Accessibility links

وێنەکانی مانگی دەستکرد هێرشەکەی سەر سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران و زیانەکان بەهۆیەوە پشتڕاست دەکاتەوە


لەکاتێکدا بەرپرسانی ئێران ڕەتیدەکەنەوە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ئەسفەهان هیچ زیانێکی لێکەوتبێتەوە، بەڵام وێنەکانی مانگی دەستکرد کە ڕۆژی دووشەممە بڵاو بوونەتەوە، ئەوە دەردەخەن کە هێرشەکە بەر سیستەمی ڕاداری بەرگری ئاسمانی دروستکراوی ڕووسیا کەوتووە و زیانی بەرچاوی پێگەیاندووە.

هێرشکردنە سەر 'سیستەمی بەرگری ئێس- 300'ی ئێران کە پێدەچێت لە ڕێگەی هێرشێکی زۆر سنوورداری ئیسرائیلییەکانەوە بووبێت، زیانەکەی زۆر زیاترە لەو زیانەی کە لە ئەنجامی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران لە 13ی مانگی چواردا دژی ئیسرائیل ئەنجامدرا، پێدەچێت لەبەر ئەمەش بێت کە بەرپرسانی ئێران تا دەگاتە ئایەتوڵڵا خامنەیی، هەوڵیانداوە زیانی هێرشەکەی سەر ئێران ڕەتبکەنەوە و هێرشەکە بە کەم و بچووک ناو ببەن.

شرۆڤەکاران پێیان وایە هەم ئێران و هەمیش ئیسرائیل کە ڕکابەری سەرەکی یەکترن لە ناوچەکەدا و ساڵانێکە هەڕەشە لەیەکتر دەکەن، ئێستا هەوڵدەدەن گرژییەکانی نێوانیان دوای هێرشەکانی ئەم دواییانە کەمتر بکەنەوە. هاوکات شرۆڤەکاران پێیان وایە لێدان لە پێشکەوتووترین سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران کە بۆ پاراستنی شوێنە ئەتۆمییەکانی بەکاری دەهێنێت، پەیامێکی گرنگی لە پشتەوە بووە.

نیکۆڵ گراجیوسکی، ئەندام لە پرۆگرامی سیاسەتی ئەتۆمی دامەزراوەی کارنێگی کە کتێبێکیشی سەبارەت بە ڕووسیا و ئێران نووسیوە، دەڵێت " ئەم هێرشە نیشانی دا کە ئیسرائیل توانای چوونە ناو سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی هەیە و دوایین هێرشیش سەلماندی کە وردبینییەکەی تەواو جێگەی سەرنج بووە."

وێنەکانی مانگی دەستکرد کە لە ڕێگەی کۆمپانیای 'پلانێت ڵەبز پی بی سی' (Planet Labs PBC )وە ڕۆژی دووشەممە لە نزیک فڕۆکەخانە و بنکەی ئاسمانی ئەسفەهان گیراون، ناوچەیەکی نزیکی شوێنەکە نیشان دەدات کە وەک خاڵی جێگیرکردن بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی کاری کردووە. نیشانەکانی سووتان لە وێنەکاندا لەو شوێنە هەمان ئەو شتەیە کە شیکارەکان لەنێویاندا کریس بیگێرز، شرۆڤەکاری وێنە، پێشتر وەک سیستەمێکی ڕاداری کە بۆ فڕۆکەی ئێس-300 بەکارهاتووە، دەستنیشانی کردبوو.

بیگێرز دەڵێت هەرچەندە سیستەمە بەرگرییەکەی ئێران لەو شوێنە پێویستبووە بۆ بەرگریکردن لە دامەزراوەی پیتاندنی ئەتۆمی نەتەنز، بەڵام بە پێی وێنەکان پێدەچێت ئێران ناچاربووبێت پێکهاتەکانی دیکەی سیستەمە مووشەکییەکەی لەو شوێنەدا پێش هێرشەکەی ئسرائیل لابردبێت و دەشڵێت "ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمەکە و شوێنەکەی و چۆنیەتی بەکارهێنانی، مانایەکی زۆری هەیە."

