Accessibility links

ئەو کەسەی لە دەرەوەی دادگاییکردنی ترامپ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەهۆی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا


پۆلیسی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو کەسەی لە دەرەوەی ئەو دادگایەی کە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا تێیدا دادگایی دەکرا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و سووتا، بەهۆی قورسی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

ڕۆژی هەینی لە دەرەوەی دادگای مەنهەتن کە دادگاییکردنی دانۆڵد ترامپی تێدا بەڕێوەدەچوو، کەسێک لەبەردەم کامێرای پەیامنێراندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانە. شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە پیاوەکە پێش ئەوەی ئاگر لە خۆی بەردات، کۆمەڵێک کاغەزی لە جانتاکەی دەرهێناوە و فڕێیداوەتە هەوا.

پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەم کەسە مەبەستی بووبێت دانۆڵد ترامپ بکاتە ئامانج. پۆلیسی نیویۆرک ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا کردووە و ناوی مەکس ئازارێلۆ-یە و خەڵکی فلۆریدایە، دەڵێت باوەڕی بە " تیۆری پیلانگێڕی " هەبووە.

دادگاییکردنی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دادگایەک لە مەنهەتن لە نیویۆرک بەردەوامە و ڕۆژی هەینی هەڵبژاردنی 12 دەستەی سوێندخۆران و شەش جێگرەوەکەیان بۆ ئەم دادگایە کۆتایی هات.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخواردن بۆ دادگاییکردنی دانۆڵد ترامپ لە ڕۆژی دووشەممەوە لە نیویۆرک دەستپێکردووە. ترامپ تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی شاردنەوەی پارە بۆ پەردەپۆشکردنی گوایە پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری پێش هەڵمەتە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی لە ساڵی 2016 بۆ کۆشکی سپی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG