Accessibility links

پاسەوانانی سنووری ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژدا چەندین کۆڵبەر دەکوژن و بریندار دەکەن


لە بەردەوامی هێرشەکانی هێزەکانی پاسەوانی سنووری و پۆلیسی ئێران بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەر دەکوژرێن و چەند کۆڵبەرێکیش بە قورسی بریندار دەبن.

لە دوایین حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەراندا، ڕۆژی پێنجشەممە، 14ی مانگی سێ، کۆڵبەرێک بە ناوی عەتا حسێنی کە پێشتر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار کرابوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و هەروەها ڕۆژی چوارشەممەش تەرمی کۆلبەرێکی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوی محەممەد گەنجە کە لە ناوچەی سنوورییەکانی ئەو شارە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرابوو، لە لایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە کە عەتا حسێنی، تەمەن 32 ساڵ، باوکی منداڵێکە و خەڵکی گوندێکی شاری پاوەیە و بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود بریندار بووە و لە ئەنجامدا لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان بە هۆی قورسی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو ڕێکخراوەیە سەبارەت بە کۆڵبەرە کۆژراوەکەی دیکە نووسیوێتی محەممەد گەنجە، تەمەن 35 ساڵ باوکی منداڵێک بووە و ڕۆژی دووشەممە 11ی مانگی سێ لە کاتی کۆڵبەریکردندا تەقەی لێدەکرێت و بێسەروشوێن دەبێت و دوای دوو ڕۆژ گەڕان و پشکنینی خەڵکی ناوچەکە، تەرمی ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە لەم ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

هەرلەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە چوار کۆڵبەر بەناوەکانی ئالان محەمەدی خەڵکی مەریوان، کۆسار ئەحمەدی و کەیهان ئەحمەدی خەڵکی سنە و سەعدی حوسێنی خەڵکی بانە لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، نەوسوود و بانە بە تەقەی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە قورسی برینداربوون.

هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆڵبەر نیوز کە هەواڵی کۆڵبەران ڕۆماڵ دەکات، لە یەکی مانگی سێ تاکو14ی مانگی سێی ئەمساڵ لانیکەم 5 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورەکانی شارەکانی کوردستان کوژراون و 43 کۆڵبەری دیکەش بە قورسی بریندار بوون.

ئەو ئاژانسە پێشتر لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاویکردبووە کە لە ساڵی 2023 دا، 32 کۆڵبەر کۆژراون و 267 کۆڵبەریش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG