Accessibility links

کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێو بەرداشی تۆڵە و سزاکاندا


ژمارەیەک تەقینەوە ڕوویانداوە لەناو خاکی ئێراندا و وەک ئێرانییەکان خۆیان دەڵێن لە ناوچەکانی ئەسفەهان بوون. میدیاکان دەڵێن، ئیسرائیل بە موشەک لەو ناوچانەی داوە بەڵام ئێران دەڵێت درۆن بوون. هەرچۆنێک بێت ئەو تەقینەوانە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ناچارکرد بۆ ماوەیەکی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا ڕابگرن.

میدیای ئێران باسی لە ژمارەیەک تەقینەوە کردووە لە ناوچەی ئەسفەهان و میدیای ئەمەریکاش لە زاری کاربەدەستانەوە دەڵێن تەلئەڤیڤ هێرشی تۆڵە سەندنەوەی کردوە لە دوژمنە لە مێژینە و سەرسەختەکەی.

کاربەدەستێکی وڵاتی ئیسرائیل، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت (چونکە ڕێگەپێدراو نییە باس لە زانیارییە هەستیارە لەشکرییەکان بکات) بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە "هێشتا ئاشکرا نییە ئەو هێرشە سنوردارەی ئیسرائیل چەندێک زیانی هەبووە."
ئەو کاربەدەستە ئاماژەی بەوەش کردووە "هێرشەکە بە مەبەستی ناردنی پەیامێک بووە بۆ ئێران کە ئیسرائیل توانایی هەن بۆ هێرشکردن لەناو خاکی ئێراندا.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەڵامی ئەو پرسیارەی ڕۆژنامەوانانی نەدایەوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا ئاگاداری ئەو هێرشەی ئیسرائیل بووە یان نا، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی "ئەمەریکا دەستی نەبووە و نییە لە هێرشەکاندا."

ژمارەیەک کاربەدەستی ئەمەریکا، لە دەزگا جیاوازەکانی بەڕێوبەرایەتیدا، بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە "بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن ڕێنوماییانی کردووە تا لەسەر ئەو هێرشە قسە نەکەن."

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا هێرشێکی ڕاستەوخۆی کردە سەر ئیسرائیل وەک تۆڵەکردنەوە بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر وەک دەگوترێت کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

ئەدمێڕاڵ دانیاڵ هەغاری لە دەمی نیشاندانی ئەو مووشەکی گوایە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدراوە و پووچەڵیان کردووەتەوە
ئەدمێڕاڵ دانیاڵ هەغاری لە دەمی نیشاندانی ئەو مووشەکی گوایە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدراوە و پووچەڵیان کردووەتەوە

ئەدمێراڵ دانێڵ هاغاری، وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل، سەبارەت بە هێرشەکەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد لەو هێرشەدا تاران زیاتر لە 300 درۆن و موشەکی بەکارهێناوە و دەشڵێت "ئەو هێرشە بە باڵادەستی هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆژیی لەشکری ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانمان بەرپەرچ درانەوە و توانرا زۆربەیان لە ئاسماندا تێکبشکێنرێن؛ لە سەدا 99ی ئەو درۆن و موشەکانەی ئێران گرتنیە ئیسرائیل، تێکشکێندران."

هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل نیگەرانی دروست کرد لەناو دانیشتوانی دەوڵەتی جوودا، ئەڵبەت نیگەرانی ئاسایشی بوون. لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکان، خەڵک هاوکاتی باسکردنی ترسناکیی ڕەوشەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا و هەروەهاش بەهۆی هێرشە درۆنی و موشەکییەکەی ئێرانەوە، بەڵام هیوایان دەخواست وەک دەڵێن " هیوادارین بە زوویی ئەم ڕەوشە کۆتاییپێبێت و ڕێگەنەدرێت ئەم ئاڵۆزییانە زیاتر پەرەبسەنن."
لەناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا، کە سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و دیموکراتیخواز، بەشێکی جێگیریی سیاسەتی ناوخۆیی دەسەڵاتدارانی ئێرانە، هێرشەکە سەدان کەسی خستە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان دەگێڕا. هەندێکیان دەیانگووت هەست بە شانازی و شکۆ دەکەن بەوەی "بەرسڤێکی بەهێز و دەمشکێنی ڕژێمی زایۆنیزم درایەوە."

ڕژێمی ئێران لەژێر ژمارەیەک سزای قورسدایە بەهۆی بەرنامە ناوکیی و لەشکرییە مشتومڕ لەسەرەکانییەوە و هەروەهاش بەهۆی ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم سزایانەش کاریگەرییەکی گەورەی کردۆتە سەر ئابوری وڵاتەکە و هەروەهاش بۆسەر نرخی دراوی ئێرانی و بە ئەندازەیەکیشە کە دەگوترێت نرخی تمەن هەر بە تەواوەتی داڕماوە.

هەر لە دوای ئەو هێرشەی ڕۆژی یەکی مانگی چوار کرایە سەر تەلارێک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا و حەوت سەرکردەی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی تیادا کوژران دەسەڵاتدارانی ئێران کەوتنە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە تا ئەوەبوو ڕۆژی 13ی مانگی 4 هێرشەکەی خۆی کرد
ئێرانییەکان دەڵێن وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت ئەمەریکاشیان ئاگادارکردۆتەوە لەو هێرشەی کردیانە سەر دەوڵەتی جوو.

حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گوایە وەک دەڵێت "ئێمە لە پەیامێکدا کۆشکی سپیمان ئاگادار کردەوە بەوەی هێرشەکەمان سنوردار دەبێت و لە چوارچێوەی بەرگرییەکی ڕەوا و بە ئامانجی سزادانی ڕژێمی ئیسرائیل دەبێت."

واشنتۆن نکوڵی دەکات لەوەی ئێران ئاگادارکردنەوەی دابێتێت. گەورە کاربەدەستێکی بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن نکوڵی لەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات و دەڵێت "واشنتۆن لەڕێی کەناڵە دیپلۆماتییەکانی سویسراوە پەیوەندی هەیە بە ئێرانەوە و هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختیشی پێنەگەیشتووە لەسەر ئەو هێرشە."

لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە ئێران سیستەمی بەرگری ئاسمانی خۆیی کارا کردۆتەوە لە ژمارەیەک شاردا پاش تەقینەوەکانی ئەسفەهان.

تاران دەڵێت ژمارەیەک درۆنی لە ئاسماندا تێکشکاندووە و ئەو هێرشەیش کە کراوە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و دەشڵێت دامەزراوە ناوکییەکانی لە ئەسفەهان هەن بە تەواوەتی پارێزراون.

وەزیری دەرەوەی ئێران دوای هێرشەکەی تاران بۆ سەر ئیسرائیل ئاگاهیدابوو کە وڵاتەکەی کارێک دەکات ئیسرائیل پەشیمان بێتەوە لە هەر هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە لە ئێران

کاربەدەستانی ئەمەریکا نکوڵی ناکەن لەوەی ئیسرائیل بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە لە چەند ڕۆژێکدا هێرشێکی تۆڵە ئامێز دەکاتە سەر ئێران و دەشڵێن "ئەمەریکا بەردەوام ئاگاهیداوە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێراندا، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلیش ناکات و داوایش لە دەوڵەتی جوو کراوە ئەگەر هێرشی تۆلەکردنەوەی کرد ئەوا پێویستە بە وریاییەوە بیکات."
کاربەدەستانی ئەمەریکا جەخت دەکەنەوە لەوەی "بڕیرای ئەو هێرشە ڕێکوڕەوان بڕیاری خودی ئیسرائیل بووە."

دوابەدوای ئەو هێرشە سنوردارەی ئیسرائیل بۆسەر ئامانجەکانی نزیک لە شاری ئەسفەهان، زۆرێک لە پسپۆڕ و شیکەرەوە ئاماژە بەوە دەکەن تەلئەڤیڤ ڕێنومایی و نیگەرانییەکانی ئەمەریکای بە هێند وەرگرتووە تا بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزی و پشێوییەکان نەبنە مایەی شەڕێکی گەورە و سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەشڵێن "هەربۆیەشە ئیسرائیل لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی نەداوە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس، واشنتن پۆست، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG