Accessibility links

هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخۆران بۆ دادگاییکردنی ترامپ لە دۆسێی پارەپێدان بۆ بێدەنگکردن دەستپێدەکات


بڕیار بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخواردن ڕۆژی دووشەممە لە دادگاییکردنی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە نیویۆرک دەستپێدەکات، کە تۆمەتبارە بە پیلانگێڕی شاردنەوەی پارە بۆ پەردەپۆشکردنی گوایە پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری پێش هەڵمەتە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی لە ساڵی 2016 بۆ کۆشکی سپی.

ترامپ یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایە کە ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری و هەڕەشەی زیندانیکردن دەبێتەوە ئەگەر تاوانبار بکرێت.

لە کاتی گەیشتنی بۆ دادگا، ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەمە سزایەکە کە پێشتر نەبووە. ئەمە هێرشێکە بۆ سەر ئەمەریکا و هەر بۆیە زۆر شانازی دەکەم کە لێرەم". ماوەیەکی کورت پاش ئەوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024ی بانگەوازێکی کۆکردنەوەی پارەی نارد.

چاوەڕوان دەکرا دەیان کەسی بۆ دەستەی سوێندخواردنی داهاتوو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت سەبارەت بە ئەگەری لایەنگرییان لە دادگاییکردنی ترامپدا. بڕیار نەبوو ڕاستەوخۆ پرسیاریان لێ بکرێت کە چۆن لە هەڵبژاردنەکانی 2016 و 2020 دا دەگیان داوە؟ لەبری ئەوە دادوەری دادگای باڵای نیویۆرک خوان مێرچەن ویستویەتی هەندێک شت بزانێت لەسەر ئەوەی سەرچاوەکانی بیست و بینینی هەواڵیان کوێیە، ئایا چوونەتە هیچ گردبوونەوەیەکی سەر بە ترامپ یان دژی ترامپ، هەروەها ئایا بەشێکن لە هەر گروپێک کە بە توندی لەگەڵ کارەکانی حکومەتدا ناکۆکە.

هەڵبژاردنی 12 دەستەی سوێندخۆران و شەش جێگرەوە دەشێت چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

بەربژێری پێشەنگی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە، لە مێزی تۆمەتبارەوە سەیری ڕێوشوێنەکان دەکات لە دادگاییکردنێکدا کە ڕەنگە هەفتانە چوار ڕۆژ یان زیاتر، بۆ ماوەی مانگ و نیوێکی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانێت هەڵوێستی شایەتحاڵەکان وەربگرێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی یان نا، ئەمەش بەندە بەوەوە کە خۆی و پارێزەرەکانی چۆن لە بەڵگەکانی داواکارانی گشتی دەڕوانن.

ترامپ کە لە سەرەتای ساڵی 2017 تا مانگی یەکی ساڵی 2021 سەرۆک ئەمەریکا بوو، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر داواکاری گشتییەکەی و قسەی نەشیاوی بە دادوەر مێرچەن گوتووە. لە سەرەتای ڕۆژی دووشەممەدا، مێرچەن بۆ دووهەم جار داوای پارێزەرانی ترامپی ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی خۆی لە دۆسیەکە دوور بخاتەوە.

ترامپ هەفتەی ڕابردوو لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا گلەیی ئەوەی کرد و وتی، "پێشتر شتێکی لەو جۆرە لە وڵاتەکەماندا ڕووی نەداوە. ڕۆژی دووشەممە ناچار دەبم بە دابنیشم، لە بەردەم دادوەرێکی زۆر ناکۆکی و گەندەڵ، کە ڕق و کینەی بۆ من سنوورێکی نییە."

بەو پێیەی پێویستە لە دادگادا بێت، بە دڵنیاییەوە ئەم دۆسیەیە بۆ ماوەیەکی زۆر کاندیدە تەمەن 77 ساڵەکە لە ڕێڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دوور دەخاتەوە. هەوڵدەدات کۆشکی سپی لە دەستی جۆو بایدن سەرۆکی دیموکراتەکان وەربگرێتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا شکستی پێهێنا، هەرچەندە ترامپ تا ئیدیعای ئەوە دەکات کە فرتوفێڵ کراوە لە هڵبژاردنەکاندا بۆ دوورخستنەوەی ئەو لە کۆشکی سپی.

ترامپ تۆمەتبارە بە شاردنەوەی پێدانی 130 هەزار دۆلاری پارەی کاش بۆ بێدەنگکردنی ئەکتەری پۆرن ستۆرمی دانیێڵز پێش هەڵبژاردنەکانی 2016 بۆ ئەوەی بە ئاشکرا باسی گوایە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ترامپدا نەکات کە دە ساڵ پێش ئەوە، کەمتر لە چوار مانگ دوای ئەوەی میلانیای هاوسەری ترامپ بارۆنی کوڕی لە دایک بوو، دانیاڵ بۆ شەوێکی لەگەڵ ترامپدا بەسەربردووە.

لە بەشێکی تری تۆمەتبارکردنەکەدا، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ژنێک بە ناوی کارین مەکدۆگال، دەڵێت پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ ترامپدا هەبووە کە بۆ چەند مانگێک بەردەوام بووە. ئەو دەڵێت گۆڤارێک بڕی 150 هەزار دۆلاری پێداوە بۆ ئەوەی باسی بکات، بەڵام ترامپ نەیویستووە ئەوە ڕووبدات، بۆیە داوای لە گۆڤارەکە کردووە چیرۆکەکە بڵاونەکاتەوە، ئەوانیش ڕازی بوون.

ترامپ هەردوو پەیوەندییەکان و هەر 34 تۆمەتەکەی ڕەتکردووەتەوە کە ڕووبەڕووی کراوەتەوە لە دۆسیەی نیویۆرکدا، لەوانەدا ئەوەی کە گوایە داوای لە مایکل کۆهینی ڕاوێژکاری کردووە بۆ ئەوەی پارەکە بدات بە دانیێڵز و دواتر لە ماوەی ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پارەکەی بۆ گەڕاندووەتەوە. کۆهن بەهۆی درۆکردن لە دەمی سوێندخواردنی یاساییدا سزادراوە.

جێی باسە پێدانی پارە بە نهێنی بۆ بێدەنگکردنی کەسێک تاوان نییە و ڕەنگە ترامپ بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو پارانە تەنها بۆ ئەوەی ساتەکانی ژیانی سازشکاری کەسی ئاشکرا نەکات بەکارهاتووە، نەک هەوڵی کاریگەریکردن لەسەر هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017.

لە کۆتاییدا دەستەی سوێندخۆرانی 12 ئەندامی، دەبێت بە کۆی دەنگ بە بڕیارێک بگات بۆ بڕیاردانی تاوانبارکردن یان بێتاوان ناساندنی ترامپ. ئەگەر یەکێک یان زیاتر لە دەستەی سوێندخۆران نەتوانن لەگەڵ ئەو دەستەی سوێندخواردنانەی کە ماونەتەوە ڕێکبکەون، ئەوا بێ ئەنجام دەبێت.

هەریەک لە تۆمەتەکان ئەگەری زیندانیکردنی چوار ساڵی هەیە، هەرچەندە ترامپ دڵنیایە لە تانەدان لە هەر بڕیار و سزایەکی تاوانباری.

دۆسیەی نیویۆرک یەکێکە لەو چوار تۆمەتە تاوانکارییە بێپێشینانەی کە ترامپ ڕووبەڕووی بووەتەوە کە 88 تۆمەتی لەخۆگرتووە و هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتیکردووەتەوە.

هەندێک لە شیکارانی یاسایی دۆسیەی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن بە کەمترین دەرئەنجامی ئەو چوار کەیسەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە دەبینن. بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە تاکە دۆسێ بێت کە پێش هەڵبژاردنەکانی 5ی ئەم مانگی 11 دادگاییەکەی بکرێت.

دووان لەدۆسێکانی تر ترامپ تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022ی داوە، لە کاتێکدا سێهەم دۆسێ تۆمەتبارکردنە بەوەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی سەدان بەڵگەنامەی ئاسایشی نیشتمانی زۆر نهێنی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ماڵەکەی لە کەناری زەریای فلۆریدا کاتێک ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هات، دواتر داواکارییەکانی لێکۆڵەرانی ڕەتکردەوە بۆ گەڕاندنەوەیان.

