Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕۆژی جیهانی تەندروستی بۆ ئەمساڵ لە ژێر دروشمی ' تەندروستیم مافی خۆمە' دیاریکرد


ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی 7ی مانگی چواری وەکو ڕۆژی جیهانی تەندروستی دیاریکردووە، هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا بابەتێك دیاری دەكرێت بۆئەوەی بكرێتە دروشمی ڕۆژی جیهانی تەندروستی لە پێناو سەرنجدان و گرنگیدان بەو بوارانەی دەبنە جێی نیگەرانی و كاری سەرەکی لەلای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دروشمی ڕۆژی تەندروستی جیهانی بۆ ساڵی 2024 بە ناوی "تەندروستیم، مافی خۆمە". تەرخان کردووە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرانسەری جیهاندا مافی تەندروستی ملیۆنان کەس تادێت دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.

تەوەری ئەمساڵ بۆ پشتگیریکردنە لە مافی هەموو مرۆڤەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، پەروەردە و زانیاری، ئاوی پاکی خواردنەوە، هەوای پاک، خۆراکی باش، خانووبەرە، کار و بارودۆخی ژینگەیی شایستە و ئازادی دوور لە جیاکاری.

لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی تەندروستی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بە چەند هۆکارێک کردووە کە کاریگەری سەرەکی و نەرێنیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە کە لەم ساڵدا پەرەیان سەندووە، لەوانە شەڕ و ململانێکان، کە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و ئازار و برسیەتی و نائاسودەیی دەروونی.

لە هەمان کاتدا جەختی لە سووتانی سووتەمەنی بەردینی کردووەتەوە کە قەیرانی کەشوهەوا زیاد دەکات و مافی هەناسەدانی هەوای پاکمان لێ دەسەنێتەوە، دەشڵێت پیسبوونی هەوا لە هەر 5 چرکەیەکدا کەسێک دەکوژێت.

ئەنجومەنی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئابووری تەندروستی بۆ هەمووان، بۆی دەرکەوتووە کە لانیکەم 140 وڵات لە دەستووری خۆیاندا تەندروستی بە مافێکی سەرەکی مرۆڤ دەزانن. بەڵام وڵاتان یاسا دەرناکەن و نایخەنە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی دانیشتووانەکانیان مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان هەیە. ئەمەش بنەمای ئەو ڕاستییەیە کە لانیکەم 4.5 ملیار کەس، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان، بە تەواوی خزمەتگوزارییە تەندروستییە گرنگەکان نەیانگرێتەوە.

XS
SM
MD
LG