Accessibility links

ئەمەریکا و بەریتانیا سزای بەرفراوان لە دژی بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران ڕادەگەیەنن


ئەمەریکا و بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سزای بەرفراوانیان بۆ سەر بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی ئێران ڕاگەیاند.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا گوتی "ئەمڕۆ ئێمە لێپرسینەوە لە ئێران دەکەین، سزانی نوێ دەسەپێنین و کۆنتڕۆڵکردنی هاوردەکردن جێبەجێ دەکەین."

تاران درەنگانی شەوی شەممە یەکەم هێرشی سەربازی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشێکی گوماناوی ئاسمانی ئیسرائیل لە 1ی مانگی چوار بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لەنێویاندا دوو ژەنەراڵ.

هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ڕێگەی زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ئەنجامدرا، کە زۆربەیان لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیەوە خراونە خوارەوە، لەوانە واشنتن، لەندەن کە زیانێکی کەمی لێکەوتەوە.

کاربەدەستانی ئیسرائیل تاکو ئێستا ڕایان نەگەیاندووە کەی و لە کوێ تۆڵە دەکەنەوە، بەڵام سەرۆکی سوپای ئیسرائیل بەڵێنی وەڵامدانەوەی داوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، سزاکانی واشنتن 16 کەس و دوو کۆمپانیای بەشدار لە بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران (UAV) و هەروەها پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە هێرشەکەی ڕۆژی شەممەدا بەکارهێنراون دەکاتە ئامانج.

سەرۆک بایدن گوتی: هەروەک چۆن لە بەرەبەیانی دوای هێرشەکە لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپی حەوت گفتوگۆم کرد، "ئێمە پابەندین بە کارکردنی هاوبەش بۆ زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران."

سەرۆک بایدن لە بەیاننامەکەیدا گوتی" با بۆ هەموو ئەو کەسانە ڕوون بێت کە پشتیوانی لە هێرشەکانی ئێران دەکەن یان ڕێگەخۆشکەرن، ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە. وە ئێمە درێخی ناکەین لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ وەڵامدانەوەتان”.

هەروەها بەریتانیا سزاکانی خۆی بۆ سەر تاران ڕاگەیاند.

حکومەتی بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە پاکێجی گەمارۆکانی خۆی بۆ سەر تاران ڕاگەیاند کە حەوت کەس و شەش کۆمپانیا دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی ئێران "چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە، لەنێویاندا هێرشە ڕاستەوخۆکانی بۆ سەر ئیسرائیل" ڕابگرێت.

سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕیشی سوناک وتی " هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل "کارێکی بێباکانە و زیادبوونی مەترسییەکانە" لە ناوچەکە. گوتیشی بەریتانیا سزای سەپاندووە بەسەر " فەرماندە سەربازییەکانی ئێران و ئەو هێزانەی بەرپرسن لە هێرشەکە بۆ سەر ئیسرائیل."

XS
SM
MD
LG