Accessibility links

ئەمەریکاییەک بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان لە هەرێمی کوردستان، سزای 70 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت


هاووڵاتییەکی ئەمەریکا بە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و ڕفاندنی هاووڵاتییەکی ئیستۆنی لە ساڵی 2015 بە هاوکاری هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان و قاچاخچێتی چەک بۆ ئەو هەرێمە، لە ئەمەریکا سزای 70 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

لە هەواڵێکدا کە لە ماڵپەڕی نووسینگەی کاروباری گشتی لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە، 15ی مانگی چوار بڵاوکراوەتەوە، هاتووە هاووڵاتییەکی ئەمەریکا بە ناوی ڕۆس ڕۆجیۆ، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە کارگەیەکی بەرهەمێنانی چەک لە هەرێمی کوردستان و سپیکردنەوەی پارە و ڕفاندن و ئەشکەنجەدانی کەسێکی خەڵکی ئیستۆنیا بە هاوکاری هێزە کوردییەکانی عێراق، سزای 70 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا و ئەو بەڵگانەی لە دادگاییکردنەکەی ئەو هاوولاتییە ئەمەریکاییەدا خراوەتەڕوو، ڕۆس ڕۆجیۆی تەمەن 55 ساڵ کە خەڵکی شاری ستراودسبێرگی ویلایەتی پێنسیلڤانیایە، چەند ساڵ پیش ئێستا داوای لە هاوبەشە کوردەکانی کردووە قوربانییەکە بفڕێنن و لە بنکەیەکی سەربازیدا ڕایبگرن. قوربانییەکە دوای ڕفاندنی بۆ ئەو بنکەیە بۆ ماوەی 39 رۆژ بە شێوە جیاوازەکانی وەک هەوڵی خنکاندن، هەڕەشەی بڕینی پەنجە و لێدان و سوکایەتیپێکردن لەلایەن ڕۆس وهاوبەشە کوردەکانی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە.

قوربانییەکە کە خەڵکی ئیستۆنیا، کارمەندێکی ئەو کارگەیەی چەک بووە کە ڕۆجیۆ بە تەمابووە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەو پارچانەی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە قاچاغی دەیهێنان، پەرەی پێبدات و جۆرەکانی تفەنگی ئۆتۆماتیکی و دەمانچەی تێدا بەرهەم بهێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی پێشتر لەسەر ئەم کەیسە بڵاوکراونەتەوە، قوربانییەکە نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر پرۆژەکە دەربڕیوە ولە بارەیەوە پرسیاری زۆری لە ڕۆس کردبوو. ڕۆسیش بۆ ئەوەی کارمەندەکە دەمکوت بکات، لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی کورد چوونەتە سەر ماڵی کارمەندەکە و لەوێ کیسێکیان کردووە بە سەریدا و بە زۆر بردوویانە.

نیکۆڵ ئێم ئارجێنتێری، جێگری سەرەکی داواکاری گشتی بۆ بەشی تاوانەکان لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەم بارەیەوە گوتی ڕۆس ڕۆجیۆ جگە لەوەی ئەو قوربانییەی ئەشکەنجەداوە، بە شێوەیەکی نایاساییش پارچەی چەکی لە ئەمەریکاوە بۆ کارگەکە ناردووە و هەروەها بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو کارشی تیا کردووە، ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنەکانی ئەمەریکایە.

گوتیشی "سزاکەی ئەمڕۆ کە دوای بە تاوانبار ناساندنی ڕۆجیۆ دێت بۆ دووەم جار، پیشاندەری ئەوەیە کە بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێدا ئەو جۆرە کردەوە قێزەونانە ڕوودەدەن، ئەمەریکا پابەندە بە لێپرسینەوە لە تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە کردەوانە."

هەروەها ماثیۆ جی ئۆلسن یاریدەدەری داواکاری گشتی لە ئاسایشی نیشتمانی وەزارەتی داد گوتی "وەک لە دادگاییکردنەکەدا سەلمێنراوە و لە سزای ئەمڕۆدا دەرکەوتووە، ڕۆجیۆ پێشێلکارییەکی گەورەی مافی مرۆڤی ئەنجامداوە و پارچەی چەکی لە ئەمریکاوە بە قاچاغی بردووە بۆ ئەوەی کارگەیەکی چەکی ڕێگە پێنەدراو وەگەڕبخات."

گوتیشی "ئێمە لە دادگاییکردنی ئەو کەسانە دوودڵ نابین کە یاسا و ڕێساکانی هەناردەکردن پێشێلدەکەن و بە پێچەوانەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەمان کاردەکەن."

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێرارد ئێم کرام، داواکاری گشتی ویلایەتی پێنسیلڤانیا گوتی "ئەو سزایەی دادگا بڕیاری لەسەر داوە، قورسایی تاوانەکانی ڕۆس ڕۆجیۆ نیشان دەدات و هەتا ڕادەیەک دادپەروەری بۆ ئەو قوربانییە بەدی دەهێنێت کە ئەشکەنجەدراوە."

گوتیشی "توندوتیژی دژی کەرامەت و مافی مرۆڤی هەر قوربانییەک جێگای قەبووڵکردن نییە و نووسینگەکەمان بەردەوام دەبێت لە شوێنکەوتن و بەدواداچوونی ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی پێشێلکردنی یاسای فیدراڵییەوە ئەو کارانە ئەنجام دەدەن."

داواکاری گشتی ویلایەتی پێنسیلڤانیا گوتیشی ڕۆس ڕۆجیۆ هەروەها بە تاوانی پێشێلکردنی یاساکانی هەناردەکردنی ئەمەریکا کە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنانی نایاسایی چەکەوە هەیە، سزا دراوە و دەستخۆشی لە هەموو داواکارانی گشتی و جێبەجێکارانی یاسا کرد کە ماندوو نەناسانە کاریان کردووە بۆ هێنانەدی دادپەروەری لەم کەیسەدا.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داد، لە پەیوەندی لەگەڵ پڕۆژەی کارگەی چەکدا، ڕۆجیۆ پارچە و ئامێرەکانی چەک دروستکردنی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە هەناردە کردووە و هەروەها بۆ بە شێوەیەکی نایاسایی ڕاهێنانی بە کەسانی بیانی کردووە بۆ چۆنیەتی دروستکردنی تفەنگی ئۆتۆماتیکی M4 .

کاترینا دبڵیو بێرگەر بەڕێوەبەری هاوبەشی جێبەجێکار لە لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی ناوخۆ (HSI) گوتی "سزاکەی ئەمڕۆ تیشک دەخاتە سەر پابەندبوونمان بۆ وەستاندنی ئەو کەسانەی کە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەکەن و هەڕەشە لە ئاسایشی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوبەشمان دەکەن." گوتیشی "بە هاوکاری نزیکی نێوان دامەزراوە نێوخۆییەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانمان، ڕۆجیۆ ڕادەستی دادپەروەری و دادگا کرا."

دەستەیەکی سوێندخواردنی فیدراڵی لە مانگی پێنجی ساڵی 2023دا، ڕۆجیۆی لە 33 تۆمەت بە تاوانبار دانا، لەوانە ئەشکەنجەدان، پیلانگێڕی بۆ ئەشکەنجەدان، پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمەریکا، هەناردەکردنی پارچەی چەک و کارکردن لە عێراق بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هەناردەکردنی ئامێر و کەلوپەلی دروستکردنی چەک بۆ عێراق بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا،بە قاچاغبردنی کاڵا و ساختەکاریی و سپیکردنەوەی پارە سزا دابوو.

سەرچاوە/ ماڵپەڕی نووسینگەی کاروباری گشتی لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG