Accessibility links

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە ساڵی 2023دا 2353 کەس لە ئێران دەستبەسەر کراون


بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی 2023دا 2353 کەس لە ئێران دەستبەسەر کراون کە ڕێکخراوەکە توانیویەتی ناسنامەی هەموویان ئاشکرا بکات. بەپێی ئامارەکە 216کەس تەمەنیان لەخوار هەژدە ساڵەوەیە و 325 ژنیش لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندان.

588 کەس خەڵکی ناوچەکانی سیستان و بەلووچیستانن و لە سەدا %44 ی دەستبەسەرکراوانیش کوردن.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە 207 چالاکوانی ئایینی، 45 خوێندکار، 65 مامۆستای قوتابخانەکان و زانکۆکان لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندان.

بە گوێرەی ئاماری ئەو ڕێکخراوە لە نێو دەستبەسەرکراوەکان دا 144منداڵی بەلووچ و 56 لە مندالانی کورد هەبوون. لانی کەم 16 منداڵیش لە شارەکانی دیکەی ئێران وەک تاران، مەشهەد و بوجنورد دەستبەسەرکراون.

ڕێکخراوەکە تیشک دەخاتە سەر کۆی گشتیی ئەو ژنانەی لە ساڵی 2023 لە لایەن ناوەندە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون، کە 92 کەسیان لە ژنانی کوردن و لانیکەم 52 ژنە چالاکوانیش بەهایی بوون.

هەروەها هەر لە نێو ئەو ژنانەی دەستبەسەرکراون 18 خوێندکاری کچ، 17 ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری ڕاگەیاندن، 10 هونەرمەند و ئەکتەر و 7 مامۆستا دەبینرێن.

ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە دەکات کە چالاکانی ئاینی لە بەهاییەوە بگرە تا دەگاتە یارسان، کریستان و ئەرمەنی 207 چالاک لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندان کە 55 چالاکوانیان ژنن. هەڵبەت زۆربەی ئەوانی دەستبەسەرکراون لە چالاکانی سوننی و بەڵووچ و عەرەب پێک دێن.

ئاماری خوێندکارانی دەستبەسەرکراو دەگاتە 45 کەس کە 22 کەسیان کورد بوون و زۆربەیان خوێندکاری ئوستانی کوردستانن، هەروەها ژمارەی مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانەکان دەگاتە 65 کەس.

XS
SM
MD
LG