Accessibility links

سێ نەوجەوان لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی پلاندانان بۆ "هێرشێکی توندڕەوی ئیسلامی" دەستگیر دەکرێن


داواکارانی گشتی لە ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، پۆلیس دوو کچی و کوڕێکی نەوجەوانی لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەستگیرکردووە بە گومانی ئەوەی کە پلانی هێرشی ئیسلامی توندڕەویان داناوە.

داواکارانی گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، ئەو سێ کەسە تەمەنیان لە 15 بۆ 16 ساڵەوە و "گومانێکی زۆریان لێدەکرێت کە پلانیان بۆ هێرشێکی تیرۆریستی لە ژێر بڕوای ئیسلامی توندڕەو داناوە و پابەندبوون بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە".

داواکاری گشتی شاری دۆسێڵدۆرف دەڵێت هەر سێ کەسەکە "پابەند بوون بە ئەنجامدانی تاوانێکی کوشتن و کوشتنی بە ئەنقەست."

لێکۆڵەران وردەکاری زیاتریان لەسەر ئەو پیلانەی کە گوایە کراوە نەخستەڕوو و دەڵێن لێکۆڵینەوەکە هێشتا بەردەوامە. بەڵام ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا کە زۆرترین فرۆشی هەیە، دەڵێت گوایە ئەو گەنجانە بەنیازبوون هێرشی مۆلۆتۆڤ و چەقۆ بکەن بەناوی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە پێدەچێت ئامانجەکانیان کەسانی کرستیان و پۆلیس بووبن. هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکان خەریکی تاوتوێکردنی ئەوە بوون ئایە چەک بەدەستبهێنن یان نا.

ئەڵمانیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە لە ئامادەباشییەکی زۆردایە بۆ هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەکان و بەرپرسی هەواڵگری ناوخۆیی وڵاتەکە هۆشداریدا لەوەی مەترسییەکانی ئەو جۆرە هێرشانە "ڕاستەقینە و زیاترە لەوەی کە ماوەیەکی زۆرە بووە".

هەروەها وڵاتەکە بە تایبەتی نیگەرانە لەمەڕ ئاسایشی ناوخۆ لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکات بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە ناوەڕاستی مانگی شەش و تا ناوەڕستی مانگی حەوت.

پۆلیس لە سەرەتای ئەم ساڵ پیلانێکی تری گومانباری پووچەڵکردەوە.

لێکۆڵەران لە مانگی یەکدا سێ کەسیان دەستگیرکرد بەهۆی پلانێکەوە کە گوایە تیایدا کڵێسای گەورەی شاری کۆڵن لە شەوی سەری ساڵدا کردبووە ئامانج.

بیڵد بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتبارانە تاجیکی بوون و لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی-خۆراسان (داعش-ک) کاریان دەکرد، هەمان گروپ کە پێدەچێت لە پشت کۆمەڵکوژییە کوشندەکەی مانگی سێی مۆسکۆ بن.

نانسی فایسەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەو کاتەدا وتی "مەترسییەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی تا ئێستا هەر ڕدژن" و لقی خوراسانی بە گەورەترین هەڕەشەی "ئیسلامی لە ئەڵمانیا" وەسف کرد.

توندڕەوە ئیسلامییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین هێرشیان لە ئەڵمانیا ئەنجامداوە، کوشندەترینیان هێرشێکی بارهەڵگر بوو لە بازاڕێکی کرسمس لە بەرلین لە مانگی دوازدەی ساڵی 2016 کە بووە هۆی کوژرانی 12 کەس.

لەم دواییانەشدا دوو ئەفغانی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، لە لە مانگی سێ لە ئەڵمانیا دەستگیرکران بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردن لە دەوروبەری پەرلەمانی سوید وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە سووتاندنی قورئان لەو وڵاتەدا.

هەروەها لە دەی ڕابردوو، داواکاری گشتی ئەڵمانیا دوو برای سوورییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێک کە بە هاندانی داعش بووە بۆ سەر کڵێسایەک لە سوید.

لە دوازدەی ساڵی 2022 ئیسلامییەکی لەدایکبووی سوریا، بە تۆمەتی هێرشی چەقۆ بۆ سەر شەمەندەفەرێک لە باڤاریا، کە چوار کەسی تێدا برینداربوون، بۆ ماوەی 14 ساڵ زیندانی کرا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی فیدراڵی BfV، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا بە توندڕەوی ئیسلامی دادەنرێت لە ساڵی 2021 لە 28 هەزار و 290 کەسەوە بۆ 27 هەزار و 480 کەس لە ساڵی 2022 دابەزیوە.

بەڵام فایسەر لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە، توندڕەوی ئیسلامی "بە مەترسیدار دەمێنێتەوە".

ئەڵمانیا لە کاتی بەشداریکردنی لە هاوپەیمانی شەڕی داعش لە عێراق و سوریا، و جێگیرکردنی هێزەکانی لە ئەفغانستان بووە ئامانجی گروپە جیهادییەکان.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG