Accessibility links

عێراق لە 2003 وە هەتا 2024


21 ساڵ لەمەوبەر هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ڕژێمەکەی سەدام حوسەین و لە ئاکامی ئەو هێرشە کۆتایی بەو ڕژێمە هێنرا کە نزیکەی 24 ساڵ حوکمڕانی عێراقی دەکرد.

بەر لە 19 ی مانگی سێی 2023 ئەستەم بوو بتوانرێت لە عێراقی سەدام حوسەین و پارتی بەعسی تاک فەرمانڕەوای ئەو کاتەدا ڕای ڕاستەقینەی هاووڵاتیانی عێراق بزانرێت.

ئێستاش کۆمەڵێک ئاڵنگاریی لە بەردەم عێراقییەکاندا هەن وەها دەکەن نەتوانن ئازادانە وەک بەشێک لە مافە دیموکراتییەکان و سیڤیلییەکان ڕای تەواوەتی خۆیان بڵێن، کە دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان بریتی بێت لە ترس و نیگەرانی لە هێزە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان.

کلتوری پارتی بەعس:

لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدامدا پارتی بەعسی فەرمانڕەوای عێراقیش قەدەغە کرا بەپێی یاسای لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشانی بەعس، بەڵام وەک ئەوەی دەگوترێت بەعس نەما، وەلێ کلتوری بەعس و بەعسیانەش هەر ماوە و کاریشی پێدەکرێت.

ڕەسول ئەلشویلی، ئەندامی نێوەندی عێراقە بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەڵێت "بەڵێ عێراق ڕزگارکرا و لەگەڵ ئەوەشدا کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسای لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشانی پارتی بەعس دەکەن، بەڵام مەخابن هێشتاش کلتوری بەعسیزم لە عێراقدا ماوە."

بەڕێز ئەلشویلی ئاماژەش دەکات بەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی

مانەوەی ئەو کلتورە دەگەڕێتەوە بۆ کارکردنێکی بە بەرنامەی ئەوانەی هێشتاش بڕوایان بە بەعس هەیە و دەڵێت " لایەنگرەکانی بەعس، برەو بەو ئایدیۆلۆژیایە دەدەن لە ڕێی بەکارهێنانی نەوەی نوێی عێراقەوە و باسکردنی ئەوەی بە پاڵەوانێتی دروستکراو ناودێر دەکرێت هەتا کلتوری بەعسیزم لە ناو بیرکردنەوەی نەوەی نوێی عێراقدا بچەسپێنن، هەر بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی خۆی زیاتر و چڕتریش بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە."

دکتۆر سەیف ئەلسەعدی، لێکۆڵەری سیاسی لەو بڕوایەدایە وێڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر بۆ نەهێشتنی دیاردەی بەعسیزمی سەدام حوسەین، نەبوونەتە مایەی نەمانی ئەو دیاردەیە، بەڵکو دەکرێت بگوترێت لاوازی کردووە و دەشڵێت لەوانەیە ئەو شێوازی سیستەمەی لە عێراقدا دانراوە یەکێک بێت لەو فاکتەرانەی ئەم دیاردەیە کۆتایی پێنەهاتووە و دەشڵێت "هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامەزراوەکانی ڕژێمی پێشوو، وەک دامەزراوە سەرکوتکارە ئاسایشییەکان، فیدائییەکانی سەدام، دامەزراوە تایبەتە سەرکوتکارەکان، لادانی تەواوی ئەوانەی پێشتر بە گەورە کاربەدەستی عێراق ناودێر دەکران لە ناو بەعس و لە ناو حکومەتی عێراقیشدا، ئەمانە گرنگ بوون بەڵام ئەگەر هاتبا و سیستەمێکی دیموکراتیانەی هاوشێوەی ژاپۆن و ئەڵمانیای پاش دووهەم شەڕی جیهانی لە عێراقدا هەبووایە، ئەوا دەشێت ڕەوشەکە بە شێوەیەکی تر بووایە، لەو ڕوانگەیەوەی ئەو دوو وڵاتە خاوەنی دەوڵەتن لە کاتێکدا لە عێراق ناسنامەی دەوڵەت ونە."

فۆرمێکی نوێی فەرمانڕەوایەتی

یەکێک لەو ڕەخنانەی لە سیستەمی پاش دیکتاتۆرییەت دەگیرێت ئەوەیە کە بەڵێ گەلی عێراق لە دیکتاتۆریەتی تاکڕەو ڕزگارکرا، بەڵام چووە قۆناغێکی ترەوە کە بە دیکتاتۆریەتی زۆرینە ناودێر دەکرێت.
دکتۆر سەیف ئەلسەعدی، لەوبڕوایەدایە لە پاش ساڵی 2005ەوە تەنها وەک شێوازێک دیموکراتی ناسرا بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هیچ ئاشنایەتییەک نەبووە، ئەوەی لە عێراق هەیە سیستەمێک نییە ناوی لێبنرێت سیستەمێکی دیموکراتی، بەڵکو زیاتر سیستەمێکی کلیپتۆکراتییە و ئایندەی ئەم جۆرە سیستەمەش هەر تەنها داڕمانە چونکە

ئەو توخمە سەرەکییەی لەسەر بونیاتنراوە، بریتییە لە گەندەڵی."

دکتۆر ئەلسەعدی ئاماژەش بەوە دەکات ئەو قۆناغانەی لە ساڵی 2003وە ڕێبەرانی عێراق پیایدا تێپەڕیون بۆتە مایەی شێواندنی دیموکراتی لە وڵاتەکەدا هەربۆیەشە داوایەک لە ئەمەریکا دەکات و دەڵێت "پێویستە ئەمەریکا پێداچوونەوەیەک بەم سیستەمی دیموکراتییەدا بکاتەوە کە لە عێراق دایناوە و ئەمەش هەر تەنها لە ئەستۆی ئەمەریکا نییە بەڵکو پێویستە کۆمەڵگەی عێراقییش هەمان ئەو پێداچوونەوەیە بکات چەنکە پێویستە پەیماننامەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی هەیە بۆ جێگیرکردنی پرەنسیپەکانی دیموکراتییەکی ڕاستەقینە."

چەمکی هاوڵاتیبوون لە عێراقی نوێدا

بەر لە ساڵی 2003، گەلی عێراق و لایەنەکانی ئۆپزسیۆنی ئەوسا و فەرمانڕەوایانی ئێستا باسیان لە عێراقێکی نوێ دەکرد، عێراقێک کە مافی هاووڵاتیانی تیادا پارێزراوبێت و دەوڵەتیش لەسەر بنەمای چەمکی هاووڵاتیبوون پێکبهێنرێت.

پێکهێنانی حکومەتە یەک بە دوا یەکەکانی عێراق لە ساڵی 2005ەوە زیاتر لەسەر بنچینەی دابەشبوونی تایفەیی و نەژادییە و هەر لە هەمان ساڵیشەوە دەروازەکانی عێراق کرانەوە بۆ دەستێوەردانی زیاتری وڵاتان لە کاروباری عێراقدا.

ڕەسول ئەلشویلی دەڵێت " یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی لاوازیی دەوڵەت لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ بەش بەشێنەی سیاسی نێوان لایەنەکان و گەروەهاش ئەو دەستێوەردانە دەرەکییانەی لە ئاکامی ئەو بەش بەشێنانە دروست بوون. پێشێلکارییەکی زۆری سەروەرییەکانی عێراق دەکرێت بەڵام بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەیەکی ڕاستەقینە نابینرێت. عێراق بە هیچ شێوەیەک سود نابینێت لەم سیاسەتی بەش بەشێنەیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاشەکشەکردنی وڵاتەکە لە هەموو ڕوویەکەوە."

دکتۆر سەیف ڕایەکی تریشی هەیە و دەڵێت "سەپاندنی ناسنامەیەک لەناو هەموو ناسنامەکانی تردا، ڕێک پێچەوانەی پرەنسیپەکانی دیموکراتییە چونکە سیستەمی دیموکراتی لەگەڵ چەمکی دەوڵەتی هاووڵاتی و دانپێدانانی هەموو ناسنامەکان و دانپێدانانی هەموو ئازادییەکانە. ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە کاراکردنی یاسای دادوەریی کۆمەڵایەتییە نەک یاسای دادوەریی تۆڵەکردنەوە؛ ڕاستە لە دوای 2003وە باس لە دیموکراتی دەکرێت بەڵام ناکرێت نکوڵی لەو ڕاستیەش بکرێت کە ئەو دیموکارتییە بە خواست بۆ تۆڵەکردنەوە داپۆشراوە، نابێت هێزی چەکی نایاسایی زاڵ بێت بەسەر دەوڵەتدا، بەڵکو دەبێت دەوڵەت ئەو چەترە بێت هەموو ناسنامەکان لەژێر خۆیدا کۆبکاتەوە.

بەرپرسیارێتی عێراقییەکان

لە ساڵی 2003 بەدواوە، هەرچ شتێکی نەخوازراو لە عێراقدا ڕوویدابێت، بەشێکی زۆری سەرکردە عێراقییەکان لۆمەی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیان کردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژەیەک بکرێت بە بەرپرسیارێتی گەورە کاربەدەستانی عێراق لەو ڕووداوە نەخوازراوانەدا.

بەڕێز ئەلشویلی، لەوبڕوایەدایە لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەت وەهایان کردووە، زۆرێک لە ڕێبەرانی عێراق خۆیان دوربخەنەوە لە بەرپرسیارێتی کێشە و قەیرانەکان و لۆمەی لایەنی تر و دەڵێت " کاتێک زۆربەی ڕێبەرانی ئەم وڵاتە تەنها لە میدیاکانەوە بڕوایان بە چەمکی هاووڵاتیبوون هەیە و لە بڕیار و ئەرکی ڕۆژانەیاندا هیچ ڕەنگدانەوەیەکی ئەو بابەتە نابینیت، لە غیابی بەرنامەیەکی فرە لایەنی نیشتمانیدا، کاتێک توانایی لێپێچینەوە نابینیت لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئیتر چاوەڕوان ناکرێت کەس بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت."

عێراق لە ساڵی 2003دا لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریانە ڕزگاری بوو پاش هێرشی لەشکریی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆسەر ڕژێمەکەی سەدام حوسەین.

XS
SM
MD
LG