هیچ وادەی تەواوی دادگاییکردن لە هیچ کام لەم سێ کەیسانەدا دانەنراوە، کە هەموویان بەهۆی دانیشتنەکانی پێش دادگاییکردن و مشتومڕ یاساییەکان دواکەوتوون. ترامپ هەوڵیداوە بەروارەکانی دەستپێکردن تا دوای هەڵبژاردنەکان دوابخات، ئەگەر سەرکەوت، دەتوانێت هەوڵ بدات تۆمەتە فیدراڵیەکان ڕەت بکرێتەوە. لە هەر بارێکدا ئەگەر جارێکی تر هەڵببژێردرێتەوە لە سەدەمی دەسەڵاتی خۆیدا دادگایی ناکرێتەوە.

کۆهین کە دژی بەرپرسەکەی پێشوویەتی، پێشبینی دەکرێت شایەتحاڵێکی سەرەکی بێت لە دژی ترامپ. کۆهین دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە بریتین لە تۆمەتەکانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لەم دۆسیەیەدا و درۆکردن لەگەڵ کۆنگرێس لەگەڵ چەندین تاوانی تر. بە گشتی نزیکەی سیازدە مانگ و نیو سزای زیندانیکردن و بەسەربردنی یەک ساڵ و نیو لە زیندانی ماڵەوە سزا دراوە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ستۆرمی دانیێڵز کە ناوی دیاریکراوی ستیفانی کلیفۆردە، شایەتحاڵیش بدات و ماکدۆگالیش دەتوانێت شایەتحاڵی بدات.

هەروەها داواکارانی گشتی دەتوانن هۆپ هیکس بانگهێشت بکەن بۆ گەواهیدان. هیکس یاریدەدەرێکی دڵسۆز و ماوە درێژی ترامپە و شایەتحاڵی ستراتیژیەتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پشت پەردە بووە تا پیش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016.

ترامپ لەو کاتەوەی ساڵێک لەمەوبەر تۆمەتبارکرابوو، دژی ئەم تۆمەتە وەستاوەتەوە و دەڵێت ئەو تۆمەتانە و تۆمەتەکانی دیکەش کە لە دژی تۆمارکراون بەشێکن لە پیلانێکی بایدن و دیموکراتەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆشکی سپی نەباتەوە و بە "دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا" ناوی دەبات.

هیچ بەڵگەیەک نییە کە بایدن هیچ ڕۆڵێکی هەبووبێت لەو تۆمەتانەی کە ترامپ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

ترامپ بە زمانێکی زبر ڕەخنەی گرت کاتێک دادوەر مێرشەن بۆ یەکەمجار فەرمانی بانگکردنی بۆ دادگا بەسەر ترامپدا سەپاند و قەدەغەشی کرد هێرش بکاتە سەر ئەو کەسانەی ئەگەری هەیە گەواهی لە دژی بدەن، لەنێویاندا دانیێڵز کە زۆرجار ترامپ بە "ڕووی ئەسپ" ناوی بردووە.

دواتر ترامپ لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا هێرشی کردە سەر کچەکەی دادوەر، لۆرن مێرشەن، کە بەرپرسێکی سەرەکییە لە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری سیاسی کە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بایدن و دیموکراتەکانی دیکەی ساڵی 2020 کاردەکات.

ترامپ گوتی "پێویستە ئەم دادوەرە ڕەت بکرێتەوە، و دۆسیەکە فڕێ بدرێتە دەرەوە." ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە کردەوە هەرگیز دادوەرێکی ناکۆکتر لەم دادوەرە نەبووە. دەستێوەردانی هەڵبژاردن لە خراپترین باردایە!"

مێرشەن قسەکانی ترامی پشتگوێ خست بەڵام فەرمانی ڕێگەگرتن لە ترامپی توندتر کرد کە نەتوانێت لە بارەی دۆسێکەوە بە ئاشکرا هیچ بڵێت .

مێرشەن وتی فەرمانەکانی ڕێگرگرن لە دژی ترامپ بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لە دۆسیەکانی دیکەی دادگاکانی ئەم دواییەدا گەرەنتی کراوە، بە ئاماژەدان بەو لێدوانانەی کە "هەڕەشەکردن و سووکایەتیکردن"ی تێدا بووە.

ترامپ دەڵێت فەرمانی بێدەنگکردن ئازادی قسەکردنی قەدەغە دەکات.

XS
SM
MD
LG