وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند نیوەی فەرماندەکانی حزبوڵڵا لە باشوری لوبنان لەناوبراون و لەشکری وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ وەدەرنانی حزبوڵڵا لە نزیک سنوورەکانی باکوری وڵاتەکەی بەردەوامە.
یوئاڤ گالەنت ڕۆژی چوارشەممە ئەمەی لەسەر پێگەکەی لە ئێکس بڵاوکردەوە و دەشڵێت نیوەکەی تری فەرماندەکانی حزبوڵڵا خۆیان حەشارداوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند بە تۆپباران و هێرشی ئاسمانی دەیان شوێنی حزبوڵڵا لە دەوروبەری گوندێکی باشوری لوبنان کراونەتە ئامانج.
ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لەسەر پێگەی ئێکس ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە و لە ماوەی چەند خولەکێکدا، لە دەوروبەری گوندی عیتا، نزیکەی 40 شوێنی حزبوڵڵا لەو هێرشەدا کراونەتە ئامانج، لەوانە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی و سەکۆکانی هەڵدانی موشەک کە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرابوون.
ئەڤیخای لێدوانی ئەفسەرێکی ئیسرائیلیشی بڵاوکردووەتەوە کە لە فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوری ئیسرائیل کاردەکات. ئەفسەرەکە دەڵێت هێرشەکان بە هەماهەنگییەکی ورد لە نێوان دەزگای هەواڵگری و یەکەی تۆپخانە و هێزی ئاسمانی ئەنجامدراون.
جەختی کردەوە لەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر شوێنەکانی حزبوڵڵا بەردەوام دەبن هەتا ئەو کاتەی ئارامی بۆ ناوچەکانی باکوری ئیسرائیل دەگەڕێتەوە و خەڵکەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حزبوڵڵا لەم بارەیەوە هیچی ڕانەگەیاندووە، تەنیا میدیاکانی دەڵێن ئیسرائیل تۆپباران و بۆردومانی عیتا دەکات.
سەرچاوە/ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل