Accessibility links

ئاسایشی حکومەتی عێراق ڕتیدەکاتەوە هێرش کرابێتە سەر بنکەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل


 بنکەی سەربازی کاڵسۆ
بنکەی سەربازی کاڵسۆ

ڕاگەیاندنی فەرمی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق ڕەتیکردەوە هێرشی موشەکی یان درۆن کرابێتە سەر بنکەی حەشدی شەعبی لە بنکەی سەربازی کاڵسۆ لە پارێزگای بابل.

شانەی ڕاگەیاندی ئاسایشی عێراق ناسراو بە (خلية الإعلام الأمني) لە پێکەکەی خۆی لە ئێکس ڕۆژی شەممە نووسیویەتی لە کاتژمێر یەکی نیوە شەو تەقینەوە و ئاگرێک لە ناو سەربازگەی کاڵسۆ لە باکوری پارێزگای بابال ڕوویاندا، کە لەوێ بارەگاکانی لەشکر و پۆلیس و حەشدی شەعبی لێیە. ڕووداوەکە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی حەشدی شەعبی و برینداربوونی 8 ئەندامی دیکە.

لە بەشێکی ڕاگەیاندنەکەی نووسیویەتی تیمێکی تەکنیکی باڵای پسپۆڕ لە بەرگری شارستانی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە پێکهێنرا بۆ زانینی هۆکارەکانی تەقینەوەکە و ئەو ئاگرانەی لە ناو و دەوروبەری شوێنی ڕووداوەکە کەوتنەوە.

ڕاگەیاندنەکە ئاماژە بەوە دەکات هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و وتەبێژی پەنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا)وتوویانە هیچ چالاکییەکی ئاسمانی یان کارێکی لەشکرییان لە تەواوی بابل ئەنجام نەداوە. دەشڵێت ڕاپۆرتەکانی فەرماندەیەتی بەرگری ئاسمانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ڕادارەکانیان و دەزگاکانی چاودێرییان هیچ درۆنێک یان فڕۆکەیەکی جەنگییان لە ئاسمانی بابل بەدی نەکردووە پێش و لە دوای تەقینەوەکە.

هاوکات ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق و ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ ڕاگەیاندنێکیان لە بارەی ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.

حەشدی شەعبیش کە شەوی ڕابردوو لە زاری ژمارەیەک کاربەدەستی پشتڕاستیان دەکردەوە هێرش کراوەتە سەر بنکەکە، ئەمڕۆ شەممە لەسەر ئێکس تەنیا بە تەقینەوە لە بنکەکە ناودێری کردووە و هیچ ئاماژە بە هێرشی درۆن یان موشەکی ناکات.

شەوی ڕابردوو موهەنەد ئەلعەنەزی، بەرپرسی کۆمیتەی ئاسایشی لە ئەنجومەنی پارێزگای بابل کە بۆخۆشی بەرپرسێکی حەشدی شەعبییە، لە لێدوانێکی بۆ میدیاکان جەختی دەکردەوە لەوەی هێرش کراوەتە سەر بنکەکە.

هەروەها سەرکردەیەکی حەشدی شەعبیش ئەویش وتبووی تۆڵە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەکەنەوە. ئەبو ئالا ئەلوەلائی، ڕێبەری گروپی حەشدی شەعبی ناسراوە بە "كتائب سيد الشهداء" لە پێگەکەی لە ئێکس نووسیبووی ئەوەی هێرشەکەی ئەنجامداوە باجەکەی دەکات، وە ئەگەر دوژمن پێی وایە حەشدی شەعبی دەستی بە بڕیاری فەرمی بەستراوەتەوە، ئەوا بەرگری (المقاومة) وەها نییە.

XS
SM
MD
LG