Accessibility links

ئیتاڵیا داوا لە ئێران دەکات دان بەخۆیدا بگرێت بەرامبەر هێرشەکەی ئیسڕائیل


وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا دەڵێت لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیدا قسەی کردووە و داوای لێکردووە دان بە خۆیدا بگرێت لە نێوەندی ترس و نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی ئاسمانی لە تارانەوە بۆ سەر ئیسڕائیل.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی لە بەیاننامەیەکدا وتی داوای " میانڕەیی " لە وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان کردووە.

تاجانی وتی " ناتوانین لەم قۆناغە ناجێگیرەی ئێستادا بکەوینە مەترسی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە، پێویستە سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە بەرپرسیارێتی خۆیان پیشان بدەن."

داواکەی تاجانی لە نێوەندی ترس و نیگەرانییەکاندا دێت سەبارەت بەوەی کە تاران تۆڵە لە ئیسڕائیل دەکاتەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیلەوە لەم مانگەدا بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە، ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە لە سوریا زیاتر کردووە.

ڕۆژی هەینی بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی هێشتا مەترسییەکەی ئێران " ڕاستەقینەیە."

تاجانی داوای لە ئەمیرعەبدوڵاهیان کردووە " کاریگەرییەکی میانڕەویی هەبێت لەسەر هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG