Accessibility links

هەپەگە دەڵێت لە مانگی دووەوە هێزەکانیان 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستووەتە خوارەوە


هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لە مانگی دووی ئەمساڵەوە هێزەکانیان 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستووەتە خوارەوە و دوایین فڕۆکەش لە 1ی مانگی سێ بووە.

هەپەگە کە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە سیستەمی مووشەکی نوێیان دەستکەوتووە کە یارمەتیان دەدات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بخەنە خوارەوە بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەریان هەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فوراتەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە نەکراوە کە چۆن و لە کوێوە سیستمی مووشەکی دەستکەوتووە، بەڵام ئاژانسەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە بە وتەی خۆی گرتەی فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیایە.

هەرچەندە تا ئێستا حکومەتی تورکیا وەڵامی ئەو بانگەشانەی هەپەگەی نەداوەتەوە، بەڵام ماڵپەڕی تی ئاڕ تی هابەر سەر بە دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە، یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی گەنجانی پەکەکە بەناوی 'ڕۆژدە بیلەن' لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شارۆچکەی پێنجوین لە سنوری سلێمانی کوژراوە. بەڵام هەواڵەکانی تی ئاڕ تی ڕوونی نەکردووەتەوە کەی هێرشەکە ڕوویداوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا لە شەڕی دژ بە پەکەکەدا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، سەنگی خستووەتە سەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی پەکەکە گەیاندووە.

سەرچاوە: ANF, TRT Haber

XS
SM
MD
LG