هێزی بەرگری ئاسمانی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 19ی مانگی چوار چەند جار تەقەیان کرد و ئێران گەشتە بازرگانییەکانی بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتەکەدا ڕاگرت و سەرچاوەکانیش ڕایانگەیاند تەقەکردنەکان بە بەهۆی هێرشێکی ئیسڕائیلەوە بوون، بەڵام تاران ڕووداوەکەی بە کەم زانی و وەک هێرشی زنجیرەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک وەسفی کردن کە بە ئاسمانی ئێراندا فڕیون.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز گوتی "ئەوەی ڕوویدا زیاتر لەوەی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بچێت، وەک یارییەک دەچوو کە منداڵەکانمان یارییان پێدەکەن."

بەڵام دوای هێرشەکەی سەر ئەسفەهان، عێراقییەکان شتێکیان لە باشووری بەغدا دۆزییەوە کە پێدەچوو پاشماوەی مووشەک بووبێت و ئەمەش لەگەڵ هێرشێکی گوماناوی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەیەکی ڕادار لە سوریا لە هەمان ڕۆژدا، ئەوە دەردەخات کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی سوریادا بۆ ناو عێراق فڕیون و پاشان لەوێیەوە موشەکیان ئاراستەی ئێران کردووە. ڕەنگە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووکیش لەگەڵ موشەکدا هەڵدرابن.

لەگەڵ ئەم ئاماژانەشدا بەڵام ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دوایین لێدوانیدا ڕۆژی دووشەممە جارێکیتر قسەکانی تارانی دووپات کردەوە و هێرشی موشەکی و هەرجۆرە زیانێکی لەئەنجامی ئەو هێرشەدا ڕەتکردەوە.

کەنعانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشە هەراسانکارییە هیچ زیانێکی بە هیچ شێوەیەک نەگەیاندووە و سیستەمی بەرگریی ئێران ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و بۆیە بە بۆچوونی ئێمە ئەم بابەتە شایەنی باسکردن نییە."

ساڵانێکە ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە ناتوانێت هەرجۆرە سیستەمێکی چەکی پێشوەختەی دروستکراوی بیانی، لەوانە موشەکی ئێس-300 بۆ ناو وڵاتەکە هاوردە بکات. ڕوسیا و ئێران لە ساڵی 2007 ڕێککەوتنێکی 800 ملیۆن دۆلاریان بۆ کڕینی هەندێ لەو سیستەمانە ئەنجامدا، بەڵام دوای سێ ساڵ مۆسکۆ ڕادەستکردنیانی بەهۆی ناڕەزایەتی توندی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ڕاگرت.

دوای ئەوەی ئێران لە ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکەی واژۆ کرد، ڕوسیا ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و پێدەچێت چوار کۆمەڵە موشەکی دژە فڕۆکەی ئێس-300ی بە ئێران دابێت.

پەیوەندی نێوان ئێران و ڕووسیا لەم ساڵانەی دواییدا قووڵتر بووەتەوە. مۆسکۆ بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهیدی ئێران بەستووە بۆ بەئامانجگرتنی شوێنەکانی ئۆکرانیا لە چوارچێوەی شەڕەکەی دژی ئەو وڵاتە. هەر ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەش بوون کە لە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەکارهاتن.

لەلایەکی دیکەوە تاران لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لێدوانی سەبارەت بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی سوخۆی 35ی ڕووسیا دەربڕیوە. لە مانگی نۆی ساڵی رابردوودا فڕۆکەیەکی ڕاهێنەری شەڕکەری YAK-130 دروستکراوی ڕووسیا لە ئێران بیندرا، مۆدێلکی فڕۆکە کە دەتوانرێت بۆ ڕاهێنانی فڕۆکەوانان بۆ فڕۆکەی سوخوی-35 بەکاربهێنرێت.

ڕووسیا ئێستا خاوەنی سیستمی مووشەکی دژە بالافڕی ڕووبەر بۆ ھەوای ئێس-400ە، بەڵام ئێس -300یش کە مەودای 200 کیلۆمەتر دەبرێت، توانای شوێنکەوتن و لێدانی چەندین ئامانجی لە یەک کاتدا هەیە و وەک یەکێک لە بەهێزترین چەکەکانی بەرگری ئاسمانی لە جیهان ئەژمار دەکرێت کە بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکەکان و هەروەها فڕۆکەکان بەکاردەهێنرێن.

گراجیوسکی دەڵێت "پێدەچێت ئێران پێویستی بە هاوکاری ڕووسیا هەبێت بۆ چاککردنەوەی ڕادارە زیانلێکەوتووەکان وهەروەها بەدوای چەکی نوێتریشدا بێت بۆ کرێن بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەوەندەش گۆشەگیر نەکراوە وهێشتا دەسەڵاتی هەیە."

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG