدانانەی لە ڕێی ئەشکەنجەدانی گیراوەکانەوە وەرگیراون، خراونەتە بەردەم دادگاکان و دادگاش لەسەر بنچینەی ئەو دانپێدانانە زۆرەملێیانە بڕیاری خۆیداوە.

ڕەوشی زیندان و گرتوخانەکان

گرتوخانە و زیندانەکانیش لە ڕەوشێکی ناهەمواردان و ئەو ڕەوشەش بەشێکە لە بوونی مەترسی لە سەر ژیانی گیراو و زیندانییەکانیش بەهۆی کەمیی خواردن و زۆریی ژمارەی گیراوەکان و ئازاردانی جەستەیی، نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندە درمییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، نمونە گەلێک زۆرن کە دەسەڵاتداران ڕێگە نادەن کەسوکاری گیراو و زیندانییەکان سەردان بکەن و هەندێک ڕاپۆرت باس لە بەرتیلێکی گەورە دەکەن تا ئەو سەردانە بکرێت.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گیراو و زیندانیکراوان بە ڕێژەی لە سەدا 157 بەرز بونەتەوە.

ڕاپۆرتەکان لە هەرێمەوە دەڵێن، کێشەی زۆریی ژمارەی گیراوەکان، کێشەیەکی لە مێژینەیە، هەروەهاش نەبوونی مەرجە تەندروستییەکان و هەبوونی توندوتیژیی و نۆژەن نەکردنەوەی گرتوخانە و زیندانەکان، نەبوونی ژمارەی پێویستی کارمەند لەو دامەزراوانەدا، ئەمانەش کێشەی گەورەن.

دەستگیرکردن

بەپێی دەستور و یاسا، لە عێراق دەستگیرکردن بەبێ فرمانی دادوەر قەدەغەیە، تەنها لەو کاتەدا نەبێت کە کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا، لەکاتی ئەنجامدانی تاواندا کەسێک دەستگیر بکەن.

ڕاپۆرت زۆرن لەسەر دەستگیرکردن و ڕەشبگیریی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکان و حەشدی شەعبی و هەروەهاش هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، بەبێ ئەوەی گیراوەکان ئاگاداربکرێنەوە لەسەر چی دەستگیردەکرێن.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانیش دەڵێن "زۆر جار دەسەڵاتدارانی هەرێم، سەرکوتکارانە، ڕۆژنامەوان و چالاکوان و خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکردووە.

لە مانگی 8دا هێزێکی ئاسایشیی هەرێم، ئیسلام کاشانی، ڕۆژنامەوان دەستگیردەکات پاش ئەوەی ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێم گرتبوو لە سەر گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی دۆسێی موچە لە هەرێم. دوای دوو ڕۆژ لە دەستگیرکردنەکەی ئازاد دەکرێت، بەڵام کاتێک ئەو هێزەی ئاسایش دوای دەستگیرکردنی کاشانی، هەڵدەکوتێتە سەر ماڵەکەی هیچ فرمانێکیان بۆ پشکنین نیشان نەداوە.

زیندانیان و گیراوانی سیاسی

دەسەڵاتداران لە عێراق نەچوونەتە ژێر باری ئەوەی گیراو یان زیندانی سیاسی لە وڵاتەکەدا هەیە، بەڵام چالاکوانانی سیاسی جەختدەکەنەوە لەوەی، بەڵێ گیراو و زیندانی سیاسیش هەن و لەسەر بنەمای کار و چالاکیی سیاسی دەستگیرکراون بەڵام حکومەت بە ناوی تاوانی ترەوە باس لە دەستگیرکردنیان دەکات.

ڕفاندن

ڕاپۆرت زۆرن لەسەر ڕفاندن لەلایەن هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی سەر بە حکومەتیشەوە.

ڕۆژی 21ی مانگی 3، ئیلیزابێث سورکۆڤ، ڕۆژنامەوان و لێکۆڵەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، پاش ئەوەی ئاپارتمانەکەی جێدەهێڵێت لە بەغدا تا بڕوات بەرەو لێکۆڵینەوەکانی بۆ نامەی دکتۆراکەی، دیارنامێنێت و لەوەتای دیارنەماوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نەبیستراوە.

