Accessibility links

کەجەکە هەڵکردنی ئاڵای تورکیا بە "ڕەوایەتیدان بە داگیرکاری" و پارێزگاری هەولێریش بە پرۆتۆکۆڵ ناوی دەبەن


دانانی ئاڵای تورکیا لە بەشێکی زۆری شەقامەکانی هەولێر و قەڵای هەولێر کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە. وتەبێژی کەجەکە لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا کارەکەی بە "بێڕێزی کردن بە خوێنی ئەو هاووڵاتیانەی بە هۆی بۆردومانی تورکیاوە گیانیان لەدەست" ناوبرد، بەڵام پارێزگاری هەولێر دەڵێت بەشێک بووە لە پرۆتۆکۆڵی پێشوازی لە سەرۆککۆماری تورکیا.

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ڕایگەیاند، "هەڵکردنی ئەو ئاڵایە بێڕێزییە بە خۆێنی هەموو ئەو سەدان هاوڵاتییە مەدەنیانەی باشوری کوردستان و عێراق کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا دا گیانیان لە دەست داوە، ڕەوتیدانە بە داگیرکاری و کردەوە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەر باشوری کوردستان."

وتیشی، "ئەو ئاڵایە لە کاتێکدا هەڵدەکرێت کە سی کیلۆمەتر ئەولاتر سوپای تورکیا بە تانک و تۆپ و تەیارە چیا و دۆڵ و دەشتەکان بۆردمان دەکات، گوندەکان چۆڵ دەکات و سروشتی کوردستان خاپور دەکات و سوپای تورکیا هێرشێکی نوێ داگیرکاری لە سەر باشور دەستپێکردووە ، بە تایبەت لە چیای مەتینا. لەم وادەیەدا هەڵکردنی ئەو ئاڵایە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای ڕژێمی بەعس لە هەولێر لە ساڵی 1996."

بەڵام پارێزگاری هەولێر هەڵکردنی ئاڵاکە وەک بەشێک لە پرۆتۆکۆڵی پێشوازی لە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ناودەبات.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "یه‌که‌مجار نییه‌ له‌ کاتی هاتنی سه‌رۆکی وڵاتان ئاڵا له‌ قه‌ڵات هه‌ڵبکرێ. هه‌روه‌ها ته‌نها ئاڵای تورکیا نییه،‌ به‌ڵکو ئاڵای کوردستان و عێراق و تورکیا به‌یه‌که‌وه دروستکراوه‌."

وتیشی،"ئه‌وه‌ش بابه‌تێکی پڕۆتۆکۆلییه‌ و له‌ هه‌موو دونیا کاری واکراوه‌ و ده‌کرێ."

هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لە هەولێر بۆ پێشوازی لە ئەردۆغان
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:13 0:00

ئەمڕۆ ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەردانی بەغدا گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێکرا.

وێڕای ناڕەزایەتیەکەی کەجەکە، هاوڵاتیانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەڵمەتێکی فراوانی ڕەتکردنەوەی کرداری هەڵکردنی ئاڵای تورکیا بەڕێوەدەبەن و ئێوارەی ئەمڕۆش بە گوێرەی یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێت، چەند گەنجێک وەک ناڕەزایەتی دەستدەکەن بە لێکردنەوەی ئاڵاکانی تورکیا کە لەسەر شەقامەکانی هەولێر هەڵواسراون.

بەرپرسانی پارتی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێت گوایە لەبەرامبەر تورکیا نەرمی دەنوێنن لە کاتێکدا بەرامبەر پەکەکە هەڵوێستیان توندە.

سەرباری خراپی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و پەکەکە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو، 17ی مانگی چوار، لە میانی وتارێکیدا لە دیداری سلێمانی، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی پارتییە، وەک ئاماژەیەک بۆ گەریلاکانی پەکەکە، ڕایگەیاند، "هیچ گروپێکی تیرۆرستی لەهەرێمی کوردستاندا بوونی نیە، تەنانەت لەناوچە سنورییەکانیش هیچ گروپێکی تیرۆرستی بوونی نیە. هەندێک وڵات بۆ هەندێک گروپ ناوی تیرۆر بەکاردەهێنن ئەمە بۆچوونی ئەوانە."

وەزیری ناوخۆی هەرێم گوتیشی، "کێشەیەک هەیە بەناوی کێشەی کورد، کێشەی کوردستان، کەس ئامادە نیە خۆی لەچارەسەری بنەڕەتی ئەم کێشەیە بدات."

لێدوانی بەرپرسەکەی حکومەت کاردانەوەی "ئەرێنی" بە دوای خۆیدا هێنا و داوادەکرێت ببێتە زەمینەی نزیک بوونەوەیان لە یەکتر.

دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو لێدوانەم زۆر پێخۆشبوو کە وەزیری ناوخۆ وتی. پێشتر ئەو قسەو هەڵویستە هەبوو، بەڵام چەند ساڵێک بوو نەمابوو، ئەو قسەیەم پێباشە جێبەجێ ببێت و ببێتە ئەمری واقع."

وتیشی، "هیوادارم پەکەکەش لە لایەک مڕاعاتی دۆخی هەرێم بکات، لەلایەکی تریش ئەم هەلە بقۆزێتەوە و ئەم قسەیە ورد بکاتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک لە نێوان پارتی و پەکەکە دروست ببیت کە کێشەی گەورەیان هەیە، بتوانن جۆرێک تێگەشتن دروستببێت و کێشەی نێوان کورد و کورد نەمینیت."

بەڵام کەجەکە، لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆ بە پێچەوانە لەگەڵ مامەڵەی پارتی لەگەڵیاندا لێکدەداتەوە و دەڵێت، "ئامارەکانی شەڕ قسەکانی ڕێبەر ئەحمەد پشتڕاستناکاتەوە."

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە ڕایگەیاند، " ڕاستە، هەندێک لە چاودێرانی سیاسی جۆرە نەرمییەک و گۆڕانکارییەک لە لێدوانەکەی ڕێبەر ئەحمەد دا دەبینن. ئێمەش هیوادارین کە پارتی بارزانی خۆی لە پاشکۆیەتی سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا رزگار بکات و ڕەوایەتی بە گوتاری سیاسی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەدات. بەڵام پێویستە ئەوە بڵێیم کە داتاکانی مەیدانی شەڕ ئەم لێدوانەی رێبەر ئەحمەد پشتراست ناکەنەوە."

ئاڵای کەجەکە
ئاڵای کەجەکە

وتیشی، "لەو کاتەدا کە ڕێبەر ئەحمەد ئەم قسانەی دەکرد، سوپای تورکیا لە مەتینا بە هەزاران سەربازەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد، ئەوەی کە سەربازەکانی تورکیای دەبردە سەر سەنگەر و تۆنێلەکانی گەریلا، چاوساغەکانی پەدەکە بوون. ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە 16 ی مانگەوە دەستی پێکردووە و ئێستا لە مەتینا شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی قورس هەیە."

بەرپرسانی پارتی بەردەوام ڕەخنە لە سیاسیەتی پەکەکە دەگرن لە ناوچەکەدا و دەڵێن کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکات و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم چالاکییە سەربازییەکانی دژی تورکیا ئەنجامدەدات.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سوپاسالاری پێشووی عێراق، پەکەکە بەوە تۆمەتباردەکات گوایە "خۆسەپێنن."

بابەکر زێباری ئەمرۆ بە تۆڕی میدایی ڕووداوی وتووە، "ئەوان [پەکەکە] هەرشوێنێکی جیهان بۆی دەچن خەڵک لەخۆیان دەکەنە دوژمن. ئێستا هەموو کوردستان ڕقیان لێدەبێتەوە چونکە خۆ دەسەپێنن لەسەر خەڵک، تەعدا لە خەڵک دەکەن و کەس لە خۆیان گەورەتر نابینن."

بەهۆی بەردەوامی هەبوونی شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکە، ژمارەیەکی زۆر لە گوندە سنوریەکان ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، و هێزەکانی تورکیاش بە درێژایی نزیکەی 30 کیلۆمەتر هاتوونەتە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

دیار جەمال هاوکاری ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:03 0:00
XS
SM
MD
LG