ئازادییە سیڤیلییەکان
ئازادی ڕادەربڕین و توندوتیژی و هەراسان کردن و سانسۆرکردن و ڕێگەگرتن لە ڕۆژنامەوانان و یاساکانی ناو زڕاندن و ئاسایشی نیستمانی و ئازادی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و ئازادی کۆڕ و کۆبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی ئاینی و ئازادی هاتوچۆی ناوخۆیی و دەرەوەیی و پاراستنی کۆچبەران و پەنابەران و مافەکانی پەنابەرێتی و گێڕانەوەی زۆرە ملێیی، پێشێلکردنی مافەکانی کۆچبەریی و دەرفەتی کار و چۆنییەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ ئاوارەکاندا، وەک لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئاماژەیان پێکراوە کێشەی زۆریان تیادا هەن لەو سۆنگەیەوەی کۆتوبەندێکی زۆر هەن لەسەر ئەو ئازادییە سیڤیلیانە و دەشنوسێت "کارمەندانی بواری میدیا و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی بە چەندان شێوازی جودا فشاریان دەخرێنە سەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و بە ئامانجی سنوردارکردنی ئازادی رادەربڕین. داکۆکیکاران لە ئازادییەکان گازەندەی ئەوە دەکەن لە یاساکاندا دەستنیشان نەکراوە چیین ئەو شتانەی دەبنە هۆکاری تێکدانی ئارامیی کۆمەڵایەتی و ئاژاوەگێڕان، هەربۆیە دەسەڵاتداران لە عێراقدا ئەو یاسایانە بەکاردەهێنن بۆ سنوردارکردنێکی بەرچاوی هەموو ئازادییەکان."

عەلی ئەلعەبادی، سەرۆکی ڕێکخراوی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ سنورداربوونی ئازادییە سیڤیلییەکان دەبەستێتەوە بە یاسای لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشانی بەعسەوە یان ئەو یاسایانەی لە سەروەختی سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشووی عێراق کاریان پێکراوە و دەڵێت "تا ئێستا چاکسازی یان دەستکاری هیچ یەکێک لەو یاسا کۆنانە نەکراوە لە کاتێکدا هەر هەموویان پێچەوانەی ئازادییەکانن، هەرچەندە لە ساڵی 2003وە سیستەمێکی نوێ لە عێراقدا فەرمانڕەوایە و چەندان ڕێککەوتن و پەیماننامەیشی مۆرکردووە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان."

بەڕێز ئەلعەبادی جەختیش دەکاتەوە لەوەی دەبێت ئەو یاسا کۆنانە لە عێراقدا بگۆڕدرێن، وەک دەڵێت "ئەگەر بویسترێت دەرفەتێک بۆ ئازادییەکان بکرێنەوە لە عێراقدا."

عەلی ئەلعەبادی دەڵێت "پێویستە بیرکردنەوە لە دۆسێی فەرمانڕەوایەتی عێراقدا گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەردا بێت و بیرکردنەوەکان ببنە بیرکردنەوەی دەوڵەتداری و بەرنوسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی سەروەختی بەعس بنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران، یان داوای چاکسازی لە یاساکانی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەوسا بکات، یاسای نوێ جێیان بگرنەوە کە لەگەڵ تەواوی مافەکانی مرۆڤدا بگونجێن."

ئازادیی کاری سیاسی

هەڵبژاردن و بەشداریی سیاسی، لایەنە سیاسییەکان، بەشداریی ژنان و کەمایەتییە بچوکەکان، بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە و دەنوسێت " هەڵبژاردنەکەی مانگی 12 لە 15 پارێزگای عێراقدا کرا، بە گشتی لای خەڵک ئەنجامەکان پەسەند بوون، وێڕای ئەوەی وەک دەگوترێت گەندەڵی (لەوانە کڕینی دەنگ) تۆقاندن و پێشێلکارییش هەبوون لە هەڵبژاردنەکەدا. چاودێرانی هەڵبژاردن دەڵێن، گەندەڵی تەگەرەی سەرەکییە لەبەردەم پێکهێنانی لایەنی سیاسیدا و پێویستە بەرتیل بدەن بۆ دڵنیابوون لەوەی داواکەیان پەسەند دەکرێت. ئەندامێتی لە هەندێک لایەندا باڵا دەستی دەبەخشێت بەتایبەتی کاتێک بابەت دێتە سەر دەرفەت بۆ خوێندن و بەدەستهێنانی هەلی کار."

گەندەڵی

بەپێی یاسا سزا دانراوە بۆ کاربەدەستە گەندەڵەکان، بەڵام حکومەت ئەو یاسانەی بەشێوەیەکی کاریگەر بەکارنەهێناوە، لەو ڕوانگەیەوەی یاسا ڕێگەیداوە هەندێک لەو کاربەدەستانەی بە گەندەڵی گوناهبار دەکرێن، لێبوردنەکان بیانگرێتەوە.

گەندەڵی، هێشتاش تەگەرە گەورەکەی بەردەم ناکارایی فەرمانڕەوایەتییە لە عێراقدا بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە.
کاربەدەستانی حکومەتی نێوەند و هەرێمیش، زۆرجار پارێزبەندییان هەن لەگەڵ گەندەڵییەکانیاندا. وەک لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا باسکراوە حکومەتی عێراق ژمارەیەک هەنگاوی گرتۆتەبەر دژ بە کاربەدەستە گەندەڵەکان و دەشڵێت "لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی هەرێم لە مانگەکانی 6 و 7دا 799 یاداشتی تۆمارکردووە لە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە، بەڵام 134 دۆسێیانی ناردووەتە دادگاوە."

ژنان

جیاوازیکردنی و پێشێلکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق درێژەیان هەن و قوربانییەکانی توندوتیژیی خێزانیی، لە زۆر باردا دوو دڵن لەوەی ڕاز و سکاڵاکانیان بۆ ئەفسەرانی پاراستنی کۆمەڵایەتی باس بکەن. بە پێی یاسا لە بەغدا و لە هەولێر، خەتەنەکردنی کچان قەدەغەیە؛ لە هەرێمی کوردستان وەک ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێن ڕێژەی خەتەنەکردنی کچان کەم بووەتەوە.

ڕێگەدراوە بەوەی "شەرەف" وەک داکۆکییەکی یاسایی بەکاربهێنرێت بۆ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی "شەرەف" بۆ توندوتیژی دژی ژنان قەدە‌غەیە.

یونامی، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ساڵانە لە سەرانسەری عێراقدا، سەدان ژن بە ناوی شەرەفەوە دەکوژرێن.
هەندێک لە خێزانەکان کار دەکەن تا ئەو کوشتنەی لەسەر شەرەف دەیکەن، وەک کردەیەکی خۆکوشتن دەربکەوێت.

ئەگەرچی تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیریی 18 ساڵییە بەلام بەپێی یاسا ڕێگەدراوە بە دادوەر ئەگەر توانایی جەستەیی هەبێت، ئەوا لە تەمەنی 15 ساڵیشدا دەتوانێت مارەبڕیان بکات.

بازرگانی سێکسی بە جەستەی منداڵانەوە، کێشەیەکی تری کۆمەڵایەتی و بەتایبەتیش هاوسەرگیریی کاتیی؛ زۆرجاریش هەردوو حکومەتی نێوەند و هەرێمی کوردستانیش وەها ڕەفتاری یاسایی لەگەڵ ئەو منداڵانەدا کردووە کە دەستدرێژی سێکسییان کراونەتە سەر، تاوانبارن نەک قوربانیی.

پێشێلکارییەکان لە عێراق زۆرن و هێشتا وەک چالاکوانان دەڵێن، عێراق کار و ئەرکێکی زۆری لە پێشە تا پەرەبدات بە دۆسێی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ماف و ئازادییەکان ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە فەرهەنگی وڵاتەکە.

عەلی ئەلعەبادی، سەرۆکی نێوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، هاوڕایە و دەڵێت بەڵام کێشەش هەن لەوانە "ئەو پێشێلکاریانەی لە عێراق دەکرێن بە شێوەیەک لە شێوەکان بە مەبەست و بە بەرنامەن بۆ قڕوقەپ پێکردنی خەڵک، وەک دەبینین، ڕۆژنامەوان و چالاکوان و ئۆپزسیۆنەکان داوای یاساییان لەسەر تۆماردەکرێت و تەخوین دەکرێن و ئەوجا سزا دەدرێن لە دادگاکاندا، ئەمانە بێ لەو کردەی کوشتن و هەڕەشە و ترساندنانەی بەرامبەریان دەکرێت"

بەڕێز ئەلعەبادی ئاماژەش بە ڕەوشی هەرێمی کوردستانیش دەکات و وەک دەڵێت "لە هەرێمیش ئازادییەکان سنوردارن و ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان لەناودەبرێن و دەستگیردەکرێن بە بیانوی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی. هەربۆیە داوا لە برایان دەکەم لە هەرێمی کوردستان هەتا دەرفەتێک بۆ ئازادییەکان بڕەخسێنن، چونکە گەلێک سکاڵامان پێگەیشتووە لەسەر ئەوەی بنەماڵە فەرمانڕەواکان لە هەوڵی کۆتوبەندکردنی ئازادییەکاندان."

عەلی ئەلعەبادی، ڕوی داواکانی ئاڕاستەی سەرەک وەزیری عێراق و ڕاوێژکارەکانیشی دەکات تا ڕاپۆرتی داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەیی بە هێند وەربگرن و کاری لەسەر بکەن بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

XS
SM
MD